کێ ئاگرەکەی تورکیای کردۆتەوە؟
وردەکاری ئاگرە فراوانەکەی تورکیا بزانە

کوردستان

02/08/2021‌ 6333 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

شەش ڕۆژە ئاگر تورکیای گرتۆتەوەو حکومەتیش بێ دەسەڵاتە لە ئاست کۆنترۆڵکردنی، وردە وردە ئاگرەکە دەگاتە گوند و شار و ناوچەکانی نێشتەجێبوون، هاولاتیان جگە لە ڕاکردن لەو شوێنانە هیچ دەسەڵاتێکیان نییە..

ئاگرێک لەوانەیە بێتە سوتێنەری هەموو سەوزاییەکانی تورکیا، هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان و بەشێک لە ڕێکخراو و کۆمەڵەکان پێیان وایە دەسەلات خۆی ئەم کارەی کردوەو ئامانجێکی لە پشتە...
شەش ڕۆژی تەواوە ئاگرێكی بەرفراوان ناوچە گەشتیارییەكانی توركیا دەسوتێنێت، كە بە سییەكانی توركیا ناودەبرێت.

ئاگرەكە ناوچە گەشتیارییە بە ناوبانگ و ستراتیجییەكانی توركیای گرتووەتەوە و بەر هەرشوێنێك كەوتبێت كردویەتی بە قەرەبروت.
ئاگرەكە نەك زیانێكی گەورەی لە ناوچە گەشتیارییەكان داوە، بەڵكو گورزێكی كوشتندەی لە یەكێك لە سەرچاوەكانی داهاتی توركیا داوە، كە ڕەنگە ڕاستكردنەوەی چەندین ساڵی پێویست بێت و ئەردۆغانیش رایگەیاند ١٠٠ ساڵمان دەوێت بۆ نەهێشتنی ئاسەوارەکانی ئاگرەکە بەسەر وڵاتەوە..

تورکیا کە بە یەکێک لە ولاتە بەهیز و دەسەڵاتدارەکانی ناوچەکە ناودەبرێت هانای بردوە بۆ ولاتانی دراوسێ و هاوپەیمانی بۆ هاوکاریکردنی لە کۆنترۆڵی ئاگرەکەدا.

کاتژمێر ١٠ و نیوی پێشنیوەڕۆی ڕۆژی  چوارشەممەی هەفتەی ڕابردوو، ئاگرێک لە ناوچەی مەناڤگاتی سەربە پەرێزگای ئەنتالیا لە تورکیا کەوتەوە، بەهۆی کۆنترۆڵنەکردنیەوە ئاگرەکە تەشەنەی کرد و بە زویی ناوچە گەشتیارییە بەناوبانگەکانی تورکیای گرتەوە لەوانە: شاری ئەدەنە، مێرسین، ئەنتاڵیا، موغڵان و ئەستەمبوڵ و چەند شارێکی تر.

سەرچاوە هەواڵییەکانی تورکیا و پسپۆڕانی ئابووری و گەشتیاری ئاشکرای دەکەن، ئەو ئاگرە لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا گەورەترین ئاگری تورکیا بووە و کاریگەریی گەورەش لەسەر کەرتی ئابووریی و گەشتوگوزاری ئەو وڵاتە دادەنێت.

ڤیدیۆ و وێنەی بەرزبونەوەی كڵپەی سوری ئاگرەكەی ناوچە گەشتیارییەكانی توركیا میدیا ناوخۆی و جیهانییەکانی تەنیوەو و كاردانەوەی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێناوە.
ئاگرەكە بەردەوام بەرەو قوڵایی شارەکان و ناوچەکانی نێشتەجێبوون هەنگاو دەنێت، ژمارەیەک ئۆتێل و مۆتێل و شوێنی گەشتیاری کە گەشتیارو هاوڵاتیانی تێدابوە بەر ئاگرەکە کەوتوون.

لە کۆتدا لیدوانیدا لەسەر ئاگرەکەو لێکەوتەکانی بەكیر پاكدەمیرلی، وەزیری كشتوكاڵ و دارستانی توركیا رایگەیاند، تائێستا ئاگرەكە ١١٩ شوێنی گەشتیاری لە سنووری٣٢ پارێزگا گرتووەتەو بەرەبەیانی ئەمرۆش ئاگر پەڕیوەتەوە بۆ سنوری پارێزگای ئەسپارتا.

بەڵام ڕێكخراوەییە ژینگەییەكان و میدیاكانی توركیا ئاماژە بەوەدەكەن وەزیری كشتوكاڵ و دارستانی توركیا ئامارەكان دەشارێتەوە و ئاگرەكە ناوچە و شوێنی زیاتری گرتووەتەوە و سوتاندووە.
بە وتەی فەخرەدین قۆجا وەزیری تەندروستی تورکیا تا ئێستا هەشت کەس گیانیان لەدەستداوەو هەزارو ٢٧٤ کەسیش بریندار بوون و لەو ژمارەیەش ٢٧ کەسیان باری تەندروستیان ناجێگیرە و لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدان.

دەوڵەتی توركیا تائێستا هیچ قسەیەكی لەسەر زەرە و زیانە ئابورییەكانی ئاگرەكە نەكردووە، بەڵام شارەزایانی ئابوری باس لەوە دەكەن، ئاگرەكە زیانی ملیاران دۆلاری بە شوێنەگەشتیارییەكانی توركیا گەیاندووە و ڕەنگە چەندین ساڵی بوێت تا دارستان و سەوزرایی و كەش و هەوای ئەو ناوچانە وەك خۆی لێبێتەوە.

کەرتی گەشتیاریی یەکێکە لە گرنگترین سەرچاوەکانی داهاتی تورکیا و بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی گەشتوگوزاری تورکیا، ساڵانە ٥٥ ملیۆن گەشتیار ڕوو لەو وڵاتە دەکەن، داهاتی ساڵانەی کەرتی گەشتیاریی بریتییە لە ٣٨ ملیار و ٥٣٠ ملیۆن و ٣٣٨ هەزار دۆلار، کە دەکاتە ٥.٢٪ی داهاتی گشتیی تورکیا کە ئەمە دەری دەخات بەشێکی سەرەکی ئابوری تورکیا بەهۆی ئاگرەکەوە داڕماوە.

ئەردۆغان، بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاگرەكە داوای لە ڕووسیا و ئۆكرانیا و ئازەربایجان كرد، كە هاوكارییان بكەن ، بەڵام تائێستا تەنها ئازەربایجان بەدەم داواكەیەوە ڕۆشتووە و بە تیمێكی ١٠٠ كەسی بە تەواوی پێویستیەكانی ئاگركوژاندنەوەوە بەشدارە لە كوژاندنەوەی ئاگرەكەدا.

كۆنترۆڵنەكردنی ئاگرەكە بۆ ئەوە دەگەڕێنرێتەوە، كە ئەو ناوچانەی ئاگرەكەی تێدا كەوتووەتەوە ناوچەی چڕی دارستانن و لەلایەك ئاگرەوەكە بەشێوەیەكی گەورە و فراوان بڵێسەی سەندووە، لەلایەكی ترەوە تیمەكانی ئاگر كوژێنەوە ناتوانن بچنە ناو قوڵای دارستانەكانەوە، جگەلەوەش توانای تیمی ئاگركوژێنەوەی ئاسمانی توركیا سنوردارە.

پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان وێنەی چەند ناوچەیەكیان داناوە كە چەند ساڵێك پێش ئێستا سوتێنراون و ئێستا شوێنەكانیان كراون بە ئوتێل و شوێنی گەشتیاری، پێیان وایە ئەم ئاگركەوتنەوەی ئێستا دەستی دەسەڵاتی لە پشتەوەیە.

لەلایەكی ترەوە، تونجای نەیشچی، سەرۆکی کۆمەڵەی دارستانەکانی تورکیا ڕایگەیاندووە، کە ئەو ئاگرە سوپرایز نییە بەڵکو سیاسیەتی حکومەتە دژی دارستانەکان، بۆیە لەکاتی خۆیدا کۆنترۆڵیان نەکرد و خەمساردبوون، ئەمەش جێی گومانە.

ئاگرەكە بەردەوامی هەیە و ڕوون نییە كەی كڵپەی دادەمرێكێتەوە، بەڵام ئەوەی ڕوونبوەتەوە ئەو گورزە گوشندە و كاریگەرەیەیە كە بەر كەرتی گەشتیاری توركیا بە گشتی و داهاتی ئەو وڵاتە بە تایبەتی كەوتووە.

بەپەلە