ئەردۆغان لەپێناو جیهانى عه‌ره‌بى دەستبەرداری ئیخوان موسليمين دەبێت؟

مەلەفی تایبەت

08/05/2021‌ 1397 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئاژانسی "بلومبێرگ"ی ئه‌مریكی بابەتێکی شرۆڤەکاریی سەبارەت بەهەنگاوەکانی تورکیا بۆ باشکردنی پەیوەندییە هەرێمایەتییەکانی لەگەڵ جیهانیی عەرەبیی بڵاوکردۆتەوە، بەتایبەت لەڕێگای هەوڵەکانی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ میسرو هەریەک لەوڵاتانی تری وەک سعودییەو ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو.


پرسیاری ئەوەشیکردووە، ئایا ئەنكەرە لەپێناو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتانە ئامادەیە قوربانی بەکۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین بدات‌و دەستبەرداریان بێت؟

لەبەشێکی بابەتەکەدا ئاماژە بەگفتوگۆکانی ڕۆژانی (5 و 6)ى ئەم مانگەی نێوان شاندی تورکیاو میسر بۆ باشکردنەوەی پەیوەندییە گرژەکانی ئەو دوو وڵاتە کردووە.

ئاژانسەکە باسی لەوەکردووە، سەردانی مەولوود چاوش ئۆغڵوی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ میسر یەکەم سەردانی بەرپرسێکی باڵای تورکیایە بۆ میسر لەدوای کوژرانی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسی سعوودیی لەقونسوڵخانەی سعوودییە لەئیستانبوڵ، هەروەک چۆن ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا لەپێناو باشکردنی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ شاسەلمانی پاشای سعوودییە ئەنجامداوە.

لەبابەتە شرۆڤەکارییەکەدا هاتووە، "تورکیا مەبەستییەتی گرژییەکانی لیبیاو سوریا خاوتر بکاتەوەو ئەو ئاڵۆزیانە نەهێڵێت کە ئاستەنگ بۆ بازرگانییەکەی لەناوچەکەو دۆزینەوەی وزە لەلایەن ئەو وڵاتەوە درووستدەکەن، هەرلەبەرئەوە هەوڵدەدات جارێکی تر پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ میسرو سعودییەو ئیمارات ئاسایی بکاتەوە، ئەوەش هەمووی لەدوای گرتنەدەستی سەرۆکایەتیی ئه‌مریكا لەلایەن جۆ بایدنی کاندیدی دیموکراتەکانەوە دێت".

ئاژانسەکە بڕوای وایە، تورکیا لەپاڵ کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمیندا دەوەستێت کە لەلایەن ژمارەیەک لەوڵاتانی عەرەبییەوە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی پۆڵێنکراوە، ئەوەشی وتووە، هێشتا ڕوون نییە کە ئایا تورکیا ئامادەیە لەپێناو باشکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ جیهانیی عەرەبیی، ئایا دەستبەرداری ئەو کۆمەڵەیە دەبێت یان نا.

و: ئاکۆ ئاڵی