شارپرێس:
نوێنەری حکومەتی ھەرێم لە فەرماندەیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق رایدەگەیەنێت، تا ئێستا ھیچ بەندێکی ڕێککەوتنی ھەرێم و بەغدا بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی شنگال جێبەجێ نەکراوە، لە داھاتوودا کێشەی گەورە لە جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنی شنگال دەکەوێتەوە.
لیوا عەبدولخالق تەلعەت، نوێنەری حکوومەتی ھەرێم لە فەرماندەیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندوە، تا ئێستا ھیچ بەندێکی ڕێککەوتنی ھەرێم و بەغدا بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی شنگال جێبەجێ نەکراوە، لە داھاتوودا کێشەی گەورە لە جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنی شنگال دەکەوێتەوە.
تەلعەت دەشڵێت، ئەگەر ڕەوشی شنگال بەو شێوەیە بمێنێتەوە و ھێزەکانی سەر بە پەکەکە و ھەموو ئەو ھێزانەی دیکەی ناشەرعین لە شوێنی خۆیان نەکشێنەوە، ئەوە حکوومەتی عێراق ناچار دەبێت بە زەبری ھێز لەنێو شنگال و دەوروبەری وەدەریان بنێت.
ئەو بەرپرسەی حکوومەتی ھەرێم ئاماژەى بەوەشکردوە، ھەتا ئەو گرووپە چەکدارانەی لە شنگال دەرنەچن، ئەوە ڕێگری سەرەکین لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان و حکوومەتی خۆجێی شنگال، چونکە ئەوانە ئاستەنگ بۆ دانانی قایمقام و بەرپرسانی حکوومەتیش دروست دەکەن.
لیوا عەبدولخالق تەلعەت ئەوەشى خستەڕوو کە ھێزەکانی پەکەکە لە شنگال ڕێگری دەکەن لە ھەموو ڕوویەکەوە بۆ ئەوەی ڕەوشەکە ئاسایی نەبێتەوە، ھەتا کاریگەرییان کردووەتە سەر ڕەوشی خزمەتگوزاری و بەڕێوەبردنی ئیدارەی حکومەت لە شنگال.
بەرپرسەکەی حکومەتی ھەرێم روونیکردەوە کە ئەو پێکدادانەی دروست دەبن لەنێوان پەکەکە و ھێزە عێراقییەکان نیشانەی ئەوەن کە بوونەتە سەرچاوەی کێشە لە شنگال.