کاری سیاسیی لە 451 ئەندامی هەدەپە قەدەغە دەکرێت

کوردستان

11/06/2021‌ 427 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەچوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداری تورکیا دژ بە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، رۆژی پێنجشەممە داواکاری گشتیی لە دادگای باڵای تورکیا داواکارییەکی بۆ قەدەغەکردنی کاری سیاسیی لە 451 ئەندامی هەدەپە بۆ دادگای دەستووری تورکیا بەرزکردۆتەوە.


بەگوێرەی هەواڵێکی پێگەی "ئێن تی ڤی "ی تورکی، بەکر شاهین سەرۆکی داواکاری گشتیی لە دادگای باڵای تورکیا رایگەیاندووە، دادگای باڵا داواکاریی قەدەغەکردنی کاریی سیاسیی لە ٤٥١ ئەندامی سەر بە پارتی دیموکراتی گەلانی ئاراستەی دادگای دەستووری کردووە .

بەکر روونی کردۆتەوە، گەڵاڵەنامەی تۆمەتبارکردنەکە ٦٩ کەسی تری تێدایە کە لەسەر پەیوەندیان بە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە داوای قەدەغەکردنی کاری سیاسیان لێکراوە.

لەماوەی رابردووشدا دادگای باڵای ئەو وڵاتە یاداشتنامەیەکی ٨٥٠ لاپەرەیی ئاراستەی دادگای دەستووری تورکیا کردبوو بە مەبەستی داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان، بەڵام دواتر دادگاکە لەسەر نەبوونی بەڵگەی پێویست داواکارییەکەی رەتکردەوە.
لای خۆیەوە، پەروین بوڵدانی هاوسەرۆکی هەدەپە رایگەیاند کە ئەو داوا یاساییەی دژ بە پارتەکەیان بەرزکراوەتەوە نە هۆکارێکی یاسایی، نە هۆکارێکی دادپەروەرانەی تێدایە.

هەروەک بەگوێرەی بابەتێک کە لە پێگەی رۆژنامەی "جمهوورییەت"ی تورکیدا بڵاوکراوەتەوە، هۆکاری بەرزکردنەوەی داواکاری داخستنی هەدەپە بۆ سیاسەتی پاک و ئامانجی دیموکراتی و دادپەروەرانەی ئەو پارتە دەگەڕێتەوە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی