شارپرێس:
بەگوێرەی راپۆرتێکی ڕوانگەی سوریی بۆ مافەکانی مرۆڤ،
لەبەرانبەر گرژییەکانی شاری قامیشلۆ لەنێوان هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان و
میلیشیای بەرگری نیشتیمانیی، رژێمی دیمەشق دەستیکردووە بە تەنگهەڵچنین بە کوردانی
گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی ناو شاری حەلەب و کوردانی ناوچەی شەهبا لە
گوندەواری حەلەب کە زۆرینەیان کوردانی ئاوارەی ناوچەی عەفرینن.
ڕوانگەکە بەپشتبەستن بەسەرچاوە تایبەتییەکانی باسی
لەوەکردووە کە ڕژێمی سوریا خۆی ئامادە دەکات بۆئەوەی گەمارۆ بەسەر ناوچەی شەهبادا
بسەپێنێت، بۆئەوەش ئەو ڕێگایەیان پچڕاندووە کە شاری حەلەب بە ناوچەی شەهبا
دەبەستێتەوە، هەروەک ڕێگریشیان کردووە لەوەی خواردن و سووتەمەنی بەرەو ئەو ناوچانە
بنردرێت.
باس لەوەشکراوە کە هێزەکانی ڕژێم دەروازەی جەزیرەیان
لەناو شاری حەلەب بەرانبەر بە دانیشتووانی گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود
داخستووە کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردن، جگە لەوەی تیمی گەڕۆکی ئەمنییان بەناو
گەڕەکەکاندا بڵاوکردۆتەوە و لێپێچینەوەیان لە هاوڵاتییە کوردەکانی کردووە و بەسەر
ماڵانیانداداوە و پرۆسەی گەڕان و پشکنینیان ئەنجامداوە.
دوای
ئەوەی شەوى سێشەممەی رابردوو، هێزێکی سەر بە میلیشیای بەرگرى نیشتیمانى سەر بە
رژێمی دیمەشق بەهۆی دەستگیرکردنی چەند ئەندامێکیانەوە، هێرشیانکردە سەر خاڵێکى پشکنینی
سەر بە هێزەکانى ئاسایشى کوردستان لە گەڕەکی تەی و بەهۆیەوە رۆژئاوای ئەندامێکى هێزەکانى ئاسایش گیانی
لەدەستدا، گرژی و ئاڵۆزیی لەو شارە درووست بووە.
هەرچەندە
بەنێوەندگیری رووسەکان چەند جارێک ئاگربەست لەنێوان ئەو دوولایەنەدا راگەیاندراوە،
بەڵام بەهۆی پابەندنەبوونی میلیشیاکانی سەر بە رژێمی سوریا، تائێستا ناوبەناو شەر
و پێکدادان لەشارەکەدا سەرهەڵدەداتەوە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی