مستەفا قەرەسوو: پێنج گەریلاکەی خەلیفان پێشمەرگەی ڕۆژ بە هاوکاری پارتی شەهیدی كردوون

کوردستان

15/10/2021‌ 1769 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس

مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە ڕایگەیاند، پێنج گەریلاکەی خەلیفان لەلایەن پێشمەرگەکانی ڕۆژ و بە هاوکاری پەدەکە شەهیدکراون.


مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆماجڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە دیمانەیەکیدا کە کەناڵی مەدیا خەبەروتی: هیچ گومانێکی تێدا نییە، ئەو پێنج گەریلایە بە دەستی پەدەکە شەهیدبوون، ئەوەی لە خەلیفان ڕویدا،بابەتێکی جددیە، بەڵام هێشتا بەرپرسانی سنورەکە هیچ لێدوانێکیان لەبارەوە نەداوە، بێ ئەوەی هۆشیاری و ئاگادار کردنەوەیەکی پێشوەختە بدەنە گەریلاکان، کەچی هێرشیان کردۆتە سەریان و شەهیدیان کردوون، ئەمە دوژمنایەتی و نۆکەریی نییە بۆ داگیرکەر و دوژمنان؟.

ئەندامەکەی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە وتیشی: پێشمەرگەکانی ڕۆژ، خۆیان دانیان بەوەدا ناوە کە ئەو کارەیان ئەنجامداوە، بەو پێیەی پێشمەرگەکانی ڕۆژ، کاتێک لەگەڵ بنەماڵە و خێزانەکانیان لە ڕۆژئاوا قسەیان کردووە، پێیان ڕاگەیاندوون، گەریلاکانی پەکەکە هاتوونەتە خەلیفان و  ئێمەش ڕووبەڕوویان دەبینەوە، بەوەش ڕوون و ئاشکرایە، ئەو گەریلایانە لەلایەن هێزە تایبەتەکانی پارتی و چەکدارانی ڕۆژشەهیدکراون.

قەرەسوو داواشی لە گەنجانی کوردی نیشتەجێی ئەوروپا کرد، خاوەنداری لە بەرخۆدانی گەریلاکان بکەن و پێشەنگایەتی چالاکییەکان دژی داگیرکاری و بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی بکەن کەلە دژی گەریلاکان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بەکار دەهێندرێت.

ڕۆژی ٣ی ١٠ی ٢٠٢١ ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هەپەگە ڕایگەیاند، تیمێکی حەوت کەسیی گەریلاکانیان لە شەوی ٢٨ی ئاب لە ناوچەی خەلیفان کەوتوونەتە بۆسەی هێزەکانی پارتییەوە و لەئەنجامدا پێنج گەریلایان شەهیدبوون.

س.س