ئەمەریکا بەمەرج ئامادەیە سوپای پاسداران لەلیستی تیرۆر بێنێتە دەرەوە

جیهان

01/08/2021‌ 1018 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسێکی باڵای ئێرانی  بەشێک لە نهێنییەکانی پەیوەست بە دانوستانە ناوەکییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی زلهێزی باسکردووە، کەبەپێی ئەوە واشنتۆن ئامادە نییە بەشێکی زۆر لە سزاکانی سەر تاران هەڵبگرێت.

کازم غەریب ئابادی نوێنەری ئێران لەلای ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کە بارەگاکەی دەکەوێتە ڤییەننای پایتەختی نەمسا، بەشێک لە وردەکاری دانوستانەکانی نێوان تاران و وڵاتانی زلهێزی باسکردووە، کە بەقسەی ئەو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رەتیکردۆتەوە سزای سەر ٥٠٠ کەس و قەوارەی ئێرانی هەڵبگرێت، ئەوە جگە لەو فەرمانەی ترەمپ سەبارەت بە قەدەغەکردنی مامەڵەی چەک لەگەڵ تاران وەک خۆی دەمێنێتەوە.

لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ پێگەی فەرمی نووسینگەی عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران، ئابادی وتویەتی: واشنتۆن مەرجی سڕینەوەی سوپای پاسدارانی ئێرانی لەلیستی تیرۆری رێکخراوە جیهانییەکان بەستۆتەوە بە بابەتی باسکردن لە بەرنامە مووشەکییەکانی ئێران و ئاسایشی هەرێمیی لەناو دانوستانە ناوەکییەکان لە ڤییەننا.

ئەو بەرپرسە ئێرانییە جەختی کردۆتەوە کە ئەمەریکییەکان دەڵێن سڕینەوەی سوپای پاسداران لەلیستی تیرۆر و هەڵگرتنی هەموو سزاکانی سەر ئێران پەیوەستە بەوەی ئێران رازیی بێت بابەتی بەرنامە مووشەکییەکەی ئێران و رۆڵی ئێران لە هاوکاریکردنی گرووپە چەکدارییەکانی ناوچەکە، بەشێک بێت لە دانوستانە ناوەکییەکان.

باسی لەوەشکردووە کە لەمیانی دانوستانەکاندا ئەمەریکییەکان رەتیانکردۆتەوە سزای سەر ٥٠٠ کەس و قەوارەی ئێرانیی هەڵبگرن، لەبەرئەوەی سزاکانی سەر ئەو کەسانە پەیوەست نییە بە بەرنامە ناوەکییەکەی ئێرانەوە، بەڵکو پەیوەستن بە بابەتی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و پشتیوانیکردنی تیرۆر.

غەریب ئابادی هەروەک وتویەتی کە لەمیانی دانوستانەکانی ڤییەننادا شاندی ئەمەریکا ئامادە نەبوون ئەو سزایانە لەسەر ئێران هەڵبگرن کە پەیوەستن بە قەدەغەی کڕین و فرۆشتنی چەکە کلاسییەکان بە ئێران.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی