لەسەر سەرۆك شارەوانییەكی کورد دادگای ئەوروپا ئیدانەی توركیا دەکات

کوردستان

14/09/2021‌ 1031 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا ڕۆژی سێشەممە ئیدانەی تورکیای کرد کە ماوەی دوو ساڵە سەرۆک شارەوانییەکی ئۆپزسیۆنی دەستبەسەرکردووە بەبێ دادگاییکردن.

 دادگای سەر بە ستراسبۆرگی یەکێتى ئەوروپا ڕایگەیاند، لابردنی تونجەر بەکرهان، چالاکوانی دێرینی کورد، لەسەر کارەکەی وەک سەرۆکی شارەوانی سیرت، ماوەیەکی کورت پاش هەڵبژاردنەکانى 2014 بە  ئاشکرا نەگونجاو بوو سەرپێچی کردنیش بوو لە مافی ئازادی و مافی ڕادەربڕین.

تونجەر بەکرهان، سەرۆکی شارەوانی سیرت و ئەندامی پارتی ئاشتی و دیموکراسی (بەدەپە) لەلایەن توركیاوە تۆمەتبار کرا بەوەی پەیوەندی هەبووە لەگەڵ پەکەکەدا، دوای لادانی لەسەر كارەكەی، بۆ ماوەی دوو ساڵ و هەشت مانگ لە زیندان مایەوە، مانگی 10 ی ساڵی 2019 دادگایكرا و سزای 10 ساڵ زیندانیکردن بەسەردا سەپێنرا.

بەکرهان سکاڵای لە دژی ڕاگرتنی بەر لە دادگاییکردن بردە بەردەم دادگای ئەوروپا و دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا ڕایگەیاند، دەستگیرکردنی داواکار، نوێنەرێکی هەڵبژێردراوی خەڵکی بۆ ئەو ماوە زۆرە لەسەر حیسابی چالاکییە سیاسییەکانی دەستێوەردانێکی دروستکرد، کە بە ئاشکرا ناگونجێت لەگەڵ ئەو ئامانجە ڕەوایانەی کە هەوڵی بەدەستهێنانی دەدەن.

دادگای ئەوروپا بڕیاریدا، تورکیا بڕی 11 هەزارو 800 دۆلار بدات بە بەکرهان وەک قەرەبوو لەگەڵ زیاتر لە 3 هەزار دۆلار بۆ خەرجییەکانی.

لەماوەى پێنج ساڵی رابردوودا حکومەتى تورکیا زیاتر لە ٩٠ سەرۆک شارەوانى کوردى لە باکورى کوردستان دەستگیر کردوە کە لەناویاندا گوڵتان کشناک هەیە کە سەرۆک شارەوانى گەورەى ئامەد بوو.
س.س