ڕوسیا نیگەرانی خۆی لەزیادبونی هێزەکانى ئەمریکا لەڕۆژئاوای کوردستان ڕادەگەیەنێت

کوردستان

08/05/2021‌ 1623 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی بەرگری ڕوسیا بەفەرمی نیگەرانی خۆی بەرامبەر بەگواستنەوەی چەک‌و کەلوپەلی سەربازیی لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بەداعش بەسەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاند.


بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی "ئینتەرفاکس"ی ڕووسیی، ئەدمیراڵ ئەلێکساندەر کاربۆڤ جێگری ناوەندی ئاشتەوایی ڕووسیی لەسوریا لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، "مۆڵدانی هێزێکی زۆری سەربازیی لەناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کە هاوکاتە لەگەڵ دۆخی نائاسایی ئابووریی‌و کۆمەڵایەتیی سوریا کە بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە درووستبووە، زیانێکی گەورە بەهەوڵەکانی چارەسەرکردنی ئاشتیانەی پرسی سوریا دەگەیەنێت".

کاربۆڤ باسی لەوەشکردووە، سوریا دەتوانێت خۆی مامەڵە لەگەڵ شانە نووستووەکانی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکاندا بکات، بۆیە هیچ پاساوێک بۆمانەوەی هێزی سەربازیی وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بەداعش نییەو ئەوە دژ بەیاسا نێودەوڵەتییەکانە.

لێدوانی ئەو بەرپرسەی ڕووسیا دوای ئەوەدێت کە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، ڕووسیای تۆمەتبارکرد بەوەی، ڕێککەوتنی تایبەت بەڕێگری لەدروستبوونی بەیەکدادانی سەربازیی لەنێوان هێزە سەربازییەکانی ئەو دوو وڵاتەی لەسوریا پێشێلکردووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی پنتاگۆن، پرۆسە سەربازییەکانی ڕژێمی سوریاو میلیشیا چەکدارییەکانی سەر بەئێران دژ بەداعش، ئاستەنگیان بۆ چالاکییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی‌و هێزەکانی سوریای دیموکرات درووستکردوە.

هێزەکانی ئەمریکا لەژمارەیەک پێگەی سەربازی لەڕۆژئاوای کوردستان‌و سوریا جێگیرن کە لەگرنگترینیان لەنزیک کێڵگە نەوتییەکانی ئەلعومەر‌و کارگەی غازی کۆنیکو لەپارێزگای دێرەزورو کێڵگەی نەوتیی ڕمێلان لەحەسەکەو بنکەی سەربازیی "تەنەف" لەسێگۆشەی سنووری سوریا لەگەڵ ئوردن‌و عێراق.