بەشێک لە شیعەکان هێرشەکانیان بۆسەر سەر بارزانی و حەلبووسی دەست پێدەکەن

عیراق

14/01/2022‌ 3489 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پەڕلەمانتارێکی سەر بە هاوپەیمانی فەتح لە بەشێکە لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان رایگەیاندووە کە رەفتارە نەبەرپرسیارییەکانی هەریەک لە سەدر و بارزانی و حەلبووسیی پڕۆسەی سیاسییان لە عێراق بەرەو نادیاریی بردووە، جەختیشی کردۆتەوە کە بارزانی و حەلبووسی کاریان لەسەر شەقکردنی ناوماڵی شیعە کردووە.

ئەحمەد موسەویی پەڕلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وتویەتی: چوارچێوەی هەماهەنگیی بڕیاریداوە لەدوای دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی سەبارەت بە شەرعەتی یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران کە لەڕێگای دەنگدانی زۆرینەوە دەستەیەکی نوێ بۆ ئەنجوومەنەکە هەڵبژێردرا، بڕیار لە بەردەوامیدان یان کشانەوە لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق دەدەن.

موسەویی ئەوەشی وتووە: پرۆسەی سیاسیی بەهۆی ڕەفتارە نابەرپرسیارێتییەکانی بەشێک لە سەرۆک پارتەکان، بەتایبەت مەسعوود بارزانی و محەمەد حەلبووسیی و خەمیس خەنجەرەوە بەرەو ئایندەیەکی نادیار دەڕوات، لەبەرئەوەی ئەو کەسانە کاریان لەسەر درووستکردنی درز لەناو ماڵی شیعەدا کردووە.

پەڕلەمانتارەکەی هاوپەیمانی فەتح ئاماژەی بەوەکردووە کە پارتی و لایەنە سونییەکان سەبارەت بە پۆست و دەستەکەوتەکانی هەڵبژاردن پابەندی بەڵێنەکانی پێشوتریان نەبوون .

لەلایەکى دیکەوە بەشێک لە پەرلەمانتارانى  چوارچێوەى هەماهەنگی هێرش دەکەنە سەر بارزانى و حەلبوسی و بەوە تۆمەتاریان دەکەن کە کێشەیان خستووەتە ناو ماڵی شیعەوە، هاوکات بەرپرسیارییەتى ئاڵۆزبوونی دۆخەکە دەخەنە ئەستۆی ئەو دوو سەرکردەیە.

لەیەکەم دانیشتنى پەرلەمانی عێراق و دروستکردنى بەرەیەکى نوێ بۆ هەلبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان و پێکهێنانى حکومەت و سەرکردەو پەرلەمانتارەکانى بەشێکى زۆر لە شیعەکان هێرش و رەخنەکانیان دەستی پێکرد بۆ سەر پارتى و بارزانى و حەلبوسی و خەمیس خەنجەر.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی