بەهۆكاری دەستدرێژی سێكسی یەكێتی یاریزانە پیشەگەرەكان بیر لەوە دەكاتەوە پاڵەوانێتییەكان لە چین بكشێنێتەوە

وەرزش

19/11/2021‌ 215 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

یەكێتی یاریزانە پیشەگەرەكان بۆ تێنسی سەر زەوی دەیەوێت پاڵەوانێتییەكان لە وڵاتی چین بكشێنێتەوە، چونكە گومان هەیە دەستدرێژی سێكسی كرابێتە سەر یاریزانێكی پیشەگەری ئەو وڵاتە.

پینگ شوای كە یەكێكە لە ئەستێرەكانی یاری تێنس لە وڵاتی چین، لەم مانگەدا لە هەژماری تایبەت بە خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاویكردووەتەوە، لەلایەن چانگ قاولی ئەندامی دەستەی بڕیاردەرانی وڵاتی چین و جێگری پێشووی سەرۆكوەزیران، رووبەرووی دەسترێژی سێكسی و پەیوەندی پچڕپچڕ بووەتەوە.

پینگ لە بڵاوكراوەیەكدا كە دوای كەمتر لە نیو كاتژمێر سڕییەوە نوسیویەتی، ئەو ناتوانێت هیچ بەڵگەیەك پێشكەش بكات كە لەو بابەتەدا یارمەتی بدات.

مەترسی بۆ سەر ئەو یاریزانە لەوەدایە كەبڵاوكراوەكەی شاردەوە، لەبەر ئەوە یەكێتی یاریزانە پیشەگەرەكانی تێنسی سەرزەوی لێكۆڵینەوەیان لەسەر ئەم بابەتە دەستپێكرد.

هەتا ئێستا وڵاتی چین هیچ شتێكی لە بارەی ئەم بابەتەوە نەوتووە هەروەها هەموو جۆرە گفتوگۆیەكی لەوبارەیەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان قەدەغە كردووە.

ستیڤ سایمۆن بەڕێوبەری جێبەجێكاری پاڵەوانێتییەكانی یەكێتی یاریزانە پیشەگەرەكان دوای بیستنی هەواڵەكە بە میدیا ئەمریكییەكانی راگەیاندووە، بیر لە كشانەوەی سەرجەم پاڵەوانێتییەكان لە وڵاتی چین دەكەینەوە.

سایمۆن لە دیمانەیەكدا لەگەڵ كەناڵی سی ئێن ئێن ئاماژەی بەوە كرد، ئەو پرسە تاوتوێ دەكەین كە سەرجەم پاڵەوانێتییەكان و گرێبەستەكان و هەر شتێكی تری تایبەت بە پاڵەوانێتییەكان لە وڵاتی چین بكشێنینەوە.

وتیشی، بێگومان ئەم بارودۆخە لە كار گەورەترە، ئێمە پێویستە رێز لە ژنان بگرین، نەك دۆخی خراپی ئەوان پەردەپۆش بكەین.

وڵاتی چین پێشوازییەكانی لە پاڵەوێنێتی یەكێتی یاریزانە پیشەگەرەكان فراوان كردووە و لە ساڵی 2019 هەشت پاڵەوانێتی لەو وڵاتە ئەنجامدراوە كە بەهای سەرجەم پاڵەوانێتییەكان 30.4 ملیۆن دۆلار بووە.

سایمۆن گومانی لەو نامەیەی رۆژی چوارشەممە هەیە گوایە پینگی تەمەن 35 ساڵ نامەیەكی نوسیوە و دزەی كردووە بۆ میدیا چینییەكان و وتویەتی، رووبەرووی هیچ دەستدرێژییەكی سێكسی نەبوومەتەوە.

یەكێتی یاریزانە پیشەگەرەكانی تێنسی سەر زەوی كە لەلایەن نۆڤاك دیۆكۆڤیچ و فاسیك پۆسبیسێلەوە دامەزراوە سورە لەسەر ئەوەی هەڵوێستی هەبێت و لە سەلامەتی تەندروستی پینگ دڵنیا ببێتەوە.

لە راگەیەندراوەكەی یەكێتییەكەدا هاتووە، یەكێتییەكەمان سورە لەسەر ئەوەی لە سەلامەتی تەندروستی و شوێنی پینگ شوای دڵنیا ببێتەوە.

رەنج رەسول