پەرلەمانتارێک هەوڵێکی مەترسیداری تورکمانەکان لەکەرکوک لە هەڵبژاردنەکان ئاشکرا دەکات

کوردستان

18/09/2021‌ 2397 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەندامێکى پەرلەمانى کوردستان ئاشکرای دەکات کە نزیک بوونەوەی رێککەوتنی هەولێر و بەغداد لەسەر پرسی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکوک و تەواوی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، جارێکی تر شۆڤێنییە تورکمان و عەرەبەکان کەوتنە داواکارییەوە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە کەرکوک. 

لیزا کاکەیی ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لە فراکسیۆنى پارتى رایگەیاند"نزیک بوونەوەی رێککەوتنی هەولێر و بەغداد لەسەر پرسی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکوک و تەواوی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، جارێکی تر شۆڤێنییە تورکمان و عەرەبەکانی هێنایە لەرزین و هەر بۆیە کەوتنە داواکارییەوە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە کەرکوک. پاش ئەوەی ئەم هەوڵە نا لۆژێکییە سەری نەگرت بەوە نەوەستان".

کاکەیی ئاشکرای دەکات کە لە ئێستادا لیژنەیەکی پێنج کەسیان بۆ سەرپەرشتیکردنی پڕۆسەی هەڵبژاردن لە کەرکوک دامەزراندووە، کە سەرجەم ئەندامانی لیژنەکە لە پێکهاتەی تورکمان و عەرەبن و بەشداریان بە هیچ ئەندامێکی کورد نەکردووە، لە هەمووشی کارەساتبارتر ئەوەیە کە نەتەوەیەکگرتوەکان سەرپەرشتی ئەم لیژنەیە دەکات و نازانرێت چۆن چاوپۆشی لەم نا حەقییە زەقە کردووە بەرامبەر بە کورد و رێگەی داوە دوو پێکهاتەی عێراق کودەتا بەسەر پێکهاتەی کورد بکەن کە گەورەترین پێکهاتەی ناوچەکەیە.

ئاماژەى بەوەشکردوە، ئەمە پێشێلکارییە لە مافی پێکهاتەکان و کەموکورتییەکی یاسایی و سیاسییە بۆ نەتەوەیەکگرتوەکان کەوا چۆن و بە چ شێوەیەک نادادپەروەرانە چاوپۆشی لەم هەنگاوەی شۆڤێنییەکان کردووە.

لیزا کاکەیی دەشڵێت"تورکمانەکان چەندین فۆرمی خۆراکیان لە دەشتی نەینەواوە بۆ کەرکوک گواستووەتەوە، هەروەها لەبەرئەوەی بازنەی (سێ) لە کەرکوک کە سێ کورسی تێدایە و سەرجەمی بۆ پێکهاتەی عەرەبە بۆیە بە هەزاران فۆرمی خۆراک لە بازنەی (سێ)وە بۆ بازنەی (دوو) گواستراوەتەوە بۆ ئەوەی تەواوی کورسییەکانی بازنەی (دوو) کۆنترۆل بکەن و رێگە نەدەن کورد هیچ کورسییەک لەوێ بەدەست بهێنێت".

پەرلەمانتارەکەى پارتى ئەوەشى خستووەتەڕوو کە پێکهێنانی ئەم لیژنەیە بەسەرپرشتی نەتەوە یەکگرتوەکان مەترسییەکی جدی بۆ دەنگی کورد لە کەرکوک دروست دەکات و پێویستە هەرچی زووە لایەنە سیاسییە کوردییەکان رێگری بکەن لەم پیلانە مەترسیدارە کە دژی دەستووری عێراق و بنەمای پێکەوەژیانە.