مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌ ڕوو له‌هه‌رێمى كوردستان ده‌كات

کوردستان

15/11/2021‌ 10437 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆکی ژوری بازرگانی سلێمانی مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌ ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "بازرگانان ده‌روازه‌كانى هه‌رێم جێده‌هێڵن‌و حكومه‌تى هه‌رێمیشمان له‌و مه‌ترسیه‌ ئاگاداركردۆته‌وه‌".


سیروان محەمەد سەرۆکی ژوری بازرگانی سلێمانی ئاشكرایده‌كات، پرۆسەی بازرگانی لەهەرێم‌و بەتایبەت لەسلێمانی سست‌و لاوازبوە، چونکە زۆربەی بازرگانەکان دەروازە سنوریەکانی هەرێمیان جێهێشتوەو ڕویان لەدەروازە سنوریەکانی عێراق کردوە.

سەرۆکی ژوری بازرگانی سلێمانی بۆ دەنگی ئەمریکا هۆكارى ئه‌و مه‌ترسیه‌ى ڕونكردۆته‌وه‌و وتویه‌تى:"سستبونی پرۆسەی بازرگانی پەیوەندی بەکارئاسانیکردنی عێراقەوە هەیە لەدەروازە سنوریەکان بۆ بازرگانەکان، بازرگانی لەدەروازەکانی هەرێم تێچوی زیاترە، بۆیە بازرگانەکان ڕوو لەدەروازەکانی عێراق دەکەن".

ده‌شڵێت:"ڕۆیشتنی بازرگانەکان زیاتر کاریگەری لەسەر جوڵەی بازرگانی لەدەروازەی پەروێزخان هەبوە، بەڵام کەم تا زۆر کاریگەری لەسەر دەروازەی باشماخیش بەجێهێشتوە".

ئاشکراشیده‌كات، حکومەتی هەرێمیان لەمەترسیەکانی ڕۆیشتنی بازرگانان بۆ دەروازەکانی عێراق ئاگادارکردوەتەوەو داوایانکردوە گفتوگۆ لەگەڵ عێراق بکرێت، تا ڕسوماتەکان هەموی وەک یەک بێت‌و لێرەش کارئاسانی بۆ بازرگانەکان بکرێت".

له‌كۆتاییشدا ده‌ڵێت:"ڕۆیشتنی بازرگانەکان لەهەرێمەوە بۆ دەروازەکانی عێراق کاریگەری لەسەر جوڵەی بازرگانی‌و هەلی کار هەبوە، چونکە لەدەروازەکاندا خەڵکێکی زۆر کرێکاریی‌و بازرگانی‌و شۆفێریی دەکەن، بۆیە هاوڵاتی‌و حکومەتیش زەرەرمەندبون".

ش.هـ