شارپرێس:
بەرپرسێکی یەکینەکانی پاراستنی شەنگال (یەبەشە) رایدەگەیەنێت کە پارتی دیموکراتی کوردستان هەوڵی درووستکردنی ئاژاوەیەکی گەورە لە قەزای شەنگال دەدات، دەشڵێت پارتی لەڕێگای دەزگاکانی راگەیاندنییەوە هەواڵی ناراست بڵاودەکاتەوە بەوەی هێزەکانیان لەگەڵ سوپای عێراق ڕووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە.
عارف شەنگالی سەرکردە لە یەکینەکانی پاراستنی شەنگال لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا دەڵێت" پەیوەندیی نێوان هێزەکانیان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق زۆر پتەوە، ئەوەی دەزگاکانی راگەیاندنی پارتیش بانگەشەی بۆدەکەن بەوەی شەڕ و رووبەرووبوونەوە لەنێوان ئەو دوو لایەنە روویداوە دوورە لەراستییەوە، بەڵکو ئەوە هەوڵێکە بۆ گێڕانەوەی پارتی و هێزەکانی پێشمەرگەی ئەو حزبە بۆ شەنگال، کە خەڵکی قەزاکە بەهەموو شێوەیەک رەتیدەکەنەوە.
هەروەک، حوسێن نەرمۆ پەڕلەمانتاری پێشووی ئێزیدی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هۆشدارییداوە لە هەڵگیرساندنی ئاژاوەیەکی گەورە لە قەزای شەنگال لەلایەن هێزە سیاسییەکان، بەتایبەتی پارتی، بەوەی دەیانەوێت لەڕێگای بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناراست و درووستکردنی ئاژاوە جارێکی تر هێز و چالاکییە حیزبییەکانیان بۆ ناوچەکە بگێڕنەوە.
میدیاکانی سەر بە پارتی بڵاویانکردەوە کە لە ئاکامی رووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندەرانی لایەنگرانییەپەشە و سوپای عێراق لە دووڕێیانی سنوونێ لە قەزای شنگال، ئۆتۆمبێلێكی سوپای عێراق سووتێندرا و دوو خۆپیشاندەریش بریندار بوون.
ئاماژه بەوەشکرابوو کە دوابەدوایئەوئاڵۆزییانە، رووبەڕووبوونەوەی چەکداریی لە نێوان چەکدارانی سەر بە یەکینەکانی پاراستنی شەنگال (یەبەشە) و سوپای عێراق دروست بووە و بەهۆیەوە سوپای عێراقلەناوچەکە پاشەکشەی کردووە.
