ئایا ئەگەری هێرشی سەربازیی نوێی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان هەیە؟

کوردستان

14/10/2021‌ 2209 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای لێدوانەکەی سەرۆکی تورکیا بەوەی چیتر لەبەرامبەر ئەو هێرشانەی لەباکوری سوریا (ڕۆژئاوای کوردستان) دەکرێتەسەر هێزەکانی تورکیا ئارامگریان نەماوە، بەشێک لەشرۆڤەکارانی ئەو وڵاتە پێیانوایە، لەماوەیەکی نزیکدا تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی نوێ دەکاتەسەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان.


بەکیر ئاتاجان بەڕێوەبەری (پەیمانگای ئیستەنبوڵ بۆ هزر) لەلێدوانێکدا بەپێگەی (ئەلحوڕڕە)ی وتوە، "تورکیاو ڕوسیا نەوەک هەر لەپرسی سوریا، بەڵکو لەسەر چەندین دۆسیەی تریش ناکۆکی گەورەیان هەیە، وەک لەدۆسیەی لیبیاو قرمدا".

ئاتاجان هەروەک دەڵێت:"پەیوەندی هەیە لەنێوان ئەو هێرشانەی لەباکوری سوریاوە دەکرێتەسەر هێزەکانی تورکیاو ئەو ناکۆکیانەی لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا هەیە، هەموو ئەو گوشارانە لەلایەن مۆسکۆوە پلانیان بۆدانراوە تاوەکو تورکیا ناچاربکەن بەو مەرجانە ڕازیی بێت کە لەلایەن ڕوسیاوە بەسەریدا دەسەپێنرێت".

بەڕێوەبەری پەیمانگا تورکییەکە پێشبینیکردوە، لەماوەیەکی نزیکدا تورکیا هێرشی سەربازیی بکاتەسەر ناوچەیەکی ڕۆژئاوای کوردستان کە ئەو جێگایەش ڕەنگە تەلڕەفعەت نەبێت کە زۆربەی چاودێران گومانیان بۆی دەچێت، بەڵکو هێرشەکە ناوچەیەکی فراوانتر دەگرێتەوە.

هەر لەوبارەیەوە، ڕامی ئەلشاعیر دیبلۆماتکاری پێشوو نزیک لەوەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا دەڵێت:"ئەو گرژیانەی ئێستا لەباکوری سوریا هەیە زۆر سنوردارن".

ڕەتیشیدەکاتەوە، "فڕۆکەکانی ڕوسیا بەشێوەی هەڕەمەکیی ئامانجەکان بۆردومان بکەن، بەڵکو ڕوسیا هەر ئامانجێک بۆردومان بکات لایەنی ئەمریکی‌و تورکی‌و سوری لێ ئاگاداردەکاتەوەو پڕۆسەکەش بەپشتبەستن بەزانیاریی هەواڵگری ورد دەکرێت‌و دڵنیادەبێتەوە کە ئامانجەکە تیرۆریستییە، بۆیە ئامانجی ڕوسیا گوشارخستنەسەر تورکیا بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی نییە".

شاعیر دەڵێت:"زۆرینەی ئەو ‌هێرشانەی دەکرێنەسەر هێزەکانی تورکیا لەناو ناوچانەوە دەبن کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئەمریکادایە، نەوەک ڕوسیا".

لەوچوارچێوەیەدا، ڕیاز دەڕه‌رار هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات هەر هێرشێکی سەربازیی نوێی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان بەدوردەزانێت‌و دەڵێت:"لێدوانە توندەکانی ئەمدواییەی تورکیا بۆ گەرمکردنی شەقامی تورکییە، لەبەرئەوەی ئەنکەرە لەلایەن واشنتۆنەوە گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵنەکراوە تاوەکو ڕوبەرێکی زیاتری خاکی سوریا داگیربکات".

بەرپرسەکەی "مەسەدە" بەئاژانسی هاوار نیوزی ڕۆژئاوای کوردستانی ڕاگەیاندوە، "تورکیا دەیەوێت لەڕێگای گرژکردنی دۆخەکەو خۆدزینەوە لەچارەسەری سیاسیی، ویستی خۆی بسەپێنێت، بەتایبەت دوای ڕێکارەکانی ئەمریکا بۆ گۆشەگیرکردنی تورکیاو گوشارەکانی ڕوسیا لەسەری بۆ گێڕانەوەی ئیدلب بۆ ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی ئەسەدو کۆنترۆڵکردنی ڕێگای M4 لەنزیکترین کاتدا، بۆیە ئامانجی تورکیا بەردەوامبونی دۆخی ئێستایە نەوەک ئەنجامدانی ‌هێرشی نوێی سەربازیی بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان".

و: ئاکۆ ئاڵی