شارپرێس:
بۆ هەندێك مایەی دڵخۆشیو بۆ هەندێکیش شۆکێکی گەورەیەو بەئاسانی ناتوانن ئەنجامەکان قبوڵبکەن. ئەو هێزانەی چاویان لەسەر سەرکەوتنی کاندیدێکیان بوو لەناوچەیەکی دیاریکراو نەیانتوانی دەنگی پێویستی بۆ کۆبکەنەوەو ئەوانەشی تاڕادەیەک بێهیوابون لەسەرکەوتن دەنگێکی زۆریان بەدەستهێنا. ڕێژەیەکی زۆر کەمی هاوڵاتیان بەشداریی پرۆسەکەیان کرد، بەڵام بایکۆت هیچ کاریگەری لەسەر ئەنجامەکان جێنەهێشت، ئەو هێزانەی بەمەبەستی بردنەوەی کورسی کۆتا، ژنانیان کاندیدکردبوو، لەهەندێک بازنە ژنەکان دەنگی یەکەمیان بەدەستهێنابوو نەک دەنگی کۆتا.
ڕۆژى 10ی ئۆکتۆبەر لەسەرتاسەری عێراقو هەرێمی کوردستان پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، کە بەپێی دواین داتای کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژادنەکان لەسەرتاسەری وڵاتدا لە41%ی ئەوانەی مافی بەشدارییان هەبوو لەپرۆسەکەدا بەشداربونو دەنگیان خستە نێو سندوقەکانی هەڵبژاردنەوە.
کەمی ئەم بەشدارییە ئەگەرچی هیچ کاریگەری لەسەر ئەنجامەکان دانەنا، بەڵام چاودێران بەبەرزکردنەوەی کارتی سوری دادەنێن بەڕوی هێزە سیاسیەکاندا.
ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن بەجۆرێکن کە پارتیو یەکێتی ئەگەر دەنگەکانیان زیادینەکردبێت هیچ کەمینەکردوەو دۆخەکەیان هەر وەک خۆی ماوەتەوە، ئەوەی بۆ ئەوان مایەی شۆکو سەرسوڕمان بوو سەرکەوتنی هەندێک لەبەربژێرەکانیانە کە هیوایەکی زۆریان لەسەر هەڵنەچنیبونو کەوتنی بەشێکی تریانە کە هەموو هێزو توانای حزبەکە خرابوەگەڕ بۆ سەرکەوتنیان، بەڵام لەئەنجامدا نەیانتوانی دەنگی پێویست بەدەستبهێنن.
هەرچی تایبەتە بەبزوتنەوەی گۆڕان کە وەک هێزی سێیەمی گۆڕەپانەکە حسابی بۆ دەکرا هەم سەرکردەو بەرپرسانیو هەم ئەندامو لایەنگرانی توشی شۆکێکی گەورەبونو وێڕای هاوپەیمان بونیان لەگەڵ یەکێتیو خستنەگەڕی توانایەکی زەبەلاحی داراییو مرۆییو میدیایی نەیانتوانی هیچ کاندیدێکیان بگەیەننە پەرلەمان، لەکاتێکدا ئەوان لەخولەکانی پێشودا خاوەنی نۆ کورسی پەرلەمانو لەخولی ڕابردوشدا پێنج کورسیان هەبوو کە لەمدواییانەداو بەهۆی کێشە ناوخۆییەکانی بزوتنەوەکەوە کارەکانیان لەگەڵ بزوتنەوەکە هەڵپەساردبوو.
بزوتنەوەی گۆڕان لەسلێمانیو گەرمیانو هەولێر چاوی لەبردنەوەی بێ چەندو چونی چوار کورسی بوو کاری بۆ زیادکردنی ئەو ژمارەیەش دەکرد، بەڵام بەپێی ئەو ئەنجامانەی لەسندوقەکانەوە هاتنە دەرەوە بزوتنەوەکە ڕێژەی دەنگەکانی هێندە کەمبوو کە لەهیچ بازنەیەک بەشی دەرچونی کاندیدەکانی دەنگی نەهێنابوو.
بەهەموو پێوەرێک بزوتنەوەی گۆڕان زیاندمەندو دۆڕاوی یەکەمی ئەم هەڵژاردنەیەو جەماوەرو دەنگدەرانیان سزایەکی توندی بزوتنەوەکەیانداوە کە ڕەنگە بزوتنەوەکە بخاتە بەردەم دوڕیانی بەردەوامبونو نەبون لەکاری سیاسی.
هێزە ئیسلامیەکان ئەگەرچی نەیاتوانی پێکەوەو بەیەک هاوپەیمانی بەشداریی پرۆسەکە بکەن، بەڵام لەزۆربەی بازنەکانی هەڵبژاردن کاندیدیان بەشداریی پرۆسەکەی کردو بەپێی دابەشبونی دەنگدەرو لایەنگرانیان قورسایی کارکردنو بانگەشەیان دابەشبووبوو بەسەر زۆنەکاندا.
یەکگرتوو چاوی لەبردنەوەی لانیکەم دوو کاندید بوو دەیویست هەرچی کردوە پارێزگاری لەژمارەی پەرلەمانتارەکانی بکات لەبەغدا هەرچەندە چاودێران ئەوەیان بەئەستەم دەزانی بۆ ئەو حزبە.
کۆمەڵی دادگەری کە ئەویش خاوەنی دوو کورسی پەرلەمان بوو چاوی لەوەبوو ژمارەکە زیادبکاتو بەهەموو پێوەرێکی نێو خۆیی حزبەکەو بەقسەی بەرپرسانی حزبەکە چاویان لەوەبوو لەسلێمانی دوو کورسیو لەهەولێر کورسیەک بەدەستبهێننو کاریان بۆ کورسی چوارەم دەکرد.
بەڵام لەپڕو لەئەنجامەکانی هەڵبژاردنەوە هاوکێشەکە پێچەوانەبوەوەو کۆمەڵی دادگەری توانی تەنها یەک کورسی بۆ سۆران عومەر بەدەستبهێنێتو ئەحمەدی حاجی ڕەشید کە تەواوی هیواو قورسایی حزبەکە لەسەر ئەو بازنەیەبوو کەو ناوبراوی لێ کاندیدە نەیتوانی پێش کاندیدەکەی یەکگرتوو بکەویت کە ململانێیەکی توند لەنێوانیاندا هەبوو.
هەرچی پەیوەستە بەیەکگرتوی ئیسلامییەوە پێچەوانەی هەموو هێزەکانی ترو پێچەوانەی دوو هەڵبژاردنی پێشوو هەم لەڕوی دەنگەوەو هەم لەڕوی کورسییەوە دەنگەکانیان زیادیکردو توانیان لەبادینان جەمال کۆچەری کاندیدیان پێش سەرجەم کاندیدەکانی حزبەکانی تر بخەنو لەهەڵەبجەش موسەننا ئەمینی تاکە کاندیدیان بەجۆرێک سەربخەن کە بەدەر لەهەموو ڕاپرسیو پشێبینیەکانەوە بێت کە تاڕۆژی پێش هەڵبژاردن جگە لەیەکگرتوەکان کەسی تر چاوی لەدەرچونی ناوبراو نەبوو.
لەنێو سەنتەری پاریزگای سلێمانیش کاندیدی یەکگرتوو وێڕای بونی ململانێیەکی توندی هێزەکانی تر کە هیچ هیوایەکی بۆ ئەمان نەهێشتبوەوە دارا سێکانیانی توانی ببێتەکاندیدی براوەی سێیەمی حزبەکەو ئێستا چاویان لەبردنەوەی کورسی چوارەمە لەبادینان.
کاندیدە سەربەخۆکان کە ژمارەیەکی زۆربونو بەهێزترینیان ئەو پەرلەمانتارانەبوون کە بەشێکبون لەهاوپەیمانی هیوا، پێشترو تادواساتەکانی بانگەشەش دروشمی بەردەوامبونیان بەرزکردبۆوەو بانگەشەی ئەوەیاندەکرد کە بردنەوەیان مسۆگەرەو هیچ ئەگەرێک بۆ کەوتنیان نییە، لەگەڵ دەرکەوتنی ئەنجامەکان هەمویان توشی شۆکبونو ناچار بەقبوڵکردنی دۆڕانو شکستیان بون.
ئەوان کە دابەشبوبون بەسەر چەند بازنەیەکی پارێزگای سلێمانیداو وەک یەک تیمی پێکەوەیی کاریاندەکرد بەپێی ئەنجامی چەند ڕاپرسیەکو بەبۆچونی چاودێرانی سیاسی ئەگەری دەرچونی تەنها غالب محەمەد لەبازنەی پێنجی هەڵبژاردن هەبوو، بەپێچەوانەوە نە ڕێبوار کەریمو نە سەرکەروت شەمسەدین هیچ دەرفهتێکی دەرچونیان لەبەردەم نەبوو، بەڵام لەئەنجامەکاندا دەرکەوت کە هیچکام لەکاندیدە سەربەخۆکان ناتوانن بچنە پەرلەمانی داهاتوی عێراق.
نەوەی نوێ کە لەبانگەشەی هەڵبژاردندا بەردەوام باسی لەدروستکردنی موفاجەی هەڵبژاردن دەکرد لەکاتی دەرکەوتنیئەنجامەکاندا دەرکەوت ئەو موفاجەئەیەی باسیدەکرد ڕودەدات بەجۆرێک کە لەسەرتاسەری کوردستان دەنگێکی زۆری بەدەستهێناوەو زۆرینەی کاندیدەکانی توانیویانە دەنگێکی زۆری دەنگدەران مسۆگەربکەنو چونە پەرلەمانیان مسۆگەرکردوە.
لەهەندێک لەبازنەکانی هەڵبژاردن کاندیدەکانی نەوەی نوێ ڕیزبەندی یەکەمییان گرتەوەو بەڕێژەیەکی زۆر پێش دەنگی کاندیدانی تر کەوتون.
ڕێبوار ئەوڕەحمانو ئاریان تاوەگۆزییو مۆفەق حسینو سروە عەبدولواحید ئەو کاندیدانەی جوڵانەوەکەن کە توانیویانە ڕیزبەندی یەکەمو دوەمی دەنگەکان بەدەستبهێنن لەسنوری بازنەکانیاندا.
ئەم ئەنجامانە بۆ نەوەی نوێ خوێندنەوەی جۆراوجۆری بەدوای خۆیداهێناو بەشێک پێیانوایە، جوڵانەوەکە بوەتە جێگرەوەی بزوتنەوەی گۆڕانو توانیویەتی سەرجەم کورسیەکانی ئەو بزوتنەوەیە بۆ خۆی ببات، بەشێکیش پێیانوایە جوڵانەوەکە لەخولەکانی ڕابردودا لەپەرلەمانی کوردستانو پەرلەمانی عێراقیش بەجۆرێک لەبەریەکهەڵوەشاوە کە پێدەچێت ئەمجاریش حزبەکانی دەسەڵات گڵۆپی سەوزیان بۆ هەڵکردبێت بۆ لاوازکردنی هێزەکان ترو دواتر یان بەڕێککەوتن یان بەکڕینی پەرلەمانتارەکانیان شکست بەم سەرکەوتنەی جوڵانەوەکە دەهێنن، بەڵام ئەمە هیچ لەو ڕاستیە کەمناکاتەوە کە نەوەی نوێ براوەی یەکەمی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکی دوێنێیەو بزوتنەوەی گۆڕانیش دۆڕاوی یەکەمی پرۆسەکەیە.