چاودێرێکی سیاسی: ململانێیەکانى ئەمریکاو روسیا لەسەر ئۆکرانیا ناگاتە جەنگی جیهانى

جیهان

14/02/2022‌ 1631 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

د.کامەران مەنتک مامۆستای زانکۆی سەڵاحەدین و چاودێری سیاسى پێیوایە کە ئۆکرانیا دەروازەیەکە بۆ جێبەجێکردنى پرۆژە نوێیەکەى رووسیا کە بەستنەوەى ئۆراسیایە بەیەکەوە.

د. کامەران مەنتک لە بەرنامەى شرۆڤەی دەزگای میدیایی شارپرێس سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانى نێوان روسیاو ئۆکرانیا رایگەیاند" کێشەکانى روسیاو ئۆکرانیا ململانێیەکى جیۆپۆلەتیکەو ئۆکرانیا بایەخێکى جیۆ پۆلیتیکى بۆ روسیا هەیە، واتە ئۆکرانیا دەروازەیەکى بۆ جێبەجێکردنى پرۆژەکەى روسیا کە دەیەوێت ئۆراسیان بەیەکەوە ببەستێتەوە لەرێگای هاوپەیمانیەتیی و ئامڕازی دیکەوە".

باس لەوەش دەکات، رووسیا بەبێ ئۆکرانیا دەبێتە ئیمپراتۆرییەتیەکى ئاسیایی دەبێت نەک جیهانی، بۆیە ململانییەکە لەسەر ئۆکرانیا رەهەندێکى جیۆپۆلیتیکى جیهانى هەیە بەو مانایەی هەوڵدانە بۆ داڕشتنەوەى سیستەمێکى جیهانی و داڕشتنەوەى هاوسەنگی هێزی جیهانی.

ئەو مامۆستایەی زانکۆ پێیوا نییە کە شەڕێکى گەورەی چەکی قورس لەنێوان ئەمریکاو ئەوروپا بەرامبەر رووسیا رووبدات، بەڵکو پێیوایە رەنگە لە رووی سیاسی و دیبلۆماسییەوە هەندێک گرژی رووبدات، بەڵام ناگاتە ئەوەى جەنگێک بەرپا بێت کە بەرەو جەنگی جیهانى بڕوات.