میدیاى به‌ریتانى زانیاریه‌كى گرنگ له‌باره‌ى شنگاله‌وه‌ ئاشكراده‌كات

کوردستان

15/02/2022‌ 3294 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پێگەیەکی بەریتانی ئاشكرایكردوه‌، بۆردومانە ئاسمانییەکانی تورکیا ڕێگریی سەرەکین لەگەڕانەوەی ئێزدییەکان بۆ شنگال، ده‌شڵێت، توركیا كێشه‌یه‌كى گه‌وره‌ى دروستكردوه‌.


لەگەڵ ئەوەی چەندین ساڵ بەسەر ئازادکردنی قەزای شنگالدا تێپەڕیوە، بەڵام بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی پێگەی هەواڵیی "زە نیو هیومانیتێریان"ی تایبەتمەند بەکاروبارە مرۆییەکان لەسەرتاسەری جیهان کە پشتی بەداتاکانی نەتەوەیەکگرتوەکان‌و مەزەندەی خەڵکی ناوچەکە بەستوە، تائێستا تەنها لەسەدا 30 ئێزدییەکان گەڕاونەتەوە سەر ماڵ‌و حاڵی خۆیان لەقەزای شنگال.

ئاماژە بەوەشکراوە، ژمارەی ئەو ئاوارە ئێزدیانەی لەکه‌مپەکانی پەنابەرانەوە بەرەو جێگه‌و ڕێگای خۆیان لەقەزای شنگال دەگەڕێنەوە بەشێوەیەکی بەرچاو پاشەکشەیکردوە کە بۆردومانی بەردەوامی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆسەر ناوچە یەکێکە لەیەکێک لە فاکتەرە هەرە سەرەکییەکانە  کە ئاستەنگیان بۆ گەڕانەوەی خەڵکەکە دروستکردوە.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت:"هێشتا نازانرێت چەند کەسی مەدەنی بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا گیانیانلەدەستداوە، بەڵام ڕاپۆرتێکی شیکاریی گۆڤاری New Statesmanی بەریتانی کە لەمانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2021 بڵاوکراوەتەوە، ئاشکرایکردوە، لەسەدا 60ی ئەو مەدەنیانەی لەناوچەی شنگال گیانیانلەدەستداوە، بەهۆی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە بوە.

هەروەک بەگوێرەی داتاکانی ڕێکخراوی کۆچی سەر بەنەتەوەیەکگرتوەکان، نزیکەی 38 هەزار ئێزدی لەنێوان حوزەیرانی ساڵی 2020 بۆ کانونی یەکەمی هەمان ساڵ گەڕاونەتەوە شنگال، بەڵام لەنێوان مانگی شوباتی ساڵی 2021 بۆ کۆتایی هەمان ساڵ تەنها 5000 ئێزدی گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان لەدەڤەری شنگال.

لای خۆیەوە چالاکوانێکی ئێزدی کە ئامادەنەبوە ناوەکەی ئاشکرابکرێت بەپێگەی زی نیو هیومانیتاریانی ڕاگەیاندوە؛ لەدوای هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لەشنگال، جوڵەی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان بەتەواوەتیی ڕاوەستا.

وتوشیەتی:"ئێستا ئێمە لەیەک شت دەترسین ئەویش دەستتێوەردانی سەربازیی تورکیایە لەناوچەکەدا، هەموو کەس لەهێرشی فڕۆکە تورکییەکان دەترسێت، فاکتەرێکی زۆر هەیە وایانکردوە ڕێگربن لەوەی ئێزدییەکان بگەڕێنەوە ناوچەکانیان، بەڵام هەستکردن بەوەی ناوچەکە هێشتا ئارام نییە لەهەموو فاکتەرەکان کاریگەرترە".