پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزاریه‌كان له‌هه‌رێم ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه‌

کوردستان

23/02/2021‌ 756 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

له‌كۆبونه‌وه‌ى نێوان سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم‌و جێگره‌كه‌ى له‌گه‌ڵ پارێزگاره‌كانى هه‌رێمى كوردستان، بڕیاردرا به‌ته‌رخانكردنى بڕى نزیكه‌ى 350 ملیار دینار بۆ هه‌ر چوار پارێزگاكه‌ى هه‌رێم و سەرجەم پڕۆژە خزمەتگوزاریەکانیش دەستپێدەکەنەوە.


ئەمڕۆ سێشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم‌و قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت، لەگەڵ پارێزگارەکانی هەرێمی کوردستان کۆبونه‌وه‌.

له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌ له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا بڕیاردراوه‌ به‌ته‌رخانكردنى بڕى 349 ملیارو 702 ملیۆن دینار بۆ هه‌ر چوار پارێزگاكه‌ى هه‌رێمى كوردستان.

ئه‌وه‌ش ڕونكراوه‌ته‌وه‌، لەو کۆبونەوەیەدا گفتوگۆ دەربارەی کێشەو گرفتە کارگێڕیی‌و داراییەکانی پارێزگاکان‌و پلانی حکومەت بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بۆ ساڵی 2021 کراوه‌.

له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا بارزانى وتویه‌تى:"هەموو هەوڵێکمان خستوەتەگەڕ بۆ دابینکردنی موچه‌ كه‌ ئەرکى لەپێشینەی حکومەتە، لەگفتوگۆکانیشمان بەردەوامین لەگەڵ عێراق بۆ دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم لەهەمانکاتیشدا بەو داهاتەی بەردەستە، لەچوارچێوەی بودجەی هەرێم بۆ ساڵی 2021، درێژە بەئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاریی دەدرێت لەسەرجەم پارێزگاکانی هەرێم".

ئه‌و سێكته‌رانه‌ى حكومه‌ت گفتوگۆى له‌باره‌وه‌ كردون بریتین له‌سێکتەرەکانی (شارەوانی، کارەبا، تەندروستی، کشتوکاڵ، پەروەردەو ڕێگاوبان) بۆ ساڵی 2021 بەداهاتی بەردەستی حکومەتی هەرێم ئەنجامدەدرێن‌و کۆی گشتی گوژمەکەش بریتیه‌ له‌349 ملیارو 702 ملیۆن دینار.

هه‌روه‌ك بڕیاردراوه‌ پارێزگای سلێمانی بڕى 114 ملیارو 350 ملیۆن دینارو پارێزگای هەڵەبجەش 30 ملیار دینارو هەولێر 128 ملیارو 352 ملیۆن دینارو پارێزگای دهۆکیش 77 ملیار دیناریان بۆ ته‌رخانبكرێت.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، ته‌رخانكردنى پاره‌ بۆ سێكته‌ره‌ جیاوازه‌كان له‌هه‌رێمى كوردستان به‌هۆى قه‌یرانى شه‌ڕى داعش‌و دواتریش كۆرۆناوه‌ لە٢٠١٤وە پارەی بەکاربردن ڕاگیراوە.