سعودیە بایکۆت دەکات‌و تورکیاش هاوردەی کاڵای سعودیی بەرزدەکاتەوە

جیهان

05/05/2021‌ 1313 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سه‌ربارى بڕیارى سعودیه‌ بۆ بایكۆتكردنى كاڵا توركیه‌كان، به‌ڵام حكومه‌تى ئه‌نكه‌ره‌ نه‌وه‌ستاوه‌و هاوردەکردنی کاڵای سعودیی بەرزکردۆتەوە کە لەمانگی ئازاردا گەیشتۆتە 284 ملیۆن دۆلار.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "سۆزجو"ی تورکی، لەکاتێکدا سعوودییەکان بڕیاری بایکۆتکردنی کڕینی کاڵاو شمەکی تورکیانداوە، کە ئەمەش کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر هەناردەی ئەو وڵاتە بۆ سعوودییە هەبووە، بەشێوەیەک لەمانگی نیساندا سعودییە تەنها بەبەهای 11 ملیۆن دۆلار کاڵای لەتورکیا هاوردەکردووە، لەبەرامبەردا تورکیا هاوردەکردنی کاڵای سعوودیی بەرزکردۆتەوە به‌شێوه‌یه‌ك ته‌نها له‌مانگى سێدا گەیشتۆتە 284 ملیۆن دۆلار.

ڕۆژنامە تورکییەکە باسی لەوەکردووە، لەمانگی مارسدا هاوردەکردنی کاڵاو شمەکی سعودیی لەلایەن تورکیاوە گەیشتۆتە ئاستێکی پێوانەیی کە 284.3 ملیۆن دۆلار بووە، لەکاتێکدا لەمانگی نیساندا هاوردەکردنی کاڵای تورکی لەلایەن سعوودییەوە بەشێوەیەک دابەزیوە کە لەهەشتاکانی سەدەی رابردووەوە بەو شێوەیە نەبووە کە ئەویش تەنها 11 ملیۆن دۆلار بووە.

هەروەک بەگوێرەی داتاکانی کۆمەڵەی هەناردەکارانی تورک، هەناردەی تورکیا بۆ سعودییە لە201 ملیۆن دۆلارەوە بۆ 11 ملیۆن دۆلار دابەزیوە، بەراورد بەهەمان مانگی ساڵی ڕابردوو لە 94.4% دابەزیوە.

باس لەوەشکراوە، لەماوەی مانگی یەکی ئەمساڵ بۆ مانگی نیسان، تێکڕای هەناردەی تورکیا بۆ شانشینی سعودییە لەملیارێک‌و 12 ملیۆن دۆلارەوە بۆ 67 ملیۆن دۆلار دابەزیوە، بەراورد بەهەمان ماوەی ساڵی ڕابردووش بەڕێژەی لە93.3% کەمیکردووە.

چاودێران پێیانوایە، هۆکاری هەڵکشانی هەناردەی سعودییە بۆ تورکیا بۆ بەرزبوونەوەی جیهانیی نرخی بەرهەمە پەترۆکیمیاوییەکان دەگەڕێتەوە کە تورکیا بەڕێژەیەکی زۆر ئەو بەرهەمە لە سعوودییەوە هاوردە دەکات.

بەپێی داتاکانی پەیمانگای ئاماری تورکی، لەسێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ بەراورد بەهەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو، هاوردەکردنی کاڵای سعوودیی بەڕێژەی لە35% هەڵکشاوەو لە441 ملیۆن دۆلارەوە بۆ 598 ملیۆن دۆلار زیادیکردووە.

و: ئاکۆ ئاڵی