حەشدی شەعبی تۆمەتێک دەخاتە پاڵ پێشمەرگە

کوردستان

23/09/2021‌ 3930 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەرپرسێکی هێزەکانی حەشدی شەعبی لەمیحوەری باکور، هێزەکانی پێشمەرگە تۆمەتباردەکات بەوەی لەبەرامبەر جموجۆڵەکانی داعش لەناوچەکانی نزیک کۆنترۆڵی هێزەکانیان لەنێوان سنوری کەرکوک‌و هەرێمی کوردستان بێدەنگن، ده‌شڵێت:"ئه‌و بێده‌نگیه‌ بەشێوەیەکه‌ وەک ئەوەی بابەتەکە پەیوەندی بەوڵاتێکی ترەوە هەبێت".


عەلی حوسێنی بەرپرسی ڕاگەیاندن‌و پەیوەندییەکانی فەرماندەی هێزەکانی حەشدی شەعبی میحوەری باکور لەلێدوانێکدا بەپێگەی "مەعلومە"ی وتوە، "ئەو پێشێلکارییە ئەمنیانەی لەکەرکوک ڕودەدەن دەکەونە ناوچەکانی نێوان کۆنترۆڵی هێزەکانی پێشمەرگەو هێزە ئەمنییە فیدراڵییەکان".

باسی لەوەشکردوە، هێزەکانی پێشمەرگە هیچ کاردانەوەیەک بەرامبەر بەهێرشە تیرۆریستییەکانی داعش لەناوچەکانی نزیک کۆنترۆڵی هێزەکانیان پیشان نادەن.

حوسێنی لەلێدوانەکەیدا وتویه‌تى، "هەندێک ناوچەی جیاکەرەوەی نێوان کەرکوک‌و هەرێمی کوردستان ناوبەناو پێشێلکاریی ئەمنیی تێدا ڕودەدات کە ئەوەش پەیوەندی بەوەوە هەیە کە کەلێن لەنێوان خاڵەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزە ئەمنییەکان‌و حەشدی شەعبیی‌و هێزەکانی پێشمەرگەدا هەیە".

ئه‌وه‌شى وتوه‌، "داعش ئەو مەودایەی لەنێوان هێزە ئەمنییەکان‌و پێشمەرگە بۆ ئەنجامدانی هێرشەکانیان دەقۆزێتەوە، هێزەکانی پێشمەرگە هیچ گوێ بەو هێرشە تیرۆریستیانە نادەن کە لەناوچەکانی نزیک لەخاڵەکانی جێگیربونیان ڕودەدەن، بەشێوەیەک وەک ئەوەی هێرشەکە لەناو خاکی وڵاتێکی تردا ڕویدابێت".

دەشڵێت:"لەدوای سەردانەکەی ئەمدواییەی وەزیری بەرگریی‌و فەرماندە ئەمنییەکان بۆ کەرکوک، دەستیانکردوە بەپڕکردنەوەی ئەو کەلێنە ئەمنیانەی لەپارێزگای کەرکوكدا هەبون، بەتایبەت لەناوچە جیاکەرەوەکانی نێوان کۆنترۆڵی هێزە فیدراڵییەکان‌و هێزەکانی پێشمەرگە".