تورکیا: مەترسیی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر 11 پەرلەمانتاری کورد هەیە

کوردستان

28/05/2021‌ 555 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس- میدیاكان
بەگوێرەی رۆژنامەی "سۆزجو"ی تورکی، پەڕلەمانتارانی سەر بە پارتی داد وگەشەپێدانی دەسەڵاتداری تورکیا و پارتی نەژادپەرستی تورکی، داواکاریی هەڵگرتنی پارێزبەندیان لەسەر 11 پەڕلەمانتاری سەر بە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەڕلەمانی تورکیا کردووە.


رۆژنامە تورکییەکە باسی لەوەکردووە کە ئەو پەڕلەمانتارانەی هەدەپە کە داواکراوە پارێزبەندیان لەسەر هەڵبگیرێت بریتین لە پەڕلەمانتاران " نەژدەت ئیبیکیوز، مەنسوور ئیشک، سەربیل کەمال بای، موعەززەز ئۆرهان ئیشک، سەعید دادا، مەحموود جەلدات گایدالی، کەمال بیکۆز، مەحموود توغرول ، ئەرداڵ ئایدەمیر، رەمزییە تۆسون و شیڤین جۆشکون".

هەروەک پێگەی "تی-24"ی تورکی رایگەیاندووە کە یاداشتنامەی پێشکەشکراو بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی پەڕلەمانی لەسەر ئەو پەڕلەمانتارە کوردانە، لەلایەن سەرۆکایەتی پەڕلەمانی توکیاوە بڵاوکراوەتەوە.

تاوەكوو ئێستا 13 ئەندام پەرلەمانی توركیا، كە 11 یان سەر بە پارتی دیموكراتی گەلانـن، پارێزبەندیان لێ سەندراوەتەوە و دۆسیەی 29 ئەندام پەرلەمانی تریش لە لایەن داواكاری گشتییەوە رەوانەی پەرلەمان كراوە، تا پارێزبەنیان لەسەر هەڵبگیرێت.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی