ئۆرشەلیم پۆست شیکردنەوەی بۆکردوە..هیچ نزیکبونەوەیەک لەنێوان تورکیاو ئیسرائیل ڕویداوە؟

مەلەفی تایبەت

05/04/2021‌ 1451 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژنامەی "ئۆرشەلیم پۆست"ی ئیسرائیلی راپۆرتێکی شیکاریی لەبارەی بانگەشەی میدیاکانی تورکیا بۆ  نزیکبوونەوەی ئەنكەرەو تەلئەبیب‌و ئەگەری کردنەوەی باڵیۆزخانەکان بڵاوکردۆتەوە، هەروەک داواشیکردووە، پێویستە ئیسرائیل بەهۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ تورکیادا بکات.


ئۆرشەلیم پۆست دەڵێت:"تورکیا لەڕێگای بڵاوکردنەوەی چەند بابەتێک لەدەزگاکانی ڕاگەیاندنی تورکیاو ئیسرائیل بانگەشەی ئەوەدەکات کە ئەنكەرەو تەلئەبیب بەرەو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان‌و کردنەوەی باڵیۆزخانەکانیان هەنگاو دەنێن، بەڵام بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ڕەتیکردۆتەوە تورکیا داوای لەئیسرائیل کردبێت باڵیۆزەکانیان ئاڵوگۆڕ پێبکەن".

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوە جاری یەکەم نییە تورکیا لەژێر سایەی دەسەڵاتی پارتی دادو گەشەپێداندا بانگەشەی لەوجۆرە بڵاودەکاتەوە، بەشێوەیەک لەبەهاری ساڵی 2020و کاتێک وڵاتانی (فەڕەنسا، یۆنان، میسر، قوبرس‌و ئیمارات) سەرۆکۆنەی هەڕەشەکانی تورکیایان لەڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا دەکرد، تورکیا بڵاویکردەوە کە دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوەو لەگەڵ ئەو وڵاتەدا ئاشت بێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانجی تورکیا ئەوکات لەبڵاوکردنەوەی ئەو دەنگۆیانە بۆئەوەبوو ڕێگە لەواژۆکردنی گرێبەستی نێوان ئیسرائیل‌و یۆنان‌و قوبرس بگرێت بۆ ڕاکێشانی هێڵێکی گواستنەوەی غاز بەدەریای ناوەڕاست‌و ڕێگریکردن لەئیسرائیل بۆ نەچوونەپاڵ کۆڕبەندی گازی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست.

ڕۆژنامەکە ئەوەشی بەبیرهێناوەتەوە کە لەدوای دۆڕاندنی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرامبەر بەجۆ بایدن، جارێکی تر تورکیا بڵاویکردەوە کە دەیەوێت لەگەڵ ئیسرائیل پەیوەندییەکانی ئاساییبکاتەوە.

لەبەشێکی تری ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، تورکیا ئیدارەی تره‌مپی بەکارهێناوە بۆ هەڕەشەکردن لەهاوپەیمانانی ناتۆ، هەراسانکردنی فەرەنساو ناردنی بەکرێگیراوان بۆ لیبیاو سوریا، کەچی لەپاش دۆڕاندنەکەی تره‌مپ، تورکیا بڕیاریدا کە تاکە ڕێگا بۆ لاوازکردنی هاوپەیمانی دەرکەوتووی نێوان ئیسرائیل، یۆنان، ئیمارات‌و میسر هەوڵدان بوو بۆ ئەوەی ئیسرائیل لەدۆستە نوێیەکانی دووربخاتەوە.

پرسیاری ئەوەشیکردووە، چۆن دەکرێت دەوڵەتێک بانگەشەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا بکات، کەچی لەلایەکی ترەوە هەوڵی گۆشەگیرکردنی ئیسرائیل بدات‌و کار لەسەر تێکدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیمارات‌و یۆنان‌و قوبرسدا بکات.

رۆژنامەکە جەختیکردۆتەوە، لەبەر ئەم هۆکارانە دەبێت ئیسرائیل بەهۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو ڕاپۆرتانەدا بکات کە لەبەرزترین ئاستی دەسەڵاتی تورکیا ڕەوانەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکرێن‌و باس لەئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل‌و تورکیا دەکەن، باسی لەوەشکردووە، یەکێک لەئامانجە سەرەکییەکانی تورکیا لەدەیەی ڕابردوودا بریتیبووە لەگۆشەگیرکردن‌و دوژمنایەتیکردنی دەوڵەتی ئیسرائیل.

لەوچوارچێوەیەدا ڕۆژنامەکە باسی لەوەکردووە، لەکاتێکدا وڵاتانی کەنداو کار لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیلدا دەکەن، کەچی تورکیا لەپاڵ ئێراندا ڕابەرایەتیی بەرەی دوژمنایەتی ئیسرائیل دەکات، تەنانەت ئەردۆغان چەندینجار دەوڵەتی جولەکەی بەئەلمانیای نازی چواندووە.

بۆ باشکردنی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیاو ئیسرائیل، ئۆرشەلیم پۆست ئاماژەی بەوەکردووە، دەبێت سەرەتا ئەردۆغان دەستبەرداری ئەوەبێت کە ئیسرائیل بەدەوڵەتی ئەڵمانیای نازیی وەسفبکات، جگەلەوەی دەبێت ئەنكەرە ئەندامی بزووتنەوەی حەمماس لەوڵاتەکەی دەربکات‌و هاوکاریکردنی گرووپە توندڕەوە نەیارەکانی ئیسرائیل ڕابگرێت، جا ئەو گرووپانە لەئێران بن یان لەکەرتی غەززە.

وەک نموونەیەک بۆ پراگماتییەتی تورکیا لەپەیوەندییەکاندا، ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، تورکیا پێیباشە لەدۆسیەی سوریادا لەگەڵ ئێران‌و ڕووسیا کاربکات لەجیاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لەکاتێکدا دەزگاکانی ڕاگەیاندنی تورکیا جارجارە باس لەوەدەکەن کە تورکیا ئامادەیە دژ بەئێران هاوکاری ئیسرائیل بکات.

ئامادەکارانی ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکە جەخت لەوەدەکەنەوە، تورکیا هیچ شتێک بۆ ئیسرائیل ناکات، بەڵکو بەپێچەوانەوە ئەنكەرە دەیەوێت ئیسرائیلییەکان لێیان بپاڕێنەوەو بەسەرشۆڕییەوە بێنە ئەنكەرە، لەکاتێکدا بەگەرمییەوە پێشوازی لەئەندامانی حەمماس دەکات‌و فەڕشی سوور بۆ سەرکردەکانیان ڕادەخات، هەروەک چۆن هەڕەشە لەوڵاتانی عەرەبیی کەنداو دەکات بەوەی نابێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکەنەوەو دەیەوێت دۆستایەتیی ئیسرائیل لەگەڵ یۆنان‌و قوبرس لەباربەرێت.

لەکۆتاییدا ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست ئاماژەی بەوەکردووە، ئیسرائیل دۆستگەلێکی لەکەنداو هەیە کە سیمبوڵی هاوپەیمانی ڕاستەقینەن، بەشێوەیەک باڵیۆزخانەکایان لەئیسرائیل دەکەنەوە‌و کار لەسەر لێبووردەیی‌و ڕێزگرتنی ئایینەکان دەکەن دەکرێت تورکیا لەو ڕووەوە لێیانەوە فێربێت.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی