شارپرێس:
ئێوارەى ئەمڕۆ شەڕو پێکدادان لەنێوان هێزەکانى پاراستنى شنگال(یەپەشە)و سوپای عێراق روویداو تائێستا ئاڵۆزییەکە بەردەوامە.
قاسم حەجۆ ئەندامى ئاسایشى ئێزیدیخان لە سنونێ بەشارپرێسی راگەیاند، ئێوارەى ئەمڕۆ شەڕ لەنێوان هێزەکانى ئاسایشى سنونێ و هێزێکى سوپای عێراق روویداوەو بریندار لە هەردوو لاش هەیە، بەڵام کوژراویان نییەو لەلایەنى سوپای عێراقیشەوە زانیارى نییە کوژراو هەیە یان نا.
سەبارەت بە هۆکارى شەڕەکەش قاسم حەجۆ ئاشکرای کرد کە ئەمڕۆ چەند جارێک سوپای عێراق داوایان کردوە کردوە کە ناوچەکە چۆڵ بکەن و ئەوان بچنە شوێنیان بەڵام داواکەیان لەلایەن ئاسایشى ئێزیدیخانەوە رەتکراوەتەوە.
هەروەها ئەوەشى خستەڕوو، کە بەهۆی رەتکردنەوەى داواکارییەکەیان ئێوارەى ئەمڕۆ هێزێکى سوپای عێراق ویستوویەتى لەنزیک شوێنى نیشتەجێبوونى سنورە دەروازەیەک دابنێن و رێگە بە جموجۆڵی هێزەکانى ئاسایشى ئەوان نەدەن، بۆیە ئەوانیش رووبەرووی هێزەکەى سوپای عێراق بوونەتەوەو شەڕ لەناو ماڵان روویداوە.
ئەو کارمەندەى ئاسایشى ئێزیدیخان باسی لەوەشکرد، دوای روودانى شەڕەکە هێزێکى پاراستنى شنگالیش گەیشتوونەتە شوێنى شەڕەکە، لەبەرامبەردا هێزێکى زیاترى سوپای عێراقیش هاتووەو شەڕەکە فراوانتر بووە.
بەوتەى قاسم حەجۆ، ناوچەکە ئارام نییەو ناوە ناوە شەڕ دەوەستێت و دەست پێدەکاتەوە، هاوکات رەتیشیکردەوە هیچ هێزێکى گەریلای پەکەکە لەسنورەکە هەبێت.
س.هـ