شارپرێس:
خلوسی ئاکار لەڕێگەی وتەکانییەوە دەیەوێت چی بەکوردەکان بڵێتو کوردەکانیش بۆچی بێدەنگن؟ هەرێمی کوردستان بۆتە شوێنی جوڵە سەربازییو هەواڵگریەکانی تورکیاو بەرپرسانیشی نکوڵی لەبونی وەها ناوێک دەکەن لەسەر نەخشەی جیهان. حکومەتی هەرێم کە دۆستو هاوبەشێکی بازرگانیی تورکیایە تائێستا بێدەنگە لەو هەڵوێستەو هیچی لەبارەوە نەوتوە.
بۆ چەندەمینجارو وەک هەمیشە، وەزیری بەرگری تورکیا نکوڵی لەبونی خاکێک دەکات بەناوی کوردستانەوە، کوردستانێک کە کراوە بەچوار پارچەوەو هەریەکەیان لەسنوری وڵاتیکدایە، بەڵام ئاکار دەڵێت لەهیچ شوێنێک خاکێک نییە ناوی کوردستان بێت.
ئەم قسەیەی وەزیری بەرگریی تورکیا لەکۆبونەوەیەکی لەگەڵ لیژنەیەکی پەرلەمانی وڵاتەکەی دەنگدانەوەی توندی نێوخۆییو پەرلەمانی بەدوای خۆیداهێنا، بەڵام لای بەرپرسانی هەرێم هیچی لەسەر نەوترا.
کاتێک یەکێک لەپەرلەمانتارانی هەدەپە بەخڵوسی ئاکار دەڵێت:"کۆمەڵکوژییو بەکارهێنانی چەکی کیماویی لەنێو خاکی کوردستان ڕابگرن".
ئاکار وەک ئەوەی دەستت بۆ یەکێک لەپیرۆزیەکانی بردبێت گڕدەگرێتو بەتۆنێکی توندەوە دەڵێت:"لەهیچ کوێیەکی ئەم سەر زەمینە شتێک نییە ناوی کوردستان بێت".
پەرلەمانتارێکی تریش دەڵێت:"لەعێراقیش؟".
خڵوسی ئاکار لەوەڵامدا دوای بێدەنگییەکی پڕ لەقین دەڵێت:"بەڵێ لەعێراقیش.
ئەم قسەیەی وەزیری بەرگری تورکیا هێرشیکی توندە بۆسەر تەواوی کوردستان بەگشتییو هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، چونکە خودی ئاکار لەماوەی دوو ساڵی ڕابردودا چەندینجار هاتۆتە نێو خاکی کوردستانو یەکە سەربازیەکانی وڵاتەکەی بەسەرکردۆتەوەو لەگەڵ بەرپرسانی سیاسیو سەربازیی هەرێم باسی هەڵمەتو ئۆپەراسیۆنەکانی کردوە لەنێو خاکی هەرێم.
حکومەتی هەرێمی کوردستان خاوەنی ڕێککەوتنێکی سیاسیو سەربازییو ئابوریی درێژخانەیە لەگەڵ ئەو دەوڵەتەی کە خڵوسی ئاکار لێی وەزیرەو ئێستا نکوڵی لەبونی کوردستان دەکات.
ئەوەی جێی سەرنجە لەپاش ئەو لێدوانە توندەی خڵوسی ئاکار، تائێستا هیچ بەرپرسێکی حکومەتی هەرێمو هیچکام لەدوو حزبە دەسەڵاتدارەکەی هەرێم بەتەنها وشەیەکیش نەیانتوانیوە وەڵامی بدەنەوەو بڵێن ئێرە ئەو خاکەیە کە تۆ پێتوایە لەسەر نەخشە بونی نییە.
نەیانتوانیوە پێی بڵێن کوردستان ئەو شوێنەیە کە ڕۆژانە سەدان هەزار بەرمیل نەوت ڕەوانەی بۆریەکانتان دەکاتو ئێوەش دەیکەنە سەرچاوەیەکی زۆری داهاتی وڵاتەکەتان.
نەیانتوانیوە بڵێن، کوردستان لایەنێکی ئەو ڕێککەوتنە پەنجا ساڵەیە کە ئێوەی کردوە بەسەردەستەو ئێمەشی کردۆتە ژێر دەستەی ئابوریی.
نەیتوانیوە بڵێن جەنابی وەزیر، کوردستان ئەو شوێنەیە کە سەربازەکانت بەدرێژاییو قوڵایی چەند سەد کیلۆمەترێک لەشکرکێشییان کردوەو ژیانیان لەدانیشتوانەکەی تاڵکردوە.
ئەوان تائێستاش نەیانتوانیوە پێی بڵێن کوردستان ئەوخاکەیە کە ئێمەی تێدا دەژینو ساڵانە بەخۆمانو ماڵو منداڵمانەوە دێینە وڵاتەکەتانو پارەیەکی زۆر دەکەینە گیرفانی ئێوەوەو بەناوی گەشتەوە کوچە بەکوچەی وڵاتەکەتان تەی دەکەین.
نەیانتوانیوە پێی بڵێن قوربان ئێرە ئەو خاکەیە کە سەدان کۆمپانیاو هەزاران بازرگانو دەیان تیمی هەواڵگریتان تێیدا بڵاوکردۆتەوەو ئێستاش دەڵێن نازانن کوردستان کوێیە.
ناوە ناوە بەرپرسانی دەوڵەتی تورکیا ئەو جۆرە لێدوانانە فڕێدەدەنە میدیاکانەوەو کەسیش نییە پێیان بڵێت ستۆپ.
ئەوان جارێک بەکەرکوک دەڵێن شارێکی تورکییەو جارێکیش دەڵێن دەبێت موسڵ بخرێتەوەسەر نەخشەی دەوڵەکەیان، جارێکی تریش دەڵێن، بۆ هەر بستە خاکێک لەهەرێمی باکوری عێراق بنامەوێت هەنگاو دەنێینو کەسیش نییە بڵێ قوربان ئێمە لێرەین کە دۆستی خۆتانین.
لەساڵانی ڕابردودا ئەوە سەلماوە کە حکومەتی هەرێمو هەردوو حزبی دەسەڵاتدار سڵیان نەکردۆتەوە لەوەی سزای هەرکەسێک بدەن کە بەجۆرێک باسیان بکات کە قبوڵیان نەبێتو بزانن دەبێتە مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندیەکانیان، وتەبێژو بەرپرسو وەزیرو کاربەدەست کەوتونەتە وەڵامدانەوەو دەرکردنی بەیاننامە لەسەری، بەڵام ئێستا کورد وتەنی، هەموو خۆیان لێکردۆتە کەڕەی شەربەتو بەتەنها وشەیەکیش وەڵامیان نییە بۆ ئەو لێدوانەی وەزیری بەرگری تورکیا.
ئێستا هەموان خۆیان بەخاوەنی نیشتمانێک دەزانن کە هاوڵاتیەکانی سەری خۆیان هەڵگرتوەو جێی دەهێڵن، بەڵام کەسیان خۆی ناکات بەخاوەنی هەمان ئەو نیشتیمانەی کە دۆستەکانیان دانی پێدانانێنو بۆ ئەوەی دڵیان نەڕەنجێت کەسیان زمانی هەڵنایەت قسەیەک بکات.