شارپرێس:
لەماوەی ڕابردوودا هێزه‌كانی توركیا هێرشه‌كانیان بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات چڕترکردۆتەوە، چاودێرانیش باس لەوەدەکەن، ترس هەیە تورکیا سه‌رقاڵیی جیهان به‌شه‌ڕی ڕوسیا‌و ئۆكرانیاوە بقۆزێتەوەو هاوشێوه‌ی 2018و 2019، هێرشبكاته‌وه‌سه‌ر ڕۆژئاوای كوردستان‌و هه‌ندێك ناوچه‌ی تر داگیربکات.
به‌رپرسانی ڕۆژئاوای کوردستانیش توركیا به‌وه تۆمه‌تبارده‌كه‌ن، پابه‌ندنابێت به‌و ڕێكه‌وتنی ئاگربڕه‌ی لەڕابردوودا له‌گه‌ڵ هەریەک لەمۆسكۆو واشنتۆن ئیمزای كردوه.
پێگەی (نۆرس پرێس) له‌زارى نوری مه‌حمود وته‌بێژی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل (یەپەگە)وه مه‌ترسی ئه‌وه‌ی خستۆتەڕوو کە ڕەنگە توركیا دۆخی نێوده‌وڵه‌تی بقۆزێته‌وه‌و پێگه‌ی ستراتیژی خۆی له‌شه‌ڕی ئۆكرانیا‌و ڕوسیا، به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی هێرشێكی نوێ بۆسه‌ر ڕۆژئاوای كوردستان بەکاربهێنێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە سوپای تورکیا له18ی ئەم مانگەوە ئۆپراسیۆنێكی سه‌ربازیی نوێیان بۆسەر پێگەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) له‌ناو خاکی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستپێكردووه.
بەرپرسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان ئه‌وه‌شى وتووه، "ئه‌گه‌رێكی جدی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی توركیا دژ به‌ڕۆژئاوای كوردستان هێرشێكی نوێ ئه‌نجامبدات."
هه‌رچه‌نده توركیا تائێستا بەفەرمیی هیچ ئۆپەراسیۆنێكی سه‌ربازی له‌ڕۆژئاوای كوردستان ڕانه‌گه‌یاندووه، به‌ڵام ڕۆژانە سوپای ئەو وڵاتە لەڕێگای تۆپباران‌و بەکارهێنانی درۆنەوە سەرکردەو پێگەکانی سەر بەهێزەکانی سوریای دیموکرات هەر لەکۆبانێوە تادەگاتە عەین عیسا‌و تەلتەمر بەئامانج دەگرێت.
چاودێرانیش باس لەوەدەکەن، به‌پێی پێشهاته نوێییه‌كان، هه‌ست به‌وه ده‌كرێت له‌نێوان ئه‌نكه‌ره‌و دیمه‌شق هه‌ماهه‌نگی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ته‌نگ به‌به‌ڕێوه‌به‌رێتی خۆسه‌ری ڕۆژئاوای کوردستان هه‌ڵبچنن.
یان لەوانەیە له‌نێوان توركیا‌و ڕوسیاشدا به‌هه‌مانشێوه لێكتێگه‌شتنێك هه‌بێت، به‌وپێیه‌ی هاوكات له‌گه‌ڵ چڕكردنه‌وه‌ی هێرشه‌كانی توركیا، حكومه‌تی سوریاش له‌حه‌له‌ب‌و ناوچه‌ی شه‌هبا له‌ڕێگه‌ی پرۆسه‌ی چاره‌سه‌رییه‌وه له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه ڕۆڵی سیاسی ئه‌نجومه‌نی سوریای دیموكراتی له‌ناوچه‌كه كۆتایی پێبهێنێت.
لەوبارەیەوە، به‌دران چیاكورد جێگری هاوسه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی جێبه‌جێكردن له‌ئیدارەی خۆسه‌ر ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه، توركیا به‌مه‌به‌ستی له‌ناوبردنی پڕۆژه‌ی دیموكراتی‌و ده‌ستكه‌وتی پێكهاته‌كانی ناوچه‌كه‌و كورد، له‌گه‌ڵ هه‌موواندا ڕێکدەکەوێت.
هەروەک وتویەتی:"په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا‌و دیمه‌شق نه‌پچڕاون‌و جۆرێك بۆ دژایەتییکردنی ئیدارەی خۆسەر ڕێكه‌وتن له‌نێوانیاندا هه‌یه".
ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌دیمه‌شق له‌پێگەی تایبەتی خۆی له‌تۆڕی کۆمەڵایەتیی فه‌یسبوك ڕایگەیاند، "هه‌ست به‌نیگه‌رانییه‌كی زۆر ده‌كه‌ن له‌باره‌ی ئه‌و ڕاپۆرتانه‌ی باس له‌تۆپباراکردنی كۆبانێ ده‌كه‌ن‌و نیگەرانی خۆیان ده‌رده‌بڕین بۆ ئه‌و زیانه گیانیانه‌ی بەر خه‌ڵكی مەدەنیی دەکەوێت.
گوماندەکرێت نیگه‌رانییەکانی ئه‌مریكا وەک ئاماژەیەک دەخوێنرێتەوە بۆئه‌وه‌ی گرژكردنی سه‌ربازی دۆخه‌كه له‌لایه‌ن توركیاوه به‌ئاراسته‌ی هێرش هه‌نگاوبنێت‌و ئیدانه‌یه‌كی میدیایی ئه‌مریكاش له‌فه‌یسبوك ناجدییه‌تی ئه‌و وڵاته پیشانده‌دات له‌به‌رگرتن له‌هه‌ر هێرشێكی توركیا.
لای خۆیشییەوە، مه‌حمود حه‌بیب وته‌بێژی لیوای باكوری دیموكراتی كه یه‌كێكه له‌پێكهاته سه‌ربازییه‌كانی ناو هێزه‌كانی سوریای دیموكراتی (هه‌سه‌ده) ڕۆژی یه‌كشه‌ممەی ڕابردوو ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه، "حكومه‌تی توركیا هه‌وڵده‌دات ده‌ستبگرێت به‌سه‌ر هێڵی سنوریی له‌ڕێگه‌ی توندكردنه‌وه‌ی هێرشه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی بۆ سه‌ر ناوچه‌كه به‌مه‌به‌ستی گۆڕینی دیموگرافیای ناوچه‌كه‌و ڕاگواستنی دانیشتوانه‌كه‌ی".
هەروەک وتویەتی:"هه‌وڵی توركیا بۆ ئەوەیە له‌ڕێی تۆپباران‌و ڕاگوازستنی دانیشتوانه‌كه‌یی‌و دروستكردنی ڕاڕه‌وێك كه عه‌ره‌ب‌و توركمان ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ریدا هه‌بێت دەیەوێت بەقوڵایی 35 کیلۆمەتر دەستبەسەر ئەو هێڵی سنوورییەدا بگرێت، ئه‌مه‌ش هاوكات ده‌بێت له‌گه‌ڵ نزیكبونه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی توركیا‌و سه‌رقاڵبوونی جیهان به‌جەنگی نێوان ڕوسیا‌و ئۆکرانیا.
له‌لایه‌كی تره‌وه مه‌حمود حه‌مزه شرۆڤه‌كاری سیاسی نیشته‌جێی مۆسكۆ ڕایگەیاندووە، "پێشبینیده‌كرێت توركیا به‌چاودێری ئه‌مریكا ناوچه‌یه‌كی ئارام دروستبكات‌و هه‌سه‌ده دوربخاته‌وه له‌سنوره‌كانی توركیا كه چه‌ندین ساڵه داوای ئه‌وه ده‌كات".