ئاسۆ فەرەیدون: بەغدا ناوەندی بریاری سیاسییەو دەبێت وابکەین هەرێم و بەغدا نزیکببنەوە

کوردستان

30/09/2021‌ 1267 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئاسۆ فەرەیدون کاندیدى هاوپەیمانى کوردستان و پارێزگارى پێشووی سلێمانى لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ شارپرێس دەڵێت، لە ٢٠٠٩ وە تەرازووی سیاسی لەنێوان زۆنى سەوزو زەرددا تێکۆچوو، واتە هاوسەنگی سیاسی لاواز بوو دەنگەکانى زۆنى سەوز بەراورد بە زۆنى زەرد کەمی کرد،بۆیە تێکچوونى هاوسەنگی هێزیش کاریگەرى لەسەر هەرێمى کوردستان دەبێت".

ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو پێشتر لە سلێمانى تاقیکراوەتەوەو پابەند بووە بە بەڵێنەکانى خۆییەوە لەوانەش پابەند بووە بە رێکەوتنى سیاسییەوە کە دەسەڵات بەجێبهێڵێت، پابەند بووە بە بڕیاری خۆیەوە کە لەگەڵ خەڵکەکەى خۆیدا بێت و جێیان نەهڵێت.

ئاسۆ فەرەیدون دەشڵێت، لە رابردوودا پشتگیرى خۆپیشاندەران و فەرمانبەرانم کردووەو لەسەر ئەوەش باجم داوە، هەر لە رابردوودا چوومە بەغدا بۆ نەوت و گازو محاویلەى کارەباو پێداویستى پزیشکی و پەروەردە چوومەتە بەغداو باجیشم لەسەر داوە لەکاتێکدا کە حکومەتى هەرێم لە قەیرانى گەورەدا بووەو نەیتوانیوە ئەو پێداویستییانە بۆ خەڵک دابین بکات".

هەروەها ناوبراو باس لەوە دەکات ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ بەغدا هەیەتى کە کاتى خۆی بۆ پێداویستییەکانى خەڵک دروستیکردوە دەتوانێت لە داهاتوودا یارمەتیدەر بێت بۆ خزمەتکردنى زیاترى خەڵکى کوردستان.

هەر لەقسەکانیدا بۆ شارپرێس ئاسۆ فەرەیدون باس لەوە دەکات، کە بەغدا ناوەندی بریاری سیاسییە، بۆیە دەبێت ئەوان کارێک بکەن ئەو بڕیارانەى لە بەغدا دەردەچن لە قازانجی خەڵکى کوردستانیش بێت، دەشڵێت" دەبێت کارێک بکەین بەشێک بین لە دووبارە نزیکبوونەوەى هەرێمى کوردستان و بەغدا بەشێوازێک کە لە قازانجی خەڵکى کوردستان بێت".

س.هـ