پێنج مەترسیی ڕۆژانە خۆشۆردن

تەندروستی

04/10/2021‌ 1048 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی ڕۆژنامەی "دەیلی مەیڵ"ی بەریتانی، د.مایک ڤارشاڤسکی لەڕێگای گرتەیەکی ڤیدیۆییەوە کە لەهەژماری تایبەتی خۆی لەسەکۆی تیک تۆک باسی لەمەترسییەکانی ڕۆژانە خۆشۆردن کردوە، هەر لەوشککردنەوەی پێست، بۆ دروستکردنی کڕێژو لەناوبردنی بەکتریا بەسودەکان کە پارێزگاریی لەپێست دەکەن.

د.مایک دەڵێت: لەڕاستیدا پێویست ناکات هەموکەس ڕۆژانە خۆی بشوات، لەبەرئەوەی ئەو خوە پێنج کاریگەریی خراپی هەیە کە ئەوانیش بریتین لە:

وشکبونەوەی پێست
د.ڤارشاڤسکی دەڵێت:"یەکەم کاریگەریی نەرێنی ڕۆژانە خۆشۆردن بریتییە لەوشکبونەوەی پێست، لەبەرئەوەی ئەو خوە دەبێتە هۆی دروستکردنی قڵیش لەپێستدا کە بەهۆیەوە بەکتریاو مادە دروستکەرەکانی هەستەوەریی دەتوانن بچنە ژێر پێستەوە".

دروستکردنی کڕێژ
دوەم کاریگەریی ڕۆژانەى خۆشۆردن دروستکردنی کڕێژە، ڤارشاڤسکی دەڵێت:"کڕێژ لەپێستی سەری وشکەوە دروستدەبێت، بەتایبەت ئەگەربێت‌و زیادەڕەوی بکرێت لەسۆردنى قژی سەر بەشامپۆ".

لەناوچونی قژ
یەکێکی تر لەزیانەکانی ڕۆژانە خۆشۆردن زیانگەیاندنە بەقژ، بەتایبەت ئەگەربێت‌و زۆر بەشامپۆ بشۆرێت، ئەویش لەبەرئەوەیە کە شامپۆ چەورییی سروشتیی خۆراکپێدەری قژ لادەبات‌و لاوازی دەکات.

کوشتنی بەکتریا بەسودەکان
د.ڤارشاڤسکی دەڵێت:"یەکێک لەهۆکارەکانی تر کە وادەکات لەخۆشۆردنى ڕۆژانە دوربکەوینەوە ئەوەیە کە ئەو خوە دەبێتە هۆی کوشتنی ئەو بەکتریا بەسودانەی کە پارێزگای لەپێست دەکەن، دەشڵێت:"کاتێک سابونی دژە بەکتریا بەکاردەهێنرێت، دەبێتە هۆی کوشتنیان‌و زیانگەیاندن بەپێست".

بەفیڕۆدانی ئاو
پێنجەم هۆکار کە بەلای دکتۆر ڤارشاڤسکییەوە گرنگییەکی زۆری هەیە بۆئەوەی لەخۆشۆردنى ڕۆژانە دوربکەوینەوە بریتییە لەبەفیڕۆدانی بڕێکی زۆر لەئاو، بەوتەی ئەو لەگەڵ کەمبوونەوەی ئاو ژێر زەویی‌و بەرزبوونەوەی خواست لەسەر ئاو پێویستە زیاتر دەست بەئاوەوە بگرین.