گۆڕان لە12 ساڵی تەمەنیدا لەهێزێكی هیوا بەخشەوە بۆ بێهیواکردنی هاوڵاتیان‌و دەنگدەرانی

کوردستان

25/07/2021‌ 992 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:


12 ساڵ پێش ئێستا‌و لەڕۆژی 25ى تەمموزی 2009، بزوتنەوەی گۆڕان وەك هێزێكی نوێی ڕەخنەگر، بەشداریكرد لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان‌و بۆیەكەمجار لەمێژوی هەرێمی كوردستاندا توانیی وەك هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی گەورە بە25 كورسییەوە بچێتە ناو پەرلەمانی كوردستان‌و هاوكێشەی سیاسی هەرێمی گۆڕیی‌و كۆتاییهێنا بەحوكمی دەسەڵاتی دوو بنەماڵەیی.


دامەزرێنەرانی بزوتنەوەی گۆڕان کە پێشتر لەکۆڵەکە سەرەکییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بون، بەهاتنە دەرەوەیان لەو حزبە گورزێکی کەمەرشکێنیان لەیەکێتیدا، بەڵام بەهۆی ئەوەی یەکێتی لەوکاتەدا هاوپەیمانی پارتی بوو بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق‌و هەرێمی کوردستان، دیمەنی ئەو گورزەی بەریکەوت بەڕونی نەبینرا، تائەوکاتەی بەتەنهاو لە2014دا بەشداریی لەهەڵبژاردنەکانی عێراق‌و هەرێمی کوردستان کردو گۆڕان لەهێزی سێیەمەوە، توانی ببێتە هێزی دوەم‌و یەکێتی بۆ هێزی سێیەمی کوردستان دوربخاتەوە.

لەپەرلەمانی کوردستان بەفراکسیۆنێکی کاراوە بەشداریکردو سەرنجی هاوڵاتیانی بەلای خۆیدا ڕاکێشاو توانییان گۆڕانکاریی لەفۆڕمی ئۆپۆزسیۆن بوندا دروستبکەن، هیوایەکی گەورە بۆ گۆڕانکاری لای هاوڵاتیان بچێنن.

ساڵی 2010 بەشداری هەڵبژاردنی عێراقیان کردو بەو ئەو گوڕوتینەی بەهاوڵاتیانیاندابوو توانیان هەشت کورسی پەرلەمانی عێراق مسۆگەربکەن، هیوای هاوڵاتیانیان زیاتر بەرزکردەوە ئیدی لەدوبەرەوە بەرگریان لێدەکەن.

هەڵبژاردنەکانی 2013و چوار ساڵی ئارامی 
کارایی بزوتنەوەی گۆڕان لەبەرگی ئۆپۆزسیۆندا وای لەهاوڵاتیان کرد بەشداری زۆر بکەن لەهەڵبژاردنەکاندا، بزوتنەوەکەش ژمارەی دەنگەکانی زیادیکرد، بەڵام بەهۆی بەشداریکردنی زیاتری هاوڵاتیانەوە لەپرۆسەی دەنگدان کورسیەکانی بۆ 24 کورسی دابەزین، دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان گۆڕان بڕیاریدا بەشداری لەحکومەتدا بکات، پۆستی سەرۆکی پەرلەمان‌و چەند وەزارەت‌و دەستەیەکیشی وەرگرت، ئەم بڕیارەی بزوتنەوەکە بوە خاڵێکی جیاکەرەوە لەنێوان دوو قۆناغی بزوتنەوەکەدا، ئەم خاڵە مانای نزیکەوتنەوەبوو لەپارتی کە گۆڕان بەسەرچاوەی نەهامەتیەکانی هەرێم ناوی دەبرد.

ئەو هەستەی لای هاوڵاتیان دروستکرد کە گۆڕان لەبەرەی خەڵکەوە چۆتە بەرەی دەسەڵات، ئەگەرچی لەسەرەتادا هاوڵاتیان باوەڕیان بەگۆڕان هەبوو لەحکومەتدا دەتوانن گۆڕانکاری ڕیشەیی بکەن، بەڵام کاتێک دەستیان بۆ دۆسیەی نەوت‌و گازو پۆستی سەرۆکی هەرێم برد کە دۆسیەی هەستیاربون، پارتی سەرجەم وەزیرو پەرلەمانتارەکانیانی ناردەوە ماڵەوەو بەزەبری هێز دەرگای پەرلەمان‌و پایتەختی بەڕویاندا داخست، ئەم ڕوداوە ئەوەی وەبیر خەڵک هێنایەوە کە گۆڕان ساڵی 2014 وێڕای بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگەکانی پارێزگای سلێمانی، نەیتوانی پۆستی پارێزگاری سلێمانی وەربگرێت ناچاربوو دوو ساڵ بەدوو ساڵ لەگەڵ یەکێتی بەشیکرد.

هەموو ئەمانە ڕوبەڕوی ڕەخنەی جەماوەرەکەیانی کردنەوە کە ناتوانن بەرگری لەجەماوەرەکەیان بکەن، بەدەر لەوانەش تا دەهات ڕەخنەی هەڵسوڕاوانی بزوتنەوکە لەشێوازی سیاسەتی بزوتنەوەکە زیادیدەکرد.

هەر لەسەرەتای دروستبونی ئەو هێزەوە تائێستا ژمارەیەکی زۆر لەکادرە دیارەکانی ئەو حزبە چونەتە ڕیزەکانی پارتی‌و یەکێتی‌و وەک جەماوەرەکەیان دەڵێت: لەپێناو پۆست‌و پارەدا سەنگەری خەڵکیان چۆڵکردوە بۆ دەسەڵات، کە ئەندام پەرلەمان‌و وەزیرو بەرپرسی باڵای حزبی لەنێو ئەوکەسانەدا هەن کە ڕیزەکانی بزوتنەوەکەیان جێهێشتوە.

لەلایەکی تریشەوەر ژمارەیەکی زۆر لەهەڵسوڕاوو بەرپرسی باڵای بزوتنەوەکە وازیان لەکارکردن لەبزوتنەوەکە هێناوەو لەماڵەوە دانیشتون‌و هۆکاری وازهێنانەکەشیان بۆ تاکڕەویی‌و لادان لەفەلسەفەی کاری دروستبونی بزوتنەوەکە دەگێڕینەوەو سەرکردایەتی ئێستای بزوتنەوەکە تۆمەتباردەکەن بەکارکردن لەبەرژەوەندی هێزەکانی دەسەڵات.

گۆڕانی ئاراستە بەرەو یەکێتی 
بزوتنەوەی گۆڕان لەمێژوی خۆیدا دوجار ڕێککەوتنی سیاسی‌و هاوپەیمانی لەگەڵ یەکێتیدا ئەنجامداوە، مانگی ئایاری 2016 گۆڕان لەگەڵ یەکێتی ڕێککەوتنی سیاسی واژوکرد هەرچەندە هەر زوو ڕێکەوتنەکە سڕکراو کۆتایی پێهات، لەدوو مانگی ڕابردوشدا هەردولایەن ڕێکەوتنێکی سیاسی‌و هاوپەیمانێتیەکی نوێیان پێکهێنا بۆ بەشداری لەهەڵبژاردنی داهاتودا کە لەئێستادا بەهۆی کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتیەوە چارەنوسی ڕێککەوتنەکەیان ناڕونەو گۆڕانی ڕوبەڕوی دۆخێکی ئیحراجکەر کردۆتەوە.

هاوڵاتیان‌و دەنگدەری بزوتنەوەکە پێیانوایە، گۆڕان بەو دوو ڕێکەوتنەی کارێکی خۆکوژی ئەنجامداوە، چونکە بزوتنەوەکە بەهۆی گەندەڵیەوە لەهەناوی یەکێتی هاتەدەرەوە، ئێستا تائاستی یەکگرتنەوە لەگەڵ هەمان هێز کۆکن.

نەخۆشکەوتن‌و کۆچی دوای ڕێکخەری بزوتنەوەکە
لەگەڵ قوڵبونەوەی کێشەکانی بزوتنەوەکەو ئاڵۆزیە ناوخۆییەکان‌و سەفەرکردنی نەوشیروان موستەفا بۆ وەرگرتنی چارەسەر، گۆڕان توشی چەندین پرسیاری بێوەڵام‌و قورس بووەوە کە مانەوەو پێشڤەچونی پەیوەستە بەتاکە کەسێکەوە.

بەکۆچی دوای نەوشیروان موستەفا لەئایاری 2017دا قۆناغێكی نوێی کاری بزوتنەوەکە دەستیپێکرد، هەموو ئەو ڕەخنانەی لێی دەگیرا کە کەسێکی تاکڕەوە لەهەڵبژاردنی نوێنەرەکانی‌و دەرکردنی بڕیارەکانیدا هەڵەی گەورەی کردوە، بۆ ئەم ڕەخنەیەش بەڵگەی بەجێهێشتنی شەپۆلی وەزیرو پەرلەمانتارو هەڵسوڕاوەکانی بزوتنەوەکە بون،  ڕەخنەگرانی کاری ڕێکخەری کۆچکردوی بزوتنەوەکە دەیانگوت بڕیاری بەشداریکردن لەحکومەت‌و ڕێککەوتن لەگەڵ یەکێتی هەڵەی ستراتیژی بون کە کردونی. لە25ی تەمموزی 2017و لەساڵیادی دامەزراندنیدا، بزوتنەوەی گۆڕان خانەی ڕاپەڕاندنی هەڵبژارد.

عومەری سەید عەلی یەکێک لەدامەزرێنەرانی بزوتنەوەکە کرایە ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، هەرزوو ئەندامانی نوێی خانەی ڕاپەڕاندن‌و ڕێکخەرە نوێیەکەشیان بونە جێگەی ڕەخنە‌و گازندەی هاوڵاتیان‌و هەڵسوڕاوەکانی ناو بزوتنەوەکەش، بەلادەر لەبنەماکانی بزوتنەوەی گۆڕان‌و ڕێبازی نەوشیروان موستەفا تۆمەتباریان کردن، چونکە هیچ گەنج‌و ژنێک نەچونە ئاستی باڵا لەخانەی ڕاپەڕاندن ئەوەش وەک کودەتای پیرەکان بەسەر گەنجەکان لێکدرایەوە.

لەیەکەم هەنگاوی قورس‌و یەکلاکەرەوەدا کاتێک بڕیاری دروستکردنی ئەنجومەنی باڵاى ڕیفراندۆم درا، خانەی ڕاپەڕاندن نەیتوانی بڕیاری یەکلاییکەرەوە بدات، بڵاویانکردەوە خەڵکی خۆیان سەرپشکدەکەن بەوە دەنگ بەبەڵێ یان نەخێر بدەن، ئەمەش وەک خاڵێکی لاوازو شوێن پێکەوتنی پارتی‌و یەکێتی لێکدرایەوە.

هەڵبژاردنەکانی 2018
ئەمساڵە بۆ گۆڕان زۆر گرنگ بوو، چونکە دەبوو دوای کۆچی دوایی نەوشیروان موستەفا ڕێکخەری پێشوو دامەزرێنەری بزوتنەوەکە، قەبارەو بونی خۆیان بسەلمێنن‌و سەرکەوتنیش بەدەستبهێنن.

ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنەو ڕاستگەڕانی ڕەخنەکانی سەر بزوتنەوەکەی سەلماند کە لەپەرلەمانی کوردستان‌و پەرلەمانی عێراقیش ڕێژەیەکی زۆر هێزی خۆیان لەدەستدا، لەعێراق 53% کورسیەکانی کەمیکردو 50%ی کورسیەکانیشی لەپەرلەمانی کوردستان لەدەستدا، دواتر فراکسیۆنەکەیان لەپەرلەمانی عێراق کارەکانی لەگەڵ بزوتنەوەکە هەڵپەساردو وەک کوتلەیەکی تاڕادەیەک سەربەخۆکاریان دەکرد لەڕوی سیاسیەوە، لەپەرلەمانی کوردستانیش ئەو 12 کورسیەی کە بزوتنەوەکە هەیەتی زۆرکات نیو بەنیو دابەشی دوو بەرەی دژ بەیەک دەبن.

گەڕانەوە بۆ لای پارتی 
لەململانێی نێوان یەکێتی‌و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار ئێوارەی تشرینی یەکەمی 2018 لەکۆی پێنج پەرلەمانتار چوار پەرلەمانتاری بزوتنەوەکە، بەپەلەو بەفڕۆکەیەکی تایبەتی سەربازی کە دەوترا نێچیرڤان بارزانی بۆی دابینکردون چونە بەغدا، بۆ ئەوەی بەشداریی دەنگدان لەهەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماردا بکەن کە فوئاد حوسێن کاندیدی پارتی‌و بارزانی بوو بۆ سەرۆکی کۆمار، دواتریش بزوتنەوەکە بڕیاریاندا بەشداری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم بکەن بەسەرکردایەتی پارتی‌و مەسرور بارزانی، گۆڕان وتی: بەمەرج بەشداریی حکومەت دەکەین، پارتی ڕایگەیاند، مەرجم قبوڵ نییە.

لەکۆتا کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیشدا بڵاویانکردەوە، خاڵی هاوبەشیان لەخاڵی جیاواز زیاترەو ڕێککەوتنەکە ڕاگەیەنرا، گۆڕان لەبیری چووبوو لەکابینەی هەشتەمی حکومەت بەسەرکردایەتی نێچیرڤان بارزانی بەمەرجەوە بەشداریکرد، بەڵام جێبەجێنەکرا.

دەوترێت بزوتنەوەی گۆڕان لەماوەی 12 ساڵدا لەبزوتنەوەیەکی خاوەن پڕۆژەو ئایدیایەکی تەندروستەوە بووتە هێزێکی دەستەمۆی لاوازو دەستەوەستان لەئاست گۆڕانکاریە سیاسیەکاندا.

لەئێستادا بزوتنەوەکە هیچ بەرچاو ڕونیەکی نییە بۆ ڕوداوەکانی داهاتوی خۆیی‌و لەڕوی پێگەی جەماوەرییەوە وێڕای ئەوەی خۆی بانگەشەی ئەوەدەکات کە دۆخی باشە، بەڵام چاودێران‌و هاوڵاتیان پێیانوایە بزوتنەوەکە لەپاشەکشەیەکی تەواوەتیدایەو هیچ هیوایەک لەبزوتنەوەکەوە بۆ جەماوەرەکەی بەدیناکرێت.