چەند لەبەڵێنەکانی پێشوو جێبەجێکران؟
كارنامه‌ى لیسته‌كانى پارتی‌و یەکێتی‌و گۆڕان

کوردستان

09/05/2021‌ 1072 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

تەنها پێنج مانگ ماوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق....
بە پێی یاسا چوار مانگی تر، واتە مانگێک پێش وادەی هەڵبژاردن بانگەشەی هێزە سیاسەیکان و کاندیدەکان دەست پێدەکات...

بانگەشەی هەڵبژاردن هەمیشە لای هێزە سیاسیەکانی کورد سیمایەکی جیاوازی هەبوە، هەندێک کات شەر و کوشتن و هێرشی چەکداریی و زۆر جاریش جنێو و تۆمەتی کەسی و ناڕەوای بۆ یەکتر بە خۆوە بینیوە.

بە خوێندنەوەی دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان بانگەشەیەكی توند بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەبەردەممانە.

ئێستا لایەنە سیاسییەکان سەرقاڵی داڕشتنی کارنامەی لیستەكانیانن كە بەشێكە لە ململانێی بانگەشەی هەڵبژاردنی داهاتوو.

بەشێکی زۆر لە هاولاتیان و چاودێران پێیان وایە هێزە سیاسیەکان هیچ کەرەستیەکی بڕوا پێکەر و بەهێزیان بە دەستەوە نییە بۆ ئەوەی بڕوابە دەنگدەران ببهێنن بەدەم بانگەشەکانیانەوە بچن، چونکە دەڵێن بەڵێنە بریقەدارەكانی چوار ساڵى رابردوو چی لێ سەوز بوو؟ تا ئومێدێك هەبێت بۆ جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنانەی كە لە داهاتوو بە خەڵکى دەدەن.

بەپێی ئامارەكانی نوسینگەی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە هەرێم 146 كاندید لە لە هەریم ململانێ لەسەر کورسیەکانی پشکی کورد دەکەن..

لە ئێستادا حزبەكان لە هەوڵی ئەوەدان هەموو ئامرازێک بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بخەنەگەڕ، لەپێناو مسۆگەرکردنی دەنگێکی زیاترو بەدەستهێنانی کورسیەكی زیاتر لە پەرلەمانی عێراق.

بەڵێنی گەورە و خەیاڵی جارێکى تر پۆستەرو دروشمەکان، شەقام و سەر شاشەکان دادەپۆشن، لەکاتێکدا خۆشیان لەوە دڵنیان کە کارێکى ئاسان نییە ئەگەر مەحاڵیش نەبێت.

ئەم بەڵێنە گەورەو خەیاڵیانە بەشێک بوون لەکارنامەی حزبەکانى هەرێم لە رابردوودا، بەڵام هیچ کام لەو دروشم و بەڵێنانە نەهاتنە دی و خەڵکى لە چاوەڕوانیدا هێڵرانەوە.

شارپرێس وەك بیر هێنانەوەیەك بەرنامەی كاری هەریەك لە لیستەكانی پارتی و یەكێتی و گۆڕانی لەم راپۆرتەدا بە نمونە هێناوەتەوە، مایەی سەرسوڕمان نییە كاتێك گوێت لە دروشم و بەڵێن و ئەو دێڕە ئاڵتونیانە دەبێت كە بەرنامەی كاری لیستەكانی پێنوسراوەتەوە، بەڵام ئەوە واقیعی ژیانی هاوڵاتیان و بارودۆخی ئابوری سیاسی ناوچەكەیە کە دەبینرێت.

لە بەرنامەی كاری لیستی پارتی دیموكراتی كوردستاندا بۆ هەڵبژاردنی ساڵی 2018ی پەرلەمانی عێراق هاتووە:
 کار دەکەین بۆ بەهێزكردنی پێگەی كورد لە عێراق و دەرەوەی وڵات، هەروەها كۆتایهێنان بەو ستەمەی لە گەلی كوردستان دەكرێ لە بواری شایستە داراییەكان.

جێبەجێكردنی مادەی 140 خاڵی سەرەكی كارنامەی لیستی پارتی بوو، لەگەڵ كۆتایهێنان بە رەوشی خراپی كەركوك و قەرەبوكردنەوەی زیانلێكەوتوانی رووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەر.

كۆتایهێنان بە گوشاری سەر هاوڵاتیان بە ئامانجی كۆچكردن بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە دابڕێنراوەكان و ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دانیشتوانی عێراق و دانپێدا نان بە پێشمەرگە و دابینكردنی ماف و پێداویستییەكانی، ئەمانە بەشێكی تربوون لەو دروشمانەی كارنامەی لیستی پارتی و بە درێژایی ماوەی بانگەشە لە كەناڵەكانی خۆیەوە بە گوێی خەڵكیدا دەدا.

دروشم و بەڵێنە گەورەكانی لیستی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی عێراق هیچی كەمتر نەبوو لە بەڵێنەكانی پارتی.

پتەوكردنی پرەنسیپەكانی سیستمی فیدراڵی و چەسپاندنی تەوافق و هاوسەنگی و شەراكەتی راستەقینە، جێبەجێكردنی مادەی 140 و بەڕێوەبەردنی ناوچە دابڕێنراوەكان بە هاوبەشی، بە دامەزراوەییكردنی هێزەكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی، بەشێك بوون لەو بەڵێنانەی لیستی گۆڕان لە رێگەی كارنامەكەیەوە بەخەڵكی دەدا.

لیستی گۆڕان لە كارنامەكەیدا بە ناوخۆی عێراقەوە نەوەستا، بەڵكو بەڵێنی گێڕانەوەی ئەو پارانەی دەدا كە بە نایاسایی براونەتە دەرەوەی عێراق، هەروەها بەڵێنی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتیی و قەرەبوكردنەوەی زیانلێكەوتوانی ئەنفال و شەڕی داعش، دەركردنی یاسای نەوت و غاز و سەرچاوە سروشتیەكان و فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە.

لیستی یەكێتی لە كارنامەكەیدا بۆ هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی عێراق، جەختیدەكردەوە لە كاركردن بۆ گێڕانەی پشكی لەسەدا 17ی هەرێم لە بودجەی عێراق و زامنكردنی موچەیەكی شایستە بۆ هێزی پێشمەرگە و داكۆكیكردن تا چەك و تفاقی پێشمەرگە وەك وەزارەتی بەرگری عێراقی لێبكرێت.

كاركردن بۆ گێرانەوەی شەرعیەت بۆ ناوچە دابڕێنراوەكان و گەڕانەوەی پێشمەرگە و ئاسایش بۆ ئەو ناوچانە و بەدەستهێنانی ئابوری بەهێز بۆ هەرێمی كوردستان لە رێگەی كشتوكاڵەوە، لەگەڵ دابینكردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ كەس و كاری شەهیدان و منداڵانی بێسەرپەرشت و بێوەژنان، بەشێكی تربوون لەو بەڵێنانەی یەكێتی لە كارنامەی لیستەكەیدا بە خەڵكی دەدا.
ئەمانە بەشێکی کەم بوون لە کارنامەیەکی دور ودرێژی هێزە سیاسیەکان بۆ هەڵبژاردنی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق.
لەدوای هەموو هەڵبژاردنێكیش ئەوەی كاری لەسەر نەكرێت ئەو بەڵێنانەیە كە لە بانگەشەكانی هەڵبژاردندا بە هاوڵاتیان دراوە، یەكەم هەنگاوی حزبەكان لە دوای كۆتایی هاتنی هەڵبژاردن شەڕكردنە بۆ بەدەستهێنانی پۆست و وەرگرتنی بەشە كێكی دەسەڵات، رەنگە ئەوەی حزبەكان بیری لێنەكەنەوە ئەو بەڵێنانە بێت كە بە دەنگدەرانیان داوە.
گرنگترین بابەت بۆ هاوڵاتیان و دەنگدەران ئەوەیە كە ئەو بەڵێنانەی سێ ساڵ پێش ئێستا چی لێ سەوز بوو، ئەو دنیا خەیاڵییەی كە حزبەكان بەڵێن بوو بۆ هاوڵاتیانی دروستبكەن كوا؟
ئەگەر ئەو هەموو بەڵێنە جێبەجێ نەكرابن، حزبەكان ئەمجار چ بەڵێنێكی نوێیان ئامادەكردووە تا هاوڵاتیانی پێببەنە سەر سندوقەكانی دەنگدان، یان هەر قەوانە سواوەكەیە و بەڵێنەكانی پێشوتر گەرم دەكەنەوە.
ئاخۆ هاوڵاتیان جارێكی تر بە بەڵێنی حزبەكان بڕوادەكەن و دەچنەوە سەرسندوقەكانی دەنگدان، یان ئەگەر بچنەوە سەر سندوقەکان بە دەنگەکانیان سزای ئەو هێزانە دەدەن کە لەماوەی ڕابردودا نەیانتوانیوە لەگەڵ خۆیان و بەڵێنەکانیان و دەنگدەرانیان ڕاستگۆبن.