چی لەشەنگال دەگوزەرێت؟.. ڕۆڵی پارتی لەو قەیرانەدا چییە؟

کوردستان

03/05/2022‌ 2454 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا قەزای شەنگال بەهۆی گرژیی و بەیەکدادانی نێوان هێزەکانی پاراستنی شەنگال (یەبەشە) و هێزەکانی سوپای عێراق بەتایبەت لیوای 72، بەدۆخێکی ئەمنیی گرژدا تێپەڕیکرد و بەهۆیەوە سەدان خێزان بەئاڕاستەی قەزای شێخان و ناوچەکانی تری هەرێمی کوردستان ئاوارە بوونەوە.


لەوبارەیەوە، غانم خەلیل چالاکی ئێزیدی وتی: ڕێگاکانی هاتن بەرەو قەزای شەنگال سەرجەمیان گیراون، بەردەوامیش فڕۆکە جەنگییەکان بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا دەسووڕێنەوە، سوپای عێراقیش لەدەروازەکانی شارەکە و ڕێگاکانی چوون بەرەو ناحیەی سنوونێ بڵاوەیان پێکراوە.

بەوتەی خەلیل، دۆخی ئەمنیی ناوەندی قەزای شەنگال سەقامگیرە و سوپای عێراق کۆنترۆڵی ئەمنیی شارەکەی بەدەستەوەیە، بەڵام ڕووداوەکان زیاتر لە ناحیەی سنوونێ و کۆمەڵگەی خانسۆڕ و کۆمەڵگەی حەتین دەگوزەرێن، کە سەرجەمیان دەکەونە پشتی چیای شەنگال و بەئاراستەی هێڵی سنووری لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستان.

سەرچاوەیەکی ئەمنییش لەناو شەنگالەوە باسی لەوەکردووە، کە ئەم بەیانییە دۆخی ئەمنیی سەقامگیرە، لەکاتێکدا شەوی رابردوو شەڕ و پێکدادانی قورس روویانداوە.

هەروەک وتویەتی: لەچەندین لاوە هەوڵی نێوەندگیری لەنێوان سوپای عێراق و یەبەشە دەدرێت، بەتایبەت پیاوانی ئایینی و ریش سپیی و کەسایەتییەکانی شەنگال و نەینەوا بەگشتیی هاتوونەتە سەرخەت، باس لەوەش دەکرێت کە فالح فەییازی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی دەگاتە ناوچەکە و سەرپەرشتیی دۆخی ناوچەکە دەکات.

هەر لەوچوارچێوەیەدا سەرچاوەیەک لەناوچەکەوە باسی لەوەکردووە، کە نزیکەی 648 خێزان لەناوچەی سنوونێ و خانسوور و بەئاراستەی هەرێمی کوردستان ئاوارەبوون، بەڵام ئەم بەیانییە بەهۆی وەساتنی شەرەکان و بوونی هەوڵی نێوەندگیریکردن پڕۆسەی ئاوارەبوونی خەڵک وەستاوە.

ڕۆڵی پارتی لەو ڕووداوانەدا چییە؟

سەعید بەتووش سەرۆکی پارتی پێشکەوتنی ئێزیدی وتویەتی: پارتی دیموکراتی کوردستان هەوڵی تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە و درووستکردنی فیتنە و ئاژاوە لەناو قەزای شەنگال و ناوچەکانی دەوروبەری دەدات.

هەروەک وتویەتی: پارتی دەیەوێت پێشمەرگە و ئاسایشی خۆیان بگێڕنەوە بۆ ناوچەکە و ئەو ڕێککەوتنەی ساڵی رابردوو لەگەڵ بەغدا کردوویانە جێبەجێی بکەن، ئەوەشی ئێستا دەگوزەرێت باشترین رێگایە بۆئەوەی بڕوا بە رای گشتیی و ئێزدییەکان بهێنن بۆئەوەی هێزە ئەمنییەکانی خۆیان بۆ ناوچەکە بگێڕنەوە.

باسی لەوەشکردووە کە پارتی و میدیاکانی سەر بەو حیزبە هەوڵی گەورەکردنی رووداوەکان و درووستکردنی هەواڵی هەڵبەستراو دەدەن، لەکاتێکدا دەبوو حکومەتی عێراق لەو پرسەدا ژیرانەتر مامەڵەی کردبایە.

بەدرۆخستنەوەی چەواشەکارییەکانی پارتی

فەهد حامید سیاسیی ئێزیدی لەلێدوانێکدا بە میدیا عێراقییەکانی وتووە: ئەوەی پارتی بانگەشەی بۆدەکات گوایە هێزەکانی پاراستنی شەنگال لەبەرژەوەندی پارتی کرێکارانی کوردستان پڕۆسەی کوشتن و رفاندنی منداڵان و بەسەربازگرتنی کچان ئەنجام دەدەن دوورە لەراستییەوە.
حامید دەشڵێت: ئەو بانگەشانە سەرلەبەریان درۆن و هیچ راستییەکیان تێدا نییە، ئەوەشی روودەدات فیتنەیەکە پێشتر لەلایەن پارتییەوە پلانی بۆ داڕێژراوە، لەکاتێکدا پێشتر خۆیان لەچاوترووکانێکدا خەڵکی شنگالی جیهێشت و چارەنووسی خستنە بەردەستی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش.

جەختیشی کردۆتەوە لە خەڵکی بێلایەن دەتوانن بێنە شەنگال و راستییەکان لەنزیکەوە بزانن.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی