شارپرێس:
هەواڵگری ئەمریکا بەشێک لەنهێنییەکانی تایبەت بە(دەفرە فڕیوەکان) ئاشکرادەکات‌و ڕۆژنامه‌یه‌كى به‌ریتانیش ئاماژه به‌ڕاپۆرتێكى هه‌واڵگرى ئه‌مریكا ده‌كات‌و ورده‌كاریی زیاتر له‌وباره‌یه‌وه ده‌خاته‌ڕوو.
ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاویكردۆته‌وه، وابڕیارە لەمانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا، ئاژانسی هەواڵگری ئەمریکا ڕاپۆرتێکی تێروته‌سه‌ل بڵاوبکاتەوە کە بەپێی ئەوە بۆیەکەمجار کۆمەڵێک نهێنیی لەسەر دەفرە فڕیوەکان ئاشکرادەکات.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، جۆن ڕاتکڵیف بەڕێوەبەری پێشوی ئاژانسی هەواڵگری ئەمریکی بەتۆڕی "فۆکس نیوز"ی ئەمریکی وتوە، ژمارەی ئەو دەفرە فڕیوانەی فڕۆکەوانە سەربازییەکان‌و مانگە دەستکردەکان بینیویانن زۆر لەوە زیاترە کە ئاشکراکراون.
وتوشیه‌تى:"لەڕاپۆرتەکەی حکومەت کۆمەڵێک زانیاریی تێدایە کەپێشتر بۆسەرتاسەری جیهان زانراو نەبون".
لەوەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەکەدا کە ئایا ناوەڕۆکی زانیارییەکان باس لەچی دەکات، ڕاتکڵیف دەڵێت:"لەڕاپۆرتەکەدا پەردە لەسەرکۆمەڵێک نهێنیی لادەدرێت کە فڕۆکەوانەکانمان بینیویانن یان مانگە دەستکردەکان گرتویانن، دیاردەگەلێکن شرۆڤەکردنیان قورسە، وەک جوڵەو شکڵ‌و شێوەیان‌و لێکدانەوەیان زەحمەتە، ئێستاش تەکەنەلۆژیای لەو جۆرەمان لەبەردەستدا نییە، بۆ نمونە فڕین لەسەروو دەنگەوە بێئەوەی هیچ جۆرە دەنگێک دەربکات".
ڕاتکڵیف جەختیکردۆتەوە، "دەبێت ئەو ڕاپۆرتە بەوردی شیکردنەوە بۆ دیاردەی دەفرە فڕیوەکان بکات‌و ئەو زانیاریانەی لەلایەن نوسینگەی هەواڵگری سەربازیی‌و نوسینگەی لێکۆڵینەوە فیدراڵییەکانەوە کۆکراونەتەوە باسبکات‌و بیخاتە بەردەمی گەلی ئەمریکی".
سەبارەت بەو پرسیارەش کە دەڵێت دەفرە فڕیوەکان زیاتر لەکوێ بینراون، ڕاتکڵیف وتویەتی:"لەڕاستیدا لەهەموو ناوچەکانی جیهان بینراون".
ساڵى 2006ش به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كه‌شناسی‌و بومه‌له‌رزه‌زانیی هه‌رێم چه‌ند وێنه‌یه‌كی ده‌گمه‌نی ئاسمانی هه‌رێمی كوردستانی بڵاوكرده‌وه كه له‌وكاته‌دا چه‌ند هه‌ورێك له‌شێوه‌ی ده‌فره فڕیوه‌كان له‌ئاسمان ده‌ركه‌وتون.