بارزانى: دۆخى هەرێم زۆر جیاوازە لەگەڵ ئەفغانستان و شوێنەکانى تر

کوردستان

22/08/2021‌ 2023 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان پەیامێکى سەبارەت بە دۆخى هەرێمى کوردستان و بەراوردکردنى بە ئەفغانستان بڵاوکردەوەو تیایدا رایگەیاندوە"پێویستە هەموو لایەك باش بزانن كە هەر میللەتێك ئەگەر پشت بە خۆی و تواناكانی خۆی نەبەستێت هەمیشە ئەگەری هەڕەشە و لەناوچوونی لەسەرە. پاڵپشتیی خەڵكیش ئەو كاتە بەهای هەیە و كاریگەر دەبێت كە بە خۆمان هەبین و ئیرادەمان هەبێت".

 بارزانى ئاماژەى بەوەشکردوە، جیاوازییەكی زۆر لەنێوان ئەفغانستان و كوردستاندا هەیە. جیاوازیەكی زۆریش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای ئەفغانستان هەیە. پێشمەرگە زادەی مێژوو و خوێن و فرمێسكی گەلی كوردستانە.

هەر لە پەیامەکەیدا سەرۆکى پارتى دەشڵێت،لێرەدا دەمەوێت خەڵكی كوردستان لەوە دڵنیا بكەمەوە كە دۆخی كوردستان جیاوازییەكی زۆری هەیە لەگەڵ هەموو شوێنەكانی تر. شوكر بۆ خوای گەورە ئێمە پێشمەرگەی قارەمان و هێزمان هەیە و لە هەمووشی گرنگتر میللەتێكین خاوەن ئیرادە و قەزییەین.

دەقی پەیامەکەى بارزانى:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
دوای ڕووداوەكانی ئەفغانستان ماوەی چەند ڕۆژێكە تەوژمێكی سیاسی و میدیایی بە ئاراستەی دروستكردنی دڵەڕاوكێ و نائومێدی لەناو خەڵكی كوردستاندا كار بۆ بەراوردكردنی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەفغانستان دەكەن. لێرەدا پێویستە هەموو لایەك باش بزانن كە هەر میللەتێك ئەگەر پشت بە خۆی و تواناكانی خۆی نەبەستێت هەمیشە ئەگەری هەڕەشە و لەناوچوونی لەسەرە. پاڵپشتیی خەڵكیش ئەو كاتە بەهای هەیە و كاریگەر دەبێت كە بە خۆمان هەبین و ئیرادەمان هەبێت.
جیاوازییەكی زۆر لەنێوان ئەفغانستان و كوردستاندا هەیە. جیاوازیەكی زۆریش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای ئەفغانستان هەیە. پێشمەرگە زادەی مێژوو و خوێن و فرمێسكی گەلی كوردستانە. خاوەنی سەدان داستانی مێژوویی و قارەمانێتییە. نموونەیان داستانی كۆڕێ و تێكشكاندنی ئەفسانەی داعش و داستانەكانی پردێ و سحێلان كە نەیارانی كوردستان پیلانی ئەوەیان هەبوو ئیرادەی گەلی كوردستان بشكێنن. بەڵام پێشمەرگە و گەلی كوردستان بە خۆڕاگری و ئیرادەی پۆڵایینیان پیلانی نەیار و دوژمنانیان هەڵوەشاندەوە.
لێرەدا دەمەوێت خەڵكی كوردستان لەوە دڵنیا بكەمەوە كە دۆخی كوردستان جیاوازییەكی زۆری هەیە لەگەڵ هەموو شوێنەكانی تر. شوكر بۆ خوای گەورە ئێمە پێشمەرگەی قارەمان و هێزمان هەیە و لە هەمووشی گرنگتر میللەتێكین خاوەن ئیرادە و قەزییەین. ئەگەر دوژمنان و ناحەزانیش خەیاڵی ئەوەیان هەبووبێت ئازاری خەڵكی كوردستان بدەن ئەوە هەرگیز بە ئاسانی بۆیان نەچووەتە سەر و، بە دڵنیاییەوە لە ئاییندەشدا بە ئاسانی بۆیان ناچێتە سەر. هەر كەسێكیش بیەوێ نائومێدی و خۆبەكەمزانین و بەراوردی نابەجێ لەناو خەڵك بڵاو بكاتەوە دیارە هێشتا نەیتوانیوە لە ئیرادە و خۆڕاگریی گەلەكەی تێبگات.
مسعود بارزانی
٢٢ـی ئابی ٢٠٢١