ڕاپۆرتێکی نێودەوڵەتیی: نیوەی دانیشتوانی جیهان بەدەست سیستەمی خۆراکیی خراپەوە دەناڵێنن

جیهان

25/11/2021‌ 626 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:


بەپێی ڕاپۆرتێکی نێودەوڵەتی، نزیکەی نیوەی دانیشتوانی جیهان بەدەست سیستەمێکی خۆراکیی نەشیاوەوە دەناڵێنن کە پەیوەندی بەخواردنی زیاتر یان کەمتر لەتێکڕای ئاسایی هەیە، جه‌ختیشكراوه‌ته‌وه‌، "دواجار زیان بەتەندروستیان‌و هەسارەی زەویش دەگەیەنێت".


ڕاپۆرتی "گڵۆباڵ نوتریشن ڕیپۆرت" کە لەسەر بنەمای داتای ڕێکخراوەکانی وەک نەتەوەیەکگرتوەکان، فاو، ئەی ئێچ ئەی‌و یونیسێف نوسراوە، ئاماژەی بەوەکردوە، له‌48٪ى دانیشتوانی زەویی، زیاتر یان کەمتر لەڕێژەی پێویست دەخۆن.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت:"150 ملیۆن منداڵ کە لەخوار تەمەنی پێنج ساڵییەوەن، بەدەست دواکەوتنی گەشەوە دەناڵێنن، هەروەک 45 ملیۆن منداڵ بەدەست کەمکێشی‌و 40 ملیۆنیش بەدەست کێشی زیادەوە دەناڵێنن، جگەلەوەی لە40%ى ژنان‌و پیاوان کە دەکاتە دوو ملیارو 200 ملیۆن کەس بەدەست قەڵەویی‌و کێشی زیادەوە دەناڵێنن.

ڕیتا میشا سەرۆکی گروپی پسپۆڕانی سەربەخۆ کە ڕاپۆرتەکەیان ئامادەکردوە بەئاژانسی فڕانس پرێسی وتوە:"لەساڵی 2010وه‌ ڕێژەی ئەو مردنانەی بەهۆی سیستەمی خۆراکیەوە ڕودەدەن‌و ناکرێت خۆیان لێ بەدوربگیرێت بەڕێژەی لە15% بەرزبۆتەوە، ئەوە لە25%ى گیانلەدەستدان لای کەسانی پێگەیشتوو پێکدەهێنێت".

ئاماژە بەوەشکراوە، گەلان ئەو بڕە لەخۆراکی ڕێنماییدراوی لەشێوەی سەوزەو میوە ناخۆن، بەجۆرێک هەندێک لەوڵاتە خاوەن داهات سنوردارەکان بڕێکی کەمتر لەو خۆراکانە دەخۆن، لەبەرامبەریشدا بەکاربردنی خۆراکە زیانبەخشەکان بۆ تەندروستیی لەشێوەی گۆشتی سورو شیرەمەنییەکان‌و شەربەتە شەکردارەکان لەو وڵاتانەی داهاتیان بەرزە ڕوی لەزیادبونکردوە، بەوەش بەرزترین ڕێژەی قەڵەویان تۆمارکردوە".

ڕاپۆرتەکە ئەوەشی وتوە، "ڤایرۆسی کۆرۆنا 155 ملیۆن کەسی تری خستۆتە ناو لیستی هەژاریی هەرە توندەوە، ئەوە جگە لەکاریگەرییەکەی لەسەر سیستەمی خۆراکیی‌و تەندروستیی لەجیهاندا".

و: ئاکۆ ئاڵی