شارپرێس سیناریۆکانی یەکێتی بۆ دوای ھەڵبژاردنی سەرۆککۆمار ئاشکرا دەکات

کوردستان

24/01/2022‌ 11768 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

یەکێتى نیشتیمانى کوردستان لەئەگەری دەرنەچوونى کاندیدەکەى بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار چەند ئەگەرو سیناریۆیەکى ئامادە کردوەو دواتر لە ئەنجومەنى سەرکردایەتى بریاریان لەسەر دەدرێت.

دوای دیاریکردنى کاندید بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار لەلایەن پارتییەوە پەیوەندیەکانى پارتى و یەکێتى لەسەر ئەو پۆستە بەرەو ئاڵۆزی و گرژی رۆیشتووە، بەو هۆیەوە یەکێتى نیگەرانە لە مامەڵەى پارتى و سەرکردایەتى و وتەبێژی ئەو حزبەش هێرشەکانیان بۆ سەر پارتى بەفەرمى دەستیپێکردوە.

سەرچاوەیەکى ئاگادار لە ئەنجومەنى سەرکردایەتى یەکێتى کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بەشارپرێسی راگەیاند، یەکێتى لەدوای راگەیەنراوەکەى ئەنجومەنى سەرکردایەتى لیژنەى گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان دەست بە دیدارو دانوستانەکانیان دەکەن بەمەبەستى قەناعەت پێکردنى لایەنە عێراقییەکان بۆ پشتیگیریکردنى کاندیدەکەى ئێمە کە هەڤاڵ بەرهەم ساڵحە.

سەرچاوەکەی ئەنجومەنى سەرکردایەتى یەکێتى وتیشى" ئێمە گەشبینین بەسەرکەوتنى کاندیدەکەمان، چونکە زۆر هۆکار هەن کە وایکردوە ئێمە گەشبین بین لەبەر ئەوەى زۆر لایەن هەن لە ئێمەوە نزیکن و بەهۆی ئەو پەیوەندیانەى لە رابردوو سەرۆک مام جەلال هەیبووەو هەم کاک بەرهەمەیش خۆی خاونی پەیوەندیەکى دیبلۆماسی ناوخۆیی و دەرەکییە، جگە لەوانەش لەماوەى رابردوو جەنابی کاک بافڵ خۆی سەردانى بەغدای کردوەو لەنزیکەوە ئەو لایەنانەى بینیوەو جۆرێک لێکتێگەیشتن هەیە لەسەر ئەو پرسە، لەگەڵ ئەوەشدا پشتیوانیەکى نێودەوڵەتیش هەیە بۆ کاک بەرهەم".

بەوتەى سەرچاوەکەی سەرکردایەتى یەکێتى، کاندیدەکەى پارتى بەو پێیەى لە رابردوودا تاقیکراوەتەوەو چەند دۆسییەکى لەسەر بووە هەندێ لایەنی شیعە ئامادە نین دەنگی پێبدەن، بۆیە ئەم هۆکارانە وایکردوە کە کاندیدەکەى یەکێتى چانسی زۆر زیاتر بێت.

لەبارەى ئەگەری دەرنەچوونى کاندیدەکەى یەکێتى بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار سەرچاوەکەى شارپرێس باس لەوە دەکات، ئەگەر کاندیدەکەیان دەرنەچوو ئەوا یەکێتى کۆمەڵێک سیناریۆو ئەگەری لەبەردەمە کە گرنگترینیان چوونە دەرەوەى یەکێتییە لە حکومەتی هەرێم و پەرلەمانى کوردستان، دەشڵێت" چوونە دەرەوەى یەکێتى لە حکومەت و پەرلەمان ماناو دەلالەتى خۆی هەیەو هەنگاوی دیکەى بەدوادادێت".

هاوکات دەشڵێت" یەکێکى دیکە لە سیناریۆکان هەڵبژاردنى پێشوەختەو کە یەکێتى دەتوانێت داواى پۆستى سەرۆکى هەرێم و سەرۆکى پەرلەمان بکات، ئەگەر ئەوەش نەکرا ئەوا مانای وایە کە پارتى بریاری خۆیداوەو دەیەوێت یەکێتى لە هەولێرو بەغدا بخاتە لاوە، بەلام ئەوکاتە پارتى باجێکى قورس دەدات".

هەروەها ئەو سەرچاوەیە دەشڵێت" پارتى دەبێت ئەوەی بزانیایە کە تێکدانى یەکڕیزی ناو ماڵی کوردو کاندیدکردنى هۆشیار زێباری بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار کاریگەرى لەسەر ناوخۆی هەرێمیش دەبێت، چونکە ئەم حکومەتە شەق و شڕەی ئێستا لە کوردستان هەیە بەم هەڵوێستى پارتى ئەوەندەی تر پەکى دەکەوێت".

سەبارەت بە پاشەکشە نەکردنى پارتى لە هەڵوێستەکانى و نەکشاندنەوەى کاندیدەکەى، سەرچاوەکەى ئەنجومەنى سەرکردایەتى یەکێتى ئاشکرای دەکات، کە پارتى و خودی مەسعود بارزانى لە چەند رێگایەکەوە ئەو پەیامەى گەیاندوەتە یەکێتى کە ئەو سورە لەسەر هەڵوێستەکانیان و ئەنجامەکەى هەرچی دەبێت با ببێت، بۆیە بەم قسانە یەکێتى بۆی دەرکەوت کە پارتى کێشەکەى کاندیدکردنى بەرهەم ساڵح نییە، بەڵکو پۆستى سەرۆک کۆماری دەوێت.

دوێنێی ئەنجومەنى سەرکردایەتى یەکێتى کۆبووەوەو تیایدا بەرهەم ساڵحی وەک تاکە کاندیدی خۆی بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار دیاریکردو دواتریش لە راگەیەنراوێکدا پارتى بەهۆکارى تێکدانى یەکڕیزی ناو ماڵی کوردی تۆمەتبار کرد.

س.هـ