بۆچی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نەیتوانی ڕۆڵی هەبێت لە چارەسەری کێشەکاندا؟

کوردستان

26/08/2021‌ 2840 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
حزبی سیاسی، کۆبونەوەی ژمارەیەک کەسە لە دەوری ئامانجێک کە هەموویان بڕوای تەوایان پێیەتی و تێدەکۆشن لە پێناو بە دیهێنانی ئامانجەکاندا، لە کاتی دروستبونی هەر حزبێکی سیاسیدا بە هۆکاری ئەوەی پێکهاتەی حزبەکە لە ژمارەیەک بیرو راو ئایدیای جیاواز پێکدێت پێویستە خاڵێکی کۆکەرەوە هەبێت بۆ ڕێکخستنی کاروبارەکان و یەکلاکردنەوەی هەر کێشەو گرفتێک کە دێتە پێشەوە، واتە پێویستە هەموان لەسەر شتێک کۆک بن کە کۆتا قسەو بڕیار لای ئەو بێت.

ئەم خاڵە کۆکەرەوەیە لە نێو حزبی سیاسیدا پێی دەوترێت پەیرەوی ناوخۆ یان هەر ناوێک کە هاو واتای ئەو ناوەرۆکە بێت کە پەیرەو ئەنجامی دەدات.

پەیرەوی ناوخۆ دەسەڵاتیكی باڵای نێو حزبەو تەنها لە کۆنگرەی گشتی حزبەکاندا دەتوانرێت گۆرانکاری تێدا بکرێت، لە کۆنگرەی گشتی حزبەکاندا پەیرەو بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی کۆنگرە پەسەند دەکریێت و بۆ ماوەی ساڵانێکی داهاتو کە هەر لە پەیرەودا دیاریکراوە سەرجەم کاروبارەکانی حزب و ئۆرگانەکان لە بەرزترین خاڵی هەرەمی حزبەوە تا نزمترین ئاستی حزبەکە بەڕێوەدەچێت.

پەیڕەوی ناوخۆ سزاو پاداشت و ئاستەکانی لێپرسینەوە بۆ سەرجەم ئەندامانی حزب دیاری دەکات لە ئاستی باڵای حزبەوە بۆ نزمترین ئاستی ڕێکخراوەیی و دەسەلاتی سزادان و سڕکردن و تاکو لێسەندنەوەی پلەو دواتریش لێسەندنەوەی مافی ئەندامێتی حزبی هەیە لە هەر کەسێک کە سەرپێچی خودی پەیرەوی حزب بکات، جا لە هەر ئاست و پێگەیەکدا بێت.

زۆرجار گوێمان لێبوە کە دەوترێت حزبەکانی کوردستان تەنها بۆ ڕوکەش و لە چوارچێوەی چەند پەڕەیەرکدا پەیڕەویان بۆ خۆیان نوسیوە و لە نێو کتێبخانەوڕەفەکانی بارەگاکاندا تۆزی لەسەر نیشتوە و کەس کاری پێناکات، ڕەنگە ئەم قسەیە تەواو ڕاست بێت چونکە بە درێژایی مێژوی حزبی کوردیی، لەگەڵ سەرهەڵدانی هەر کێشەو گرفتێک هیچ کات نەبینراوە کێشەکان لەڕێگەی پەیڕەوەوە یەکلایی بکرێنەوە، هەمیشە لۆژیکی هێز زاڵ بوە بەسەر چارەسەری دروستی کێشەکاندا لە بری ئەوەی پەیڕەو و کارنامەی حزبەکە بڕیار دەر بێت لە چارەسەر.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە پەنجا رۆژی تەواوە بە دۆخێکی تەواو هەستیار و ئاڵۆزدا تێدەپەرێت و دووچاری کێشەو ململانێیەکی ناوخۆیی توند بوەتەوە لە بەرزترین ئاستی باڵای حزبەکەدا، تا ئێستا نەیتوانیوە لە سایەی پەیڕەوی حزبەکەیدا چارەسەرێکی گونجاو بۆ کێشەکانی بدۆزیتەوەو ڕێگە لە ئاڵۆزبونی کێشەکان بگرێت.

ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی کە باڵاترین ئەنجومەنی بڕیاردانە بە پێی پەیرەوی حزبەکە لەماوەی ئەو پەنجا رۆژەدا نەیتوانیوە کۆبونەوەیەک ئەنجام بدات و لە نزیکەوە ئەندامەکانی تاوتوێی ئەو دۆخە نوێیەی حزبەکەیان بکەن و بە پێی مادەو بڕگەکانی پەیرەوەکەیان چارەسەرێک بۆ دۆخەکە بدۆزنەوەو دەرچەیەک دیاری بکەن بۆ ڕزگار بوون لەو تەلیسمەی کە ئێستا سەردڵی هەمو ئەندامانی یەکێتی گرتۆتەوە.

لە ئەنجامی بێدەسەلات بونی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی و سود وەرنەگرتن لە پەیرەوی ناوخۆ بۆ یەکلا کردنەوەی کێشەکان پەنا براوەتە بەر دادگاو هەردوو لایەنی کێشەکان چەند سکاڵایەکی یاساییان لە دژی یەکتر تۆمار کردوەو بە وتەی خۆیان بابەتەکانیان جێهێشتوە بۆ دادگاو چاوەڕێیی ئەنجامی دادگا دەکەن، لە کاتێکدا هەموان دەزانن کە دادگا و دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێمی کوردستان لە ژێر نیشانەی پرسیاری گەورەدایەو بەڕای زۆرینەی چاودێران حزب و کەسە دەسترۆشتوەکانی نێو حزب دەسەڵاتیان لە دادگاکان زیاترەو دادگاکان توانای لێپرسینەوەو یەکلایی کردنەوەی دۆسیەکانی تایبەت بەوانیان نییە.

دادگا لە ئێستادا دەسەوەستان ماوەتەوە لە چاوەروانی جموجوڵەکانی هاوسەرۆکانی یەکێتیدا لە بەرامبەر یەک و، پێناچێت هیچ نیەتێکی جدی هەبێت بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەکانیان و جولاندنی دۆسیەکانیان لە دادگا، لەولاشەوە هەردوو هاوسەرۆک بەردەوامن لە جموجوڵە سەربازی و میدیایی و سیاسیەکانی خۆیان دژ بە یەک و لە دەرەوەی دەسەڵاتی دادگاکان و دادگاش نە وەک تۆمەتبار نە وەک سکاڵاکار مامەڵە لەگەڵ هیچکام لە هاوسەرۆکان ناکات و چاوی داخستوە لە ئاست گۆرانکاریەکان کە هەندێک کات هێندە توند دەبنەوە ئارامی شارێک دەکەوێتە ژێر هەرەشەوە.

جیاواز لەوەی پەیڕەوی ناوخۆی حزب و سەرکردایەتی یەکێتی نەیتوانیوە رۆڵی یەکلاکەرەوە و چارەسەری هەبێت لە کێشەکانی نێوان هاوسەرۆکاندا، بەهەمان شێوە دادگاکانیش تا ئێستا بێدەسەڵات و بێ رۆڵ ماونەتەوە لەو هەموو روداوەی لە ماوەی ٥٠ رۆژی ڕابردودا ڕویان داوە، هەر بۆیە پەنا براوەتە بەر بەکارهێنانی هێز و هەڕەشەو توندکردنەوەی دۆخەکە لە بەرامبەر یەک و کۆکردنەوەی هێزی چەکدار و کەسانی چەک بەدەست لە بەرامبەر یەکتر و دروستکردنی دۆخی نا ئاسایی لە نێوو شارداو نانەوەی پشێوی و دڵەڕاوکێ لە نێو هاولاتیاندا.

چاودێران پێیان وایە ئەگەر هەر لەسەرەتای کێشەکانەوە پەیڕەوی ناوخۆ و ئەنجومەنی سەرکرایەتی رۆل و ئەرکی خۆیان بە جێ بهێنایەو کاریان پێبکرایە دۆخەکە نەدەگەشتە ئێستاو نە کێشەکان هێندە قوڵ دەبونەوە، نە هێندە دۆخی نا ئاسایی باڵی دەكێشا بەسەر ناوچەکدا و ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی لە دۆخێکی نا ئاساییدا رۆژەکانیان بەڕێ بکەن.

ئێستا هەموان چاویان لەسەر رۆژەکانی داهاتوە کە ئایا ئەو گرێیەی کە پەیرەوی حزب و ئەنجومەنی سەرکرایەتی و دادگاکان پێیان نەکرایەوە، داخۆ هێزی سەربازی و ڕوبەڕوبونەوەی یەکتر بەکار دێت بۆ کردنەوەی، یان رێگەیەکی تر دەدۆزرێتەوە بۆ چارەسەری کێشەکان.