ڤاکسینی فایزەر لەسەر خانمانی سکپڕیش تاقیکرایەوە

تەندروستی

20/02/2021‌ 282 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەگەڵ ئەوەی لەماوەی ڕابردودا داوکارییەکی زۆر هەبوو بۆئەوەی تاقیکردنەوە کلینیکییەکانی ڤاکسینەکانی کۆڕۆنا خانمانی سکپڕیش بگرێتەوە، بەڵام بەرهەمهێنەرانی ئەو ڤاکسینانە خۆیان لەو هەنگاوە بەدوردەگرت، بەڵام پێنجشەممەى ڕابردوو هەردوو کۆمپانیای فایزەرو بایۆنتیک ڕایانگەیاند، دەستیان بەلێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتیی لەسەر ٤٠٠٠ خۆبەخش کردوە بۆ هەڵسەنگاندنی کارایی‌و سەلامەتی ڤاکسینەکەیان لەسەر خانمانی سکپڕ.

پسپۆڕانی تەندروستیی ئاماژەیان بەوەکرد، خانمانی دووگیان زیاتر مەترسیی ئەوەیان هەیە لەکاتی توشبون بەڤایرۆسی کۆڕۆنا نیشانەی توندی نەخۆشییەکەیان لەسەر دەربکەوێت، لەبەرئەوە بەشێک لەبەرپرسانی تەندروستیی ڕێنمایی ئەو ئافرەتە دووگیانانەیان دەکرد کە لەبوارە مەترسیدارەکاندا کاردەکەن، بەوەی بێ بونی هیچ بەڵگەیەکی سەلامەتیی ڤاکسینەکان لەسەریان، هێشا پێویستە خۆیان بکوتن.

هەروەک هەفتەی ڕابردوو پەیمانگا نیشتیمانییە تەندروستییەکانی ئەمریکا داوایانکرد بەشێوەیەکی بەرفراوانتر خانمانی سکپڕو دایکانی شیردەر بخەنە ناو لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بەڤاکسینی دژ بەڤایرۆسی کۆڕۆنا.

ماوەی چەندین ساڵە زانایانی بواری ئاکاری پزیشکی‌و ڤاکسینەکان‌و پسپۆڕانی تەندروستیی دایک دەڵێن دەبێت هەر لەسەرەتاوە ژنانی دووگیان بەشداریی لەتاقیکردنەوە کلینیکییەکانی بەرهەمهێنانی ڤاکسینەکان بکەن، تاوەکو دوای بەرهەمهێنانیان ماوەیەکی زۆر چاوەڕێی ڤاکسینەکان نەکەن.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئافرەتانی دووگیان لەتاقیکردنەوە کلینیکییە گەورەکان کە بۆ بەدەستهێنانی مۆڵەتی بەکارهێنانی کتوپڕ بۆ ڤاکسین ئەنجامدەدران، دورخرانەوە، کە هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەندێک لەکۆمپانیاکانی بواری دەرمانسازیی ڕایانگەیاندوە، سەرەتاوە دەبێت دڵنیابن کە ئایا ڤاکسینەکان  بەگشتیی کاراو سەلامەتن.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی