میدیاى په‌كه‌كه‌ زانیارییه‌كى مه‌ترسیدار ئاشكراده‌كات

کوردستان

02/05/2022‌ 15286 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

میدیاى نزیك له‌پارتى كرێكارانى كوردستان زانیارییه‌كى هه‌ستیارو مه‌ترسیدار له‌باره‌ى توركیاو پارتى دیموكراتى كوردستانه‌وه‌ ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "تورکیا زیاتر لەپێنج هەزار چه‌كداری بیانیی لەڕۆژئاوای کوردستان‌و سوریاوە بەسنوورەکانی پارتیدا گواستووەتەوە بۆ ناوچە سنورییەکانی باشووری کوردستان‌و بەشداریی شەڕی گەریلاو داگیرکردنی باشووری کوردستانیان پێدەکات".


ڕۆژنیوز ئاشکرایكردووه‌، تورکیا لەهێرش‌و داگیرکاریی ئەمجارەی بۆسەر گەریلاو باشووری کوردستان، چه‌كدارانى (بەرەی نوسرە، ئیخوان موسلیمین، تەحریر شام، ئەحرار شام‌و سوپای بەناو ئازادى سوریا) بەکاردەهێنێت، کە پێشتر لەسوریا شەڕیان بۆكردووه‌.

ماڵپه‌ڕه‌كه‌ به‌پشتبه‌ستن به‌سه‌رچاوه‌ى تایبه‌تى خۆى ئه‌وه‌شى بڵاوكردۆته‌وه‌، "ئەو چه‌كداره‌ بیانیانه‌ پێشتر لەناو گرووپەکانی، بەرەی نوسرە، ئیخوان موسلیمین، تەحریر شام، ئه‌حرار شام‌و سوپای ئازاددا بوون‌و لەگەڵ سوپای تورکیاو چه‌كدارانى داعش لەهێرش‌و داگیرکارییەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان بەشدارییان کردووە".

ئه‌وه‌ش باسكراوه‌، "چه‌كداره‌ بیانیه‌كان پلانیان هەیە کە لەداهاتوودا بەجلی پێشمەرگەوە ببرێنە ناوچەی شەڕو دژی گەریلا شەڕیان پێبکرێت، ئەمەش بۆ ناو زڕاندنی پەکەکە، بۆئەوەی لەمیدیاکانەوە بڵێن پەکەکە تەقە لەپێشمەرگە دەکات".

ئه‌وه‌ش هاتووه‌، "ئێستا دەنگۆی دروستبوونی دوو لیوای نوێ هەیە لەتورکمانەکان‌و سوننەکانی ناوچەی موسڵ‌و دەورووبەر، ڕەنگە ئەمانەش بکرێنە مەکینەی ئەم شەڕە".

ش.هـ