قوباد تاڵەبانی لەسەر چی وەڵامی مەسرور بارزانی‌و وتەبێژی حکومەتی دایەوە؟

ڕاپۆرت

30/11/2021‌ 3573 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

حکومەت‌و پەرلەمان هەریەکەو لەلایەکەوە قسەی دژ بەیەک‌و پێچەوانە لەسەر ئاڵای کوردستان دەکەن.. سەرۆک هەڕەشە دەکات‌و جێگرەکەی داوای لێبوردن دەکات.. ڤیدیۆیەکی ساڵی ڕابردوو حکومەت‌و پەرلەمان‌و بەشێکی زۆر لەمیدیاکان بەهەڵەدا دەبات‌و وەک دیمەنێکی نوێ پیشانی دەدەن.. هەفتەی ڕابردوو خوێندکارانی بەشێک لەزانکۆکانی هەرێم هاتنەسەر شەقامەکان‌و داوای دەرماڵەو خزمەتگوزاریی بەشە ناوخۆییەکانیان دەکرد.


لەخۆپیشادندانی خوێندکاراندا کۆمەڵێک دروشم‌و داواکاری بەرزکرانەوەو داوای جێبەجێکردنی داواکانیان کرا، لەبەشێک لەمیدیاکان‌و تۆڕەکانی کۆمەڵایەتیەوە هاوتەریب لەگەڵ داواو دروشمی خۆپیشاندەران کۆمەڵێک وێنەو ڤیدیۆ بڵاوبونەوە کە تێیدا دەردەکەوێت ژمارەیەک کەس ئاڵایەکی کوردستانیان لەسەر شەقامێک ڕاخستوەو بەپێڵاوەوە لەسەری وەستاون‌و ژماره‌یەک ئۆتۆمبێلیش بەسەر ئاڵاکەدا دەڕۆن.

ئەم دیمەنە بەشێوەیەکی خێرا بڵاوبوەوەو کاردانەوەی توندی بەدوای خۆیدا هێناو تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی پڕبوون لەپشتیوانی‌و بەپیرۆز سەیرکردنی ئاڵای کوردستان‌و هەموان ئەوکەسانەیان شەرمەزارو سەرکۆنە دەکرد کە لەڤیدیۆکاندا دەرکەوتوون.

وا بڵاوکرایەوە کە ئەوە بەشێک لەخوێندکارانی خۆپیشاندەری زانکۆکانی سلێمانین‌و لەسەر شەقامێكی گشتیی ئەوکارەیانکردوەو سوکایەتییان بەئاڵای کوردستان کردوە.

هەر زوو کاردانەوەکان گەشتنە ئاستی پەرلەمانتارو وەزیرو بەرپرسانی حزبی‌و حکومی‌و هەموان بەدەنگهاتن‌و سەرکۆنەو ئیدانەی ڕوداوەکەیان کرد.

بەڵام ئەوەی کە ڕاستیەکە بوو زۆر پێچەوانەی ئەو هەموو دەنگۆیانە بوو کە بڵاوکرانەوەو کاردانەوەکانیان لەسەر دروستکرا.

شارپرێس وەک دەزگایەکی میدیایی متمانەپێکراو کە لەنێو خۆپیشاندانەکانی سلێمانی‌و هەولێرەوە ڕوماڵی بەردەوامی هەبوو، بەوتەی تیمەکانی هیچ حاڵەتێکی لەو شێوەیە لەنێوخۆپێشاندانەکان ڕوینەداوەو ئەمەش بوە جێى سەرنج‌و شارپرێس بەدواداچوونی وردی بۆ بابەتەکە کردو سەرەنجام گەیشتە ئەو ڕاستیەی کە ئەو وێنەو ڤیدیۆیانە هی زیاتر لەساڵێک‌و نۆ مانگ بەر لەئێستان‌و هیچ پەیوەندیان بەخۆپیشاندان‌و خوێندکاران‌و دۆخی ئێستاوە نییە.

شارپرێس لەبەدواداچونەکانی بەردەوامبوو تادەستی گەیشتە ئەوکەسانەی کە ئەوکاتەی ئەو ئاڵایە لەسەر شەقامەکە کەوتوە لایەنی پەیوەندیداریان لێ ئاگادارکردۆتەوەو یەکێک لەوکەسانەی کەهەواڵدەری ئەو ڕوداوە بوە دروستی بابەتەکەی بۆ شارپرێس پشتڕاستکردەوە.

پەرلەمانی کوردستان لەکۆبونەوەی ئاسایی خۆیدا گفتوگۆیەکی جدی لەسەر بابەتی سوکەیەتی بەئاڵای کوردستان کردو بەشێکی زۆر لەپەرلەمانتاران زۆر بەتوندی دژی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی قسەیان کردو داوای سزادانیان کردن‌و بەشێک لەپەرلەمانتارانیش لەنێو هۆڵی پەرلەمان بەدڵی پڕ لەگریانەوە داوای لێپیچینەوەیان لەلایەنی کەمتەرخەم دەکرد.

دوای ئەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبونەوەی ئاسایی خۆی سازکردو لەبەشێکی کۆبونەوەکەدا ئیدانەی کارەکەی کردو بەکردەوەیەکی دژ بەبەرژەوەندیەکانی کوردو نەپاراستنی پیرۆزیەکان ناوی برد.

لەدوای کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانیش وتەبێژی حکومەت بەتوندی ئیدانەی کارەکەیکردو هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی لەبکەرانی ئەوکارە کرد.

ڕۆژی شەممە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک لەخوێندکاران‌و قوتابیانی زانکۆ کۆبوەوەو وێڕای ڕەتکردنەوەی داواکاریەکانیان ئاماژەی بەوەکرد، لەشاری سلێمانی هێرشکراوەتەسەر پیرۆزیەکان‌و سوکایەتەی بەئاڵای کوردستان کراوە کە ئەمە جێی قبوڵ نییەو هەڕەشەی سزادانی بکەرانی کرد.

هەموو ئەم لێدوانانە لەکاتێکدایە کە لەماوەی چوار ڕۆژدا لەتۆڕە کۆمەڵایاتیەکان ئەوە بڵاوکرایەوە کە ڕاستی ڤیدیۆو وێنەکان بەو جۆرە نییە کە حکومەت‌و پەرلەمان باسیدەکەن.

سەرەنجام ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممەو لەدیدارێکی تایبەت بەهەڵمەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت داوای لێبوردنی لەخوێندکارانی شاری سلێمانی کردو ڕایگەیاند، حکومەت‌و پەرلەمان هەڵەیانکردوەو بەسەریاندا تێپەریوە کە باسیان لەوەکردوە، خوێندکاران سوکایەتییان بەئاڵای کوردستانەوە کردوە، بەڵکو ئەوەی ڕاستە ئەوەیە ڤیدیۆکە کۆنەو خوێندکاران شتی وایان نەکردوە.

قوباد تاڵەبانی بەناوی خۆیی‌و حکومەتەوە داوای لێبوردنی کردو داوایکرد پەرلەمانیش داوای لێبوردن لەخوێندکارانی سلێمانی بکات‌و وتی:"بەبێ ئەوەی لێکۆڵینەوەو بەدوادوچون بۆ ڤیدیۆکە بکەین تۆمەتمان خستە پاڵ خوێندکاران کە سوکایەتییان بەئاڵاکەمان کردوە لەکاتێکدا ئەوان شتی وایان نەکردوەو شانازی بەئاڵاکەیانەوە دەکەن".

ئەم قسانەی قوباد تاڵەبانی لەکاتێکدایە کە سەرۆکی حکومەت‌و وتەبێژو بەشێکی زۆر لەوەزیرو پەرلەمانتاران هێشتا سورن لەسەرئەوەی کە خوێندکاران سوکایەتییان بەئاڵای کوردستان کردوەو دەبێت سزابدرێن.

ئەم دابەشبونەی هەردوو ئاراستەکە دەرخەری ئەو ڕاستیەیە تەواوی حکومەت‌و پەرلەمان‌و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەبری بەڵگەو داتاو دۆکۆمێنت دوای هەڵمەتی سۆشیال میدیاو ئەو لێشاوە ده‌کەون کە بەشێک لەهاوڵاتیانی هەرێم یان بەمەبەست یان بەنەزانین پێی هەڵدەستن، بەڵام ئەوەی سەیرە حکومەت‌و پەرلەمان بەبێ لێکۆڵینەوەو بەدواداچون کەوتونەتە تۆمەتبارکردنی خوێندکاران‌و دەبێت ئێستا کە ڕاستیەکان ڕونبونەتەوە داوای لێبوردن لەخوێندکاران بکەن لەبەرامبەر ئەو تۆمەتانەى ئاراستەیان کردون.