دووربینی حەراری چییە؟

مەلەفی تایبەت

10/12/2021‌ 4462 جار خوێندراوه‌ته‌وه

فازیل شەوڕۆ

لەوەتەی ئەو دڵۆپە ئاوەی، لەسەر پەڕە کاغەزێکدا، پیتەکانی چەند بار گەورەتر کرد، یان لەوەتەی (سینیکا)ی زانای ڕۆمانیی دێرین، پێش (٢٠٠٠) ساڵ، سەرنجیدا کە خڕە کریستاڵ، شت گەورە دەکات، زانایان خۆیان سەرقاڵ کردووە بە داهێنانی نوێترین و وردبینترین زووم( عەدەسە). جا پێشکەوتنی لە حەد بەدەری زانست و تەکنەلۆژیای ئەم سەردەمەش، شێواز و بەکارهێنانەکانی ئەو زوومەی، کە سەرچاوەکەی دڵۆپە ئاوێک بوو، گەیاندە ئەو پەڕی گۆڕانکاری و کاریگەریی. دووربینی حەراریش یەکێکە لەو داهێنانە پشکەوتووانەی ئەم سەردەمە. (نامانەوەی لێرەدا لە جیاتی زاراوەی حەراری، زاراوەی گەرمیی بەکاربهێنین، چونکە دووربینی حەراری لەسەر زاران جێیخۆی کردووەتەوە.)

بیرۆکەی دووربینی حەراری، کەتومت، لەسەر بنچینەی زانستیی کارکردنی چاوی مرۆڤ کاردەکات، تاکە جیاوازی ئەوەیە کە چاوی مرۆڤ لە ڕۆناکایدا دەبینی، بەڵام دووربینەکە لە تاریکی و لێڵی و تەمومژیشدا دەبینی. چاوی مرۆڤ، تیشک وەردەگرێ و خووردی دەکاتەوە و لە ڕێی مێشک دەیخوێنێتەوە، هەرچی ئەو دووربینەیە، شەپۆڵی کاروموگناتیسی وەردەگرێ و شی دەکاتەو و دەخوێنێتەوە.

هەموو شەبەنگێکی کاروموگناتیسی، وزەیەکی دیاری کراوی خۆی هەیە، کە پەیوەستە بە درێژیی شەپۆڵەکەی، جا تا ئەو شەپۆڵە کورتتر بێ، ئەوا وزەکەی زۆرتر. جا شەبەنگی شەپۆلی، بریتییە لە تیشکی ژێر سوور، کە شەپۆڵەکەی درێژ، واتا وزەکەی زیاتر و بە هێزترە. تیشکی ژێر سووریش (٣) ناوچەی هەیە: (شەبەنگی بینراوی نزیک / شەبەنگی بینراوی مام ناوەند / شەبەنگی حەراری ــ کە درێژترین شەبەنگی کاروموگناتیسی هەیە، لە (٣) مایکڕۆن بۆ (٣٠) مایکڕۆن).

جا جۆری شەبەنگی حەراری لە تیشکی ژێر سووردا (Thermal-infrared)، شەبنگکەی لەو تەنانەدا دەردەچێ کە گەرمایییان هەیە یان گەرمایی دەدەن. ئەمەیش لە هەر تەنێک وەدەست دێ کە پلەی گەرمییەکەی لەسەرووی سفری موتلەق بێ و دواتر خامۆش بێتەوە. ئەوکاتەی ئەلکترۆنەکانی ئەتۆم کە بە هۆی گەرم بوونیان وەزە بەرهەم دێنن، دەچنە ئەو مەدارانەی وزەیان بەرزتر و دواتر لە گەڵ خامۆش بوونەویان وزەکانیش دەگەڕێنەوە سەر دۆخی پێشووتریان. جا لەو سەین و بەینەدا، ئەلکترۆنەکان وزە دەردەدەن، ئەم وزەیەش پێی دەگوتورێ: تیشکی حەراری. تا پلە جوولەکان پتر بێ، ڕادەی تیشکەکە بەهێزتر دەبێ.

لە دووربینی حەراریدا، زوومەکان وا درووستکراون بە پشت بەستن بە کردارە تەکنەلۆژیایی پشکەوتووە و دیگیتەڵییەکان، ئەو تیشکە ژێر سوورانە کە لە تەنەکان دەردەچن، بدۆزنەوە و کۆکەنەوە وەرگرن. جا چونکە ئەو دووربینە لە یەک کاتدا دوو گەرمای وەردەگرێ: گەرمای جەستەی مرۆڤ یان گیاندار، وە گەرمی داروبەرد و دارودرەختەکە، لە ڕێی ئامیری تایبەتەوە، لێکیان جیادەکاتە و مرۆڤەکە یان گیاندارەکە دەبینێ و نیشانی دەدا.
ئیمڕۆ، بە پشکەوتنی زانست و پیشەسازیی چەک و تەقەمەنی، ئەو جۆرە دووربینە لە سەر چەکەکان چەسپ دەکرێن و بۆ دەستنیشان کردنی نیشانە و پێکانیان. ئەمەش بەم شێوازە ئەنجامدەدرێت:

1. بە چەند زمێک، لە شێوەی زوومی کامێرا، شەبەنگە حەرارییەکان کە لە تەنەکان دەردەچن وەردەگیرێن.
2. ئەو تیشکە کۆکراونانە، لە ڕیی هەستەوری تایبەتیدا دەکرین بە نەخشە و وێنە حەراری.
3. ئامێری تایبەت ئەو نەخشە حەراریە دەکاتە شەپۆلی ئەلکترۆنی.
4. ئامێری تایبەت ئەو شەپۆلە ئەلکترۆنییانە دەهێنێتە سەر سکرین.
5. سارد و گەرمی تەنەکان، بەو تەکنەلۆژیایە، وێنەی کەسەکە یان شتەکە نیشان دەدەن.
6. ئێستا وێنە کەسەکە یان شتەکە لە تاریکی بێ یان لە نێو تەمومژ و دوکەڵ و لێڵی دابێ، دەبینرێت. بە تایبەتی لە کاتی جوولە کردندا.

لە ساڵی (١٩٩١)وە زانایای چەک و چۆڵ، لە ڕوسیا سەرقاڵی داهێنانی جۆرە دووربینێک بوون لەم شیوەی کە ئێستا هەیە، ئەوبوو لەساڵی (١٩٩٧) کۆمپانی لێکۆلینە و بەرهەمهێنانی تەکنەلۆژیای حەراری، کەوتە نەخشەکێشان و دیزاینی ئەو دووربینە، تا لەساڵی (٢٠١٤) لە پێشەنگایەکی چەک و تەقەمەنی لە مۆسکۆ نمایش کرا. هەر لە هەمان کاتیشدا، وڵاتە پشکەوتەکانی دیکەش هەر خەریکی ئەو داهێنانە بوون بە گوێرەی تەکنەلۆژیایی خۆیان.

دووربینی حەراری جکە لە بەکارهێنانە سەربازییەکەی، دەکرێ بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی تاوان و شتومەکی بزر بوو و ڕواو شکار و توێژینەوەی زانستی و وێنەگرتن بەکار بێ. بۆ زانینی ژمارە کریکاری و مردوو و زیندوو لە نێو کان و بیر و چاڵی داتەپیودا.

ئیمڕۆ، ئەو دووربینە بە چەندان جۆر و مۆدێل و قەبارە لە بازاڕەکاندا دەفرۆشیت، هەیانە کێشەکەی هەر (٦٥) گرامە.

دووربینی حەراری، دەرگای زۆر داهێنانی دیکەی لە جۆری چەکەکانیش کرد. ئەم دووربینە کە لەسەر هەموو چەکێک چەسپدەکرێ بە تفەنگی وەکو کلاشنکۆفیشەوە، چەکی تایبەت بەخۆی هەیە، کە سەد لە سەد، نیشانەکە تا دووری (١٢٠٠) م دەستنیشان دەکات و دەپێکی، لە هەمان چرکەدا دەتوانی وێنەشی بگرێ، بە رەش و سپی یان ڕەنگاڵ یان ڤیدویی، دەتوانی تۆماری بکات لەسەر مێمۆری، وە دەشتوانی یەکسەر لەڕیی ئینتەرنێت و (CPS) ەوە بینێری بۆ هەر شوێنێک کە مەبەست بێ. واتا قەناس، کە ئەو چەکە سەر بە دووربینی حەرارییە بەکاردێنێ، لە گەڵ پێکانی نیشانەکەی دەتوانی (بە زیندووی) گرتەکە بگوازێتەوە بۆ کەسێک کە بە هەزاران کێلۆمەتر لەو دوورە و بە چاوی خۆی دیمەنەکە ببینی.

ئەو دووربینانە لە هەموو کەش و هەوایەک کار دەکەن لە (٤٠) پلەی سەدی ژیر سفرە و تا (٦٠) پلەی سەدی، لە بەفر و باران و زریان و گەرداو کاردەکات . ئێستا دووربینی ئەوتۆی درووست کراوە، کە دۆزینە و دەستنیشانکردنی شوێنەکانیان زۆر ئەستەمە.

بۆ لە کارخستنی ئەو جۆرە دووربینە، تاکو ئێستا هەر دوو ڕیگە هەیە: یەک، دروستکردنی سەرچاوەکەی گەرمی، وەک ئاگر، لە نێوان خۆت و قەناسەکەدا. یان پۆشینی پۆشاکی تایبەت کە ناهێلێ گەرمی جەستە بچیتە دەرەوە و هەمیشە پلەی گەرمایی جەستەی کەسە، یەکسان دەکات بە پلەی گەرمی دەووروبەری، لەو حاڵەتەدا، دووربینەکە نازانێ کامیان نیشانەکەیە و کامیان دارو بەردەکەیە.