شارپرێس:
لێکۆڵینەوەیەکی نوێی فەڕەنسیی ئاشکرایکردوە، کوتانی بۆتۆکس بۆ نەهێشتنی چرچو لۆچی ڕوخسار کاریگەریی لەسەر ڕێگریکردن لەتوشبون بەڤایرۆسی کۆڕۆنا هەیە.
بەگوێرەی رۆژنامەی دەیلی مەیڵی بەریتانی، ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە ئەوەی دەرخستوە، لەکۆی 200 توشبوو کە تاوەکو مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوو بۆتۆکسیان کردوەو ماوەی سێ مانگ چاودێری دۆخی تەندروستیان کراوە بەوەی ئاخۆ توشی کۆڕۆنا بون یان نا، لەئەنجامدا دەرکەوتوە کە تەنها دوو کەسیان نیشانەکانی نەخۆشییەکەیان لەسەر دەرکەوتوە.
لەبەرامبەردا بەشێک لەپسپۆڕان ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە ڕەتدەکەنەوەو دەڵێن:"هیچ بەڵگەیەک نییە کە بیسەلمێنێت کە بۆتۆکس کردن کاریگەریی هەیە لەسەر بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا".
بۆتۆکس کە بۆ نەهێشتنی چرچو لۆچی ڕوخسار بەکاردەهێنرێت، بەڵام لەبواری تری پزیشکیشدا بەکاردەهێنرێت، وەک ئەوەی بۆ یارمەتیدانی ئەو نەخۆشانە بەکاردەهێنرێت کە بەدەست شەقیقەو پێچە خۆنەویستەکانی ماسولکەوە دەناڵێنن.
و: ئاکۆ ئاڵی