ململانێی نوێی ئیسرائیل، ئێران و تورکیا بۆ پەرەپێدانی مووشەکە باڵدارەکان

جیهان

10/09/2021‌ 1989 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

راپۆرتێکی بەریتانی ئاماژەی بەوەکردووە کە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست دەستیان بە پێشبڕکێیەکی نوێکردووە بۆ خۆپڕچەککردن بە مووشەکی باڵدار، لەوەشدا هەریەک لە ئیسرائیل و ئێران و تورکیا لەبەرهەمهێنان و پێشخستنیدا پێشەنگن و وڵاتانی تری عەرەبی ناوچەکەش هەوڵی کڕین و بەدەستهێنانی دەدەن، بەوپێیەی ئەو وڵاتانەی خاوەن سوپای پێشکەوتووش نین ، دەتوانن لەڕێگای ئەو جۆرە چەکەوە قوڵایی دوژمن هەرچەند بەهێزیش بێت، بەئامانج بگرن.

پەیمانگای نێودەوڵەتیی بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان کە بارەگاکەی لەلەندەنی پایتەختی بەریتانیایە لە راپۆرتەکەیدا دەڵێت: بەرنامەی بەرهەمهێنان و پێشخستنی مووشەکی باڵدار و قەبارەی جبەخانەی هەریەک لە وڵاتان بەو جۆرە چەکە، هێشتا ناڕوونە.

راپۆرتەکە دەڵێت: ئیسرائیل کە تاکە دەوڵەتی ناوەکیی ناوچەکەیە، لەبواری بەرهەمهێنانی مووشەکە باڵدارەکان پێشەنگ بووە، بەڵام لەماوەی دوو دەیەی رابردوودا هەریەک لە ئێران و تورکیاش خۆیان گەیاندۆتەوە ئیسرائیل و بوونەتە بەشێک لەو وڵاتانەی ئەو جۆرە مووشەکانە پەرە پێدەدەن و بەرهەمیان دەهێنن.

بەپیی راپۆرتەکە، هەرچی ئیماراتیشە، هەنگاوە سەرەتاییەکانی بەو ئاراستەیە دەستپێکردووە.

دۆخی وڵاتانی تری ناوچەکە چۆنە؟
راپۆرتەکە دەڵێت هەندێک لە وڵاتانی وەک جەزائیر، میسر، کوێت، سعوودییە و قەتەر هەوڵی کڕینی ئەو جۆرە مووشەکانەیان لەدەرەوە داوە، یان لەئایندەیەکی نزیکدا کار لەسەر دەستخستنیان دەکەن.

دەشڵێت هەوڵدان دەستکەوتنی تەکنەلۆژیای پێشخستنی مووشەکە باڵدارەکان هەر لەلایەن دەوڵەتانەوە نییە، بەڵکو حوسییەکانی یەمەنیش توانای بەکارهێنانی ئەو موشەکانە و فرۆکەی بێفڕۆکەوانیان هەیە کە بەهاوکاری ئێران دەتوانن ئامانجەکان لەناو سعوودییەدا بپێکن.
گرنگیی سەربازیی مووشەکە باڵدارەکان لەچیدایە؟
راپۆرتە بەریتانییەکە دەڵێت گرنگی مووشەکە باڵدارەکان بۆ سوپای وڵاتان لەوەدایە کە دەتوانن خۆیان لە رادارەکان بشارنەوە و بەسەر سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییەکاندا زاڵبن.

لەئێستادا بەهۆی بوونی سیستەمی بەرگری ئاسمانیی پێشکەوتوو و تەیارکراو بە مووشەکی زەویی بە ئاسمان کە دەتوانن ئامانجە ئاسمانییە کلاسییەکان لەشێوەی فڕۆکەی هێرشبەر و مووشەکی بالیستی بەئاسانی بدۆزنەوە، گرنگی مووشەکە باڵدارەکان بۆ سوپای وڵاتان زۆر زیادی کردووە.

دەشڵێت ئەو وڵاتانەی کە هێزێکی ئاسمانیی لاوازیان هەیە، دەتوانن پشت بە مووشەکە باڵدارەکان ببەستن و ‌هێرشی گەورە بۆسەر ئامانجەکانی دوژمن لە قوڵایی خاکەکانیاندا ئەنجام بدەن، تەنانەت ئەگەر دوژمن توانایەکەی سەربازیی زۆر پێشکەوتووتریشی هەبێت.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی