حکومەتی ھەرێم بۆچی بێباکە بەرامبەر ڕوداوەکان؟

ڕاپۆرت

23/12/2021‌ 1873 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لە هەر وڵاتێکدا کە ڕووداو یان کارەساتێکی سروشتی ڕودەدات، یەکەمین لایەن کە دێتە سەر خەت و بە پلان و ئامادەکاری پێشوەختە ڕوبەڕوی کاریگەرییە خراپەکان دەبێتەوە حکومەت و لایەنی پەیوەندیدارە، کەچی لە هەرێم یان خێرخواز و دەوڵەمەندەکانن، یاخود خەڵک و چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگان هاوکاریی بۆ لێقەوماوان کۆدەکەنەوە.

هەر کاتێک هەرێمی کوردستان ڕوبەڕوی قەیران یاخود ڕوداوێکی سروشتی بوبێتەوە، لە جیاتی ئەوەی حکومەتی هەرێم ڕاستەوخۆ بە هاوکاری ماددی و مەعنەوی یارمەتی زیانلێکەوتووان بدات و لە ئازار و مەینەتییەکانیان کەم بکاتەوە، ڕاستەوخۆ پەنای بردووەتە بەر سەرمایەداران و چین و توێژەکانی دیکە.

کاتێک لە چەند ڕۆژی ڕابردودا بەهۆی دروستبونی لافاو لە هەولێر زیانێکی گەورە بەر ماڵ و حاڵی ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی ئەو شارە کەوت و هەر بەو هۆیەشەوە ١٢ کەس گیانیان لەدەستدا، حکومەتی هەرێم جارێکی دیکە و بە هەمان شێواز و میکانیزمی جارەکانیتر، لە جیاتی ئەوەی ماتەمینی سەرتاسەری و پلانی ڕون و ئاشکرای خۆی ڕابگەیەنێت، کەچی پەنای بردەوە بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری لە سەرمایەداران.

بەپیی زانیارییەکانی شار پرێس حکومەت داوای لە سەرمایەداران کردووە هەریەکە و لای خۆیەوە بە بڕێک پارە هاوکاری حکومەت بکات بۆ ڕوبەڕوبونەوەی زیانەکان، لە کاتێکدا دەبوو حکومەتی هەرێم خۆی پلانی پێشوەختەی بۆ ڕوداوە سروشتییەکان هەبوایە و پارەی پێویستیشی بۆ تەرخان بکردایە و سەرمایەداران خۆیان لە دوای پلانی حکومەتەوە هاوکاری خەڵکیان بکردایە.

حکومەتەکانی دنیا کاتێک ڕوبەروی ڕوداوە سروشتییەکان دەبنەوە، بێجگە لە ماتەمینی گشتی ڕاستەوخۆ قەرەبوی زیانلێکەوتوان دەکەنەوە و کەسایەتییە دیار و کاریگەرەکانیان دێنە سەر شاشەی میدیاکان و بری پارەی پێویست بۆ کارەکان ئاشکرا دەکەن، کەچی لە هەرێمی کوردستان لە جیاتی حکومەت هەر کەسە و لای خۆیەوە یان وەکو کەسایەتی یاخود لە ڕێگەی ڕێکخراوە شەخسی و حزبییەکانەوە هاوکاری زیانلێکەوتووان دەکەن، ئەوەتا سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ڕێکخراوێکەوە کە کوڕەکەی سەرۆکایەتی دەکات بڕی ١ ملیار دیناری بۆ زیانلێکەوتوانی هەولێر تەرخانکردووە، کەسیش نازانێت ئەم ڕێکخراوە سەرچاوەی داهاتەکەی چییە و لە کوێوە هاتووە.

زۆر جاریش حکومەتی هەرێم پەنا دەباتەوە بەر یارمەتی و هاوکارییەکانی حکومەتی عێراق و داوا دەکات لە چوارچێوەی بودجەی سیادیدا هاوکاری زیانلێکەوتوانی ڕوداوە سروشتییەکانی هەرێم بکات و تاوەکو ئێستاش حکومەتی عێراق وەک پێویست هاوکاری خەڵکی هەرێمی نەکردووە، کەچی هەر حکومەتی عێراق بۆ یارمەتیدانی لێقەوماوانی فەلەستین لە ماوەی ڕابردوودا زیاتر لە حەوت ملیار دیناری تەرخان کرد، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقی فیدرالدا وەک هەرێمێک دانپێدانراوە.

سەرەڕای هەموو ئەمانە لە ئێستادا حکومەتی هەرێم و لایەنەکان دەیانەوێت لە ڕێگەی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانەوە هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووان کۆبکەنەوە لە کاتێکدا توێژی قوتابی و خوێندکاران لە هەر کەس زیاتر پێویستیان بە یارمەتی و پارە هەیە کە لە ماوەی ڕابردودا هاواریان لێهەستا بۆ وەرگرتنی دەرماڵەکانیان.

ئیستاش کە لە هاتنی سالی نوێ نزیک دەبینەوە، حکومەتی هەرێم حەوت ڕۆژ پشوی ڕاگەیاندووە لە کاتێکدا بۆ پیشاندانی ماتەمینی گشتی و هاوکاری مەعنەوی زیانلێکەوتووان هیچ پشویەکی ڕانەگەیاند، تەنانەت بەپێی زانیارییەکان بۆ ئاهەنگەکانی سەری ساڵ لە ئوتێل و هۆڵەکانی هەولێر و سلێمانی و شارەکانی تری هەرێم ئامادەکاری تەواو بۆ بەڕێوەچونی چەندین ئاهەنگی گەورە کراوە و چەندین سەماکار و گۆرانیبێژی بەناوبانگ بانگهێشتی شارەکانی هەرێم کراون.

حکومەتی هەرێمیش تاوەکو ئێستا بە فەرمی بریاری ڕاگرتنی هیچکام لەو ئاهەنگانەی نەداوە و بریارە لە کاتی خۆیدا ئەنجامبدرێن، تەنیا ئەوە نەبێت کە ئیدارەی شارەکان ڕایانگەیاندووە کە بە بۆنەی سەری ساڵەوە هیچ ئاهەنگێک بەڕێوە نابەن، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە حکومەت و ئیدارەی شارەکان لە ماوەی ڕابردودا هیچیان لە بارەی بەڕێوەچونی ئاهەنگەکانی سەری ساڵەوە ڕانەگەیاندبوو ئیتر نازانرێت ئاخۆ ئەو ئاهەنگانەی کە ڕاگیراون چین و کامانەن.

ئەم شێوازەی ڕوبەڕوبونەوەی ڕوداوە سروشتیەکان لە هەرێمی کوردستان لە لایەن حکومەتەوە لە کاتێکدایە، لە وڵاتێکی وەک ئێراندا کە لە ژێر فشارێکی ئابوری زۆر بەهێزدایە، کاتێک ڕوداوە سروشتییەکان ڕودەدەن حکومەتی ئەو وڵاتە یەکەمین لایەنە کە ڕاستەوخۆ هاوکاری زیانلێکەوتووان دەکاتە و بە خێراپپ پلانی ڕوبەڕوبونەوەی زیانەکان ڕادەگەیەنێت، کەچی لە هەرێم تاوەکو ئێستاش حکومەت چاوی لە خەڵک و سەرمایەدارانە کە لە جیاتی ئەو هاوکاری لێقەوماوان بکەن.