شارپرێس:
بەگوێرەی لێدوانی جوتیارانی ڕۆژئاوای کوردستان کە قسەیان بۆ ئاژانسی "نۆرس پرێس" کردوە، تائێستا لەناوچەکانیاندا ئه‌وه‌نده باران ناباریوە پەڵە بدات‌و دانه‌وێڵه‌ی پێ سه‌وزبێت، هەربۆیە ڕایانگەیاندوە، جوتیاران ناچارن به‌شێوەی دەستیی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان ئاو بدەن.
لەوبارەیەوە ئه‌حمه‌د مه‌شعه‌لی ته‌مه‌ن 42 ساڵ کە جوتیارێکەو له‌كه‌ناری ڕوباری خاپور خەریکی بەدەست ئاودانی ئەو گەنمەیە کە بەوشکەکێڵ چاندویەتی‌و ده‌ڵێت:"ئەمساڵ ته‌نها 4ملم باران لەناوچەکەدا باریوه، بۆیە ئێستا به‌ئاوی خاپور ئاوی گه‌نمه‌كه‌مان ده‌ده‌ین".
به‌وته‌ی ئه‌و، تائێستا ئه‌و بارانه‌ی له‌ناوچه‌كانی ڕۆژئاوا باریوه، ئەوەندە ڕۆنەچۆتە خوار، بگاتە ئەو تۆوەی چاندویانە، لەبەرئەوەی به‌هۆی وشكه‌ساڵی پارەوە زه‌ویییەکان وشکبونەتەوە.
به‌هۆی كه‌می بارانبارینی ساڵی ڕابردوو، ئاستی بەرهەمهێنانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان له‌ناوچه‌كانی ڕۆژئاوای كوردستان، به‌تایبه‌ت جه‌زیره‌دا، كه بەسەبەتەی خۆراكی سوریا ده‌ناسرا، بەشێوەیەکی بەرچاو ڕوی لەکەمیکرد.
له‌مساڵیشدا جوتیاران ترسی ئەوەیان لێ نیشتوە، کە بەهۆی کەمی بارانبارینەوە ئەو دانەوێڵەیەی چاندویانە شین نەبێت‌و بەدەستی بەتاڵ بێنەدەرەوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی لیژنەی کشتوکاڵی تەلتەمر، به‌هۆی ترسی وشكه‌ساڵی، له‌ناوچەکەیاندا تەنها 69855 دۆنم گه‌نم‌و 2557 دۆنم جۆ چێنراوه، ئه‌وه‌ش کەمترین ڕوبه‌ره له‌ماوه‌ی چه‌ند ده‌یه‌ی ڕابردودا چێنرابێت.
پسپۆڕانی بواری کشتوکاڵی ناوچەکەش دەڵێن ئەمساڵ تەنها نیوەی ڕوبەری ساڵی ڕابردوو دانەوێڵە چێنراوە کە بەشێکی زۆریشیان تەنها بەمەبەستی بەکارهێنانی وەک ئالیک بۆ خۆراکی مەڕو ماڵاتەکانیان، ئەو بڕە گەنم‌و جۆیەشیان چاندوە.