هێرشەکانی تورکیا ڕێگرن لەگەڕانەوەی ئێزیدییەکان بۆ شەنگال

کوردستان

13/02/2022‌ 595 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

رۆژنامەی "مۆنیتۆر"ی ئەمەریکی لە راپۆرتێکدا بڵاویکردوەتەوە، کە هێرشە ئاسمانییە بەردەوامەکانی تورکیا بۆسەر ناوچەی شەنگال کاریگەرییەکی نەرێنی گەورەی لەسەر خەڵکی ناوچەکە هەبووە و ڕێگر بووە لەوەی ئاوارە ئێزیدییەکان بگەڕێنەوە بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

لە راپۆرتەکەی رۆژنامە ئەمەریکییەکەدا هاتووە: لەساڵی 2017 وە بەهۆی هێرشی ئاسمانیی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە و زیاتر لە 80 ئێزیدی گیانیان لەدەستداوە، کە لەو ژمارەیە 64 کەسیان لە یەکینەکانی پاراستنی شەنگال بوون.

لەوبارەیەوە، سەعد حەمۆ کە ئاوارەیەکی ئێزیدییە بە رۆژنامەکەی وتووە" لەترسی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا کە بەپاساوی گورزوەشاندن لە پێگەکانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان ئەنجامیان دەدات، بەشێکی زۆر لە ئێزیدییەکان دوودڵن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان".

ئەوەش هاتووە: نزیکەی 350 هەزار ئاوارەی ئێزیدی لە عێراقدان، هەروەک زیاتر لە 100 هەزاریشیان بەهەمیشەیی عێراقیان جێهێشتووە، هەرچەندە لە ساڵی 2017 شەوە جەنگی دژ بە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش کۆتایی هاتووە، بەڵام ئاوارە ئێزیدییەکان ناتوانن بۆ ناوچەکانیان بگەڕێنەوە.

لەئێستادا بەشێکی زۆری ئێزیدییەکان پێیان وایە لەژێر سایەی بۆردوومانی بەردەوامی تورکیادا، ناتوانن ژیانێکی ئارام و شکۆمەندانە لە شەنگال بەسەر بەرن، ئەوەشیان بە بەرئەنجامی شکستی حکومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی لە درووستکردنی کەشێکی ئارام  بۆ ئێزیدییەکان بەمەبەستی ساڕێژبوونەوەی بەشێک لەو برینانەی بەهۆی کۆمەڵکوژکردنیانەوە توشیان بووە، زانیوە.

هەروەک هاوڵاتییەکی تر بەناوی ئیسماعیل باسى لەوەکردوە، هێشتا نیوەی ئێزیدییەکان لەناو کامپەکاندا لەبارودۆخێکی ئەوەندە سەختدا دەژین کە ناتوانرێت وێنا بکرێت، هەروەک رەنگە نەشتوانن بۆ ناوچەکانیان بگەڕێنەوە، هەربۆیە ئەو کەسە داوای کردووە یان هێزی ئاشتیپارێزی نێودەوڵەتیی لەناوچەکەیاندا بڵاوەپێبکرێت، یان ڕێگەیان پێبدرێت بە فەرمی داوای مافی پەنابەریی لە وڵاتە رۆژئاواییەکان بکەن.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی