شارپرێس
سەرۆکی
کازاخستان ڕایگەیاند، فەرمانی دەستووری بەشێوەیەکی سەرەکی لە هەموو ناوچەکانی وڵاتدا
بەڕێوەدەچێت و دەسەڵاتدارانی ناوخۆش کۆنترۆڵی دۆخەکەیان كردووە.
تایبەت بە پرسی
خۆپیشاندانەكان و ڕەوشی كازاخستانەوە، بەیانی ئەمڕۆ قاسم جۆمارت تۆکایف، سەرۆکی
کازاخستان بەبەشداری سەرکردایەتیی ئیدارەی سەرۆکایەتی و ئەنجومەنی ئاسایش و هێزە ئەمنییەکان
کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا.
ڕوسیا تودەی ڕاگەیەندراوی
كۆتایی كۆبونەوەكەی بڵاوكردووەتەوە و تێیدا هاتووە، هێزە ئەمنییەکان کاری چڕوپڕ دەکەن
فەرمانی دەستووری بە شێوەیەکی سەرەکی لە هەموو ناوچەکانی وڵاتەکەدا کراوەتەوە و دەسەڵاتە
خۆجێییەکان کۆنتڕۆڵی دۆخەکەیان كردووە.
لە کازاخستان
خۆپیشاندانی جەماوەری لە سەرەتای ساڵی نوێوە دەستیپێکرد، کە دانیشتوانی شارەکانی
جاناوزین و ئاکتاو لە مەنگیستاو، کە ناوچەیەکی بەرهەمهێنانی نەوتە لە ڕۆژئاوای
کازاخستان، ناڕەزاییان دەربڕی لە بەرامبەر گرانی نرخی گازدا.
لە چەندڕۆژی ڕابردوودا،
خۆپیشاندانەکان بۆ شارەکانی تر بڵاوبووەوە، لە ئەلما عەتا، گەورەترین شار و یەکەم
پایتەختی وڵات، پێكدادان لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا
دروستبوو، پۆلیس گازی فرمێسكڕێژی توندیان
بەكارهێنا.
سەرەڕای ڕازیبوونی دەسەڵات بە دابەزینی نرخەکان بۆ ئاستی پێشوویان، بەڵام خۆپیشاندانەکان ئارام نەبوونەوە، بەڵکو بۆ ناوچەکانی دیکەی وڵات درێژکرانەوە و ئەمەش وای لە سەرۆکی وڵاتكرد، باری نائاسایی لە چەند شارێك ڕاگەیاند، لە ناویشیاندا نور سوڵتانی پایتەختە.
دوێنێ، قاسم
جومارت، سەرۆکی کازاخستان داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی حکومی کرد بۆ جێبەجێکردنی
داواکارییەکانی خۆپیشاندەران و كەمكردنەوەی نرخی گاز و هەروەها، تا ڕۆژی ١٩ی
کانوونی دووەم لە هەرێمەکانی مەنگێستاو و ئەڵما عەتا حاڵەتی فریاگوزاری سەپاند و
حکومەتی لە کار لادا و وتی: کابینەکە بە تایبەتی بەرپرسیارە، چونکە ئەو بارودۆخەی
دروستكردووە، کە ئەو ناڕەزایی لێکەوتەوە.
كازاخستان یەكێكە
لە وڵاتەكانی ئاسایی ناوەڕاست و پێشتر لە چوارچێوەی یەكێتی سۆڤیەتدابووە و دەكەوێتە
باشوری ڕووسیا و ڕۆژئاوای چین و باكوری توركمانستان و ئوزبەكستان، ژمارەی دانیشتوانەكەی
زیاتر لە ١٩ ملیۆن كەسە و ١٦ی کانونی یەكەمی ساڵی ١٩٩١ سەربەخۆی وەرگرتووە و لە یەكێتی
سۆڤیەت جیابووەتەوە، بوو بە كۆتا وڵات كە لەیەكێتی سۆڤیەت جیابویەوە و سەربەخۆی ڕاگەیاند.
س.س