10 نیشانەی بوونی بەردی گورچیلە و چۆنێتی چارەسەرکردنی

تەندروستی

09/05/2021‌ 2707 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەردی گورچیلە بریتییە لە بارستەیەکی پتەوی خوێ و کانزاکان، کە زۆر جار لە کالیسیۆم یان ترشی یوریک پێکهاتووە و لەناو گورچیلەدا دروست دەبێت و دەتوانرێت بگوێزرێتەوە بۆ بەشەکانی دیکەی میزەڕۆ

بەردەکانی گورچیلە لە قەبارەدا لەیەکتر جیاوازن، هەندێکیان بچووک و هەندێکی تر لەوانەیە تا چەند سانتیمەترێک گەورە ببێت.

بەردی گورچیلە کاتێک دروست دەبێت کە کانزایەکی زۆری لەش لەناو میزدا کۆ دەبێتەوە ، بۆیە کاتێک شلەی پێویست بۆ بەتەڕی هێشتنەوەی جەستە بەشێوەیەکی باش ناروات، میزەکەت زیاتر چڕ دەبێتەوە و لەگەڵ ئاستی بەرزی هەندێک کانزای دیاریکراودا لەوانەیە ببێتە هۆی پێکهاتنی بەردی گورچیلە.
چەند ئاماژەیەک دەریدەخەن کە بەردی گورچیلەت هەیە:

1- بوونی ئازاری پشت یان سک و لاتەنیشتەکان، کە رەنگە زۆر توند بێت، بەشێوەیەک ئازاری گورچیلە یەکێکە لە هەرە ئازارە توندەکان کە هەندێک لە ئافرەتان بە ژانی منداڵبوونی دەچوێنن، هەندێکی تر دەڵێن وەک چەقۆ لێدان وایە.

2-هەستکردن بە سووتانەوە و ئازار لەکاتی میزکردندا
3- پێویست دەکات کەسەکە زوو زوو بچێتەسەر ئاو.
4- بوونی خوێن لەناو میزدا کە پێیدەوترێت (hematuria).
5- بوونی میزێکی تەڵخ و بۆن ناخۆش، لەکاتێکدا میزی ئاسایی روونە و بۆنێکی زۆر ناخۆشی لێنایەت.
6- کردنی بڕێکی کەم میز، ئەویش بەهۆی گیرانی بۆڕی میز بە بەرد، بۆیە هاتنی میز یان رادەگرێت یان هێواشی دەکاتەوە.
7- دڵ تێکەڵهاتن
8- ڕشانەوە
9- لەرز لێهاتن
10- تا ، ئەوەش ئاماژەیە بۆ بوونی ڤایرۆس لەنا وگورچیلە یان لەناو میزەڕۆدا، ئەوەش یەکێکە لە لێکەوتەکانی بوونی بەردی گورچیلە.

کۆمەڵەی ئەڵمانیی بۆ پزیشکی میزەرۆ دەڵێت هەندێک فاکتەر مەترسییەکانی بوونی بەردی گورچیلە بەرزدەکەنەوە وەک : کێشی زیاد، کەمجوڵەیی، خۆراکیی ناتەندرووست و نەخۆشیی شەکرە.

‫‫بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون بە بەردی گورچیلە کۆمەڵە ئەڵمانییەکە دەڵێت:‬‬
رۆژانە خواردنەوەی بڕێکی زۆر ئاو
 وازهێنان لە خواردنە سوێرەکان
کەمکردنەوەی ئەو خواردنانەی بڕێکی زۆر ئۆکسالایتیان تێدایە وەک سپێناخ و چەرەساتەکان.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی