شاندێکی باڵای عێراق گەیشتە شنگال

کوردستان

21/04/2022‌ 3122 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای ئەو گرژیی‌و ئاڵۆزیەی لەچەند ڕۆژی ڕابردوو ڕوویدا، ئەمڕۆ پێنجشەممە شاندێكی باڵای ئەمنی بەسەرپەرشتی سەرۆك ئەركانی سوپای عێراق گەیشتنە قەزای شنگال.


شاندەكە پێكهاتووە لەهەریەك لەقاسم ئەعرەجی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی، لیوا ڕوكن عەبدولئەمیر ڕەشید یارەڵا جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان، لیوا ڕوكن عەبدولئەمیر ئەلشەمری بەڕێوەبەری هەواڵگری سەربازیی‌و فەرماندەی هێزی زەمینی لیوا قاسم محەمەد.

سەرچاوەیەكی ئەمنی بەمیدیا عێراقییەكانی وتووه‌، بەمەبەستی بینینی ئەو دۆخە ئەمنیەی چەند ڕۆژێكە لەشنگال دەگوزەرێت، شاندە ئەمنیەكە ئه‌و سه‌ردانه‌ى ئه‌نجامداوه‌.

گەیشتینی ئەم شاندە لەكاتێكدایە، ماوەی چوار ڕۆژە گرژییەكانی نێوان هێزەكانی ئاسایشی ئێزدخان‌و هێزە ئەمنییەكانی عێراق وەك خۆیان بەردەوامن‌و مه‌ترسى پێكدادانى قورسى سه‌ربازیی ده‌كرێت.