شاندێكی باڵای سەربازی گەیشتنە شەنگال و جەخت لەسەر وەرگرتنی ئاسایشی ناوچەكە دەكەنەوە

کوردستان

03/05/2022‌ 1216 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

شاندێكی باڵای سەربازی عێراق گەیشتنە قەزای شەنگال و جەختیاكردەوە لەسەر سەپاندنی ئاسایش لە شەنگال و لەوبارەیەوە ڕێنماییان بە هێزە سەربازییەكانی عێراقدا.


بەیانی ئەمڕۆ، شاندێكی باڵای سەربازی عێراق کە پێکهاتوون لە هەریەکە لە عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا، سەرۆکى ئەرکانى سوپاى عێراق، عەبدولئەمیر شەمەری جێگیری فەرماندەی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکان، قاسم ئەعرەجى، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی، حەمید شەتری، بریکاری دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی و قاسم محەمەد ساڵح، بەڕێوەبەری ھەواڵگریی سەربازیی و فەرماندەی ھێزەکانی وشکانییەکانى عێراق لە بەغداوە گەیشتوونەتە شارۆچکەی شەنگال لە ڕۆژئاوای پارێزگای نەینەوا.

لەو سەردانەیاندا، جێگری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ڕایگەیاند، کە ناوچەی شەنگال سەلامەتە و هیچ جموجوڵێكی چەکداریش نییە و هاوکات ئەوەشی خستە ڕوو کە سوپا و پۆلیسی ناوخۆ لە ئەركدا ئامادەن.

شەمری و یارەڵا، ڕێنماییان بە هێزە سەربازییەكانی عێراقدا لەسەر پێویستی سەپاندنی ئەمنییەت وئاسایش و لە قەزای شەنگال.

هەروەها، لیوا تەحسین خەفاجی، وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق وتی: جگە لە سوپا و پۆلیسی ناوخۆ هیچ جۆرە دەرکەوتێکی چەکداری لە ناو قەزای شەنگالدا نییە و هەندێک هەوڵیان داوە هەندێک لە ڕێگا سەرەکیەکان بلۆک بکەن و ئەو پێشێلکارییانە لە ڕێگەی سوپاوە لابراوە.

لە شەوی یەكی ئەم مانگەوە، شەڕ و پێدادان لە نێوان سوپای عێراق و هێزەكانی پاراستنی شەنگال ـ یەبەشەدا لە شەنگال دەستپێکردووە و شەڕ و ئاڵۆزیی بەردەوامە و  لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمڕۆی سوپای عێراق و یەبەشەدا سەربازێکی سوپای عێراق کوژرا.

لەسەر ئەو پرسە، ماجید سەید ساڵح، جێگری پارێزگاری دھۆک بە بە میدیاكانی نزیك لە پارتی وت: تا ئێستا زیاتر لە 600 خێزانی شەنگال کە نزیکەی سێ هەزار و 500 کەس دەبن بەھۆی ئاڵۆزییەکانی شەنگال ئاوارەبوون و گەیشتوونەتە سنووری پارێزگای دهۆک.

جێگری پارێزگاری دھۆک ویشی: کارگێری پارێزگاری دھۆک ھەموو ئامادەکارییەکی کردووە بۆ جێگرکردنیان لە کەمپەکانی سنووری پارێزگای دھۆک.

هەر لەو بارەیەوە دوێنێ، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لەبارەی شەڕ و پێكدادانەكانی نێوان سوپای عێراق و یەبەشەوە لە تویتەری خۆی بڵاویكردەوە، زۆر نیگەرانین لە هەمبەر پێکدادانەکانی شەنگال و لێکەوتە خراپەکانی بۆ سەر هاوڵاتیانی سڤیل.

یونامی جەختیش دەکاتەوە، کە پێویستە ئاسایش و سەقامگیریی شەنگال لەسەروی هەموو شتێک بێت، دەشڵێت: ئەوان لە ڕابردوودا ئازاری زۆریان چەشتووە و شایستەی ئاشتین لە سایەی دەسەڵاتی دەوڵەتدا.

لە بەشێكی تری تویتەكەی نەتەوە یەكگرتووەكاندا هاتووە: تێکدەرانی ناوخۆیی و دەرەکی لە شەنگال جێیان نابێتەوە.

س.س