ڕۆژبەڕۆژ دۆخى یەکێتی خراپتر دەبێت
ململانێى ئامۆزاكان گۆشتی بەجەستەی یه‌كێتیه‌وه‌ نەهێشتوه‌

کوردستان

31/08/2021‌ 6823 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

یەکێتی لەململانێی گەورەترین هێزەوە بۆ ململانێ‌و کێشەی ناوخۆیی
لەبۆنەو بونی جیهانییەوە بۆ شەڕی سۆشیاڵ میدیاو شەڕکردن لەسەر پلەو پۆست
لەسەرۆکی ڕێکخراوی سۆشیاڵ دیموکراتەوە بۆ کۆکردنەوەی هەموو هێزو توانا لەشکاندنی یەکتر.


یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هەر لەسەرەتای دروستبونیەوە وەک هێزێکی کاریگەرو گەورەو خاوەن توانایەکی زۆری مرۆیی هاتە مەیدانی سیاسی کوردستان‌و بەدرێژایی مێژوی خۆی بەردەوام خاوەنی قسەو بڕیارو سەنگ‌و ڕۆڵی خۆی بوە.

بەدرێژایی ساڵانێك یەکێتی لەململانێی بون بەهێزی یەکەمدا بوو لەسەر ئاستی کوردستان‌و زۆرجاریش چاوی لەوەبوە لەتەواوی عێراق‌و ناوچەکە ببێتە هێزێکی جێ نفوزو ڕکابەری نەیارەکانی بکات.

لەکۆنگرەو کۆنفرانس‌و دیدارە ناوچەیی‌و جیهانیەکان یەکێتی بەردەوام ئامادەییەکی باشی هەبوەو چاوی ناوچەکەی لەسەر بوە.

لەپێکهاتەی ڕێکخراوە جیهانیەکاندا یەکێتی پێگەو شوێنی تایبەتی هەبوو، سەرۆکایەتی ڕێکخراوە جیهانیەکانی پێدەدراو لەنەتەوەیەکگرتوکان سکرتێرەکەی بەزمانی کوردی قسەی دەکردو گەورە بەرپرسان‌و سەرۆکی وڵاتانی دەبینی.

لەناوخۆدا هەمیشە حزبێک‌و ژمارەیەکی حساب بۆکراوو خاوەن بڕیاربوو، هیچ بڕیارێکی گرنگ بەبێ یەکێتی نەدەدرا. سەرۆک‌و گەورە بەرپرسان‌و دبلۆماتکارانی وڵاتان کە دەهاتنە بەغداو هەولێر، تا نەهاتنایەتە سلێمانی‌و دەباشان به‌تایبه‌تى نەدەگەڕانەوە. تا لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی تاووتوێی بەرژەوەندیە هاوبەشەکان‌و دۆخی ناوچەکەیان نەکردایە وڵاتیان جێنەدەهێشت، بەڵام لەدوای ئەو دۆخەی یەکێتی کە لەدوو مانگی ڕابردودا هاتۆتە ئاراوە تەواو هاوکێشەکان پێچەوانە بونەتەوە.

لەبری ئەوەی یەکێتی سەرقاڵی ململانێی هێزەکانی تر بێت‌و لەدەرەوەی وڵات نوێنەرەکانی لۆبی بۆ بکەن، ئێستا تەواوی هێزو توانای خستۆتەگەڕ بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە ناوخۆییەکانی.

یەکێتی ئێستا یەکێتییەکی لاوازو ئامادەنەبوی ناوچەیی‌و جیهانییە، جاران لەوڵاتانی زلهێزی دونیا نوێنەرایەتی یەکێتی کاریگەرترین نوێنەرایەتی بوو، ئێستا نەک ئەوەی نەماوە، بگرە لەوڵاتانی دراوسێ‌و ڕۆژهەڵاتیش نوێنەرایەتی نەماوەو دەنگی وردە وردە خەریکە کپدەبێت.

سەرۆکی وڵاتان دێنە هەولێری پایتەخت، تەنها سەرۆکە پارتیەکانی حزب‌و حکومەت دەبینن‌و سەرکردەکانی یەکێتی لەدورەوە سەیر دەکەن، پارتی سەرقاڵی کاری پرۆتۆکۆڵی پێشوازیی لەسەرۆکان‌و ڕەخساندنی دەرفەتە بۆ بەهێزکردنی خۆی، یەکێتیش خەریکی زۆرانبازیی ناوخۆییە.

لەنێو حزب‌و لایەنە عێراقیەکاندا کە ڕێککەوتون بۆ سازدانی کەشێکی نوێ بۆ هەڵبژارنی عێراق، یەکێتی تێدانییەو ئاگاداریی وردەکارییەکانیشى نییه‌، لەکاتێکدا لەساڵانی ڕابردودا یەکێتی هەمیشە بەشێکی گرنگی بڕیاری عێراق بوەو زیاد لەحزبە ڕکابەرەکانی پەیوەندیەکی باشتری هەبوە لەگەڵ هێزە عەرەبیەکان.

لەهەمان ئەوکاتەی کە سەرۆکی وڵاتێکی گەورەی وەک فەرەنسا لەهەولێرە، هاوسەرۆکانی یەکێتی یەکێکیان هەڕەشە دەکات‌و ئەویتریان لەشەقامەکان عەرزی عەزەڵات دەکات.

لەمیدیاو سۆشیاڵ میدیاکانیانەوە بەجۆرێک پەلاماری یەکتر دەدەن کە بۆنی خوێنی شەڕی براکوژی بیری هاوڵاتیان دەهێنێتەوە. ئەم دۆخەی نێو یەکێتی تا درێژەبکێشێت ئاڵۆزتردەبێت‌و چارەسەرەکەشی گرانتردەبێت. ڕۆژبەڕۆژ هەڵبژاردن نزیکدەبێتەوەو یەکێتیش ڕۆژبەرۆژ دۆخی خراپتر دەبێت.

لەبری ئەوەی ململانێی کاندیدی هێزەکانی تر بکەن لەئێستاوە لەمەڵبەند‌و کۆمیتەو پارێزگاکان لەنێوان کاندیدانی نزیک لەهەریەک لەهاوسەرۆکاندا گەورەترین ململانێ هەیەو هەوڵی شکاندنی یەکتر دەدەن.

ئەو دۆخەی کە یەکێتی پێدا تێدەپەڕێت بەڕای چاودێران دۆخێكی تەواو هەستیارەو یەکێتی ئەگەر زوو فریای چارەسەرکردنی نەکەوێت بەقورسی باجی دەدات‌و توانای کۆنترۆڵکردنی نامێنێت.

ئێستا یەکێتی جیاواز لەهەموکات، زیاتر لەهەر جارێک لەململانێیەکی توندی ناوخۆییدایە، ململانێیەک کە لەنێوان دوو بەرزترین‌و باڵاترین کەسی حزبەکەیدا کە هاوسەرۆکانی حزبەکەو ئامۆزای یەکترن. ململانێیەک کە پێدەچێت گۆشتی بەجەستەی حزبەکەوە نەهێشتبێت‌و وردە وردە خەریکی شکاندنی ئێسقانەکانی بێت.